دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دەستبەجێ پێناسی گومرکی لەسەر کەلوپەلی چینی بۆ ٪125 بەرز دەکاتەوە، ئەمەش بەرزبونەوەیەکی نوێیە لە گرژییە بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵات.
دۆناڵد ترەمپ، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "Truth Social" بڵاوی کردەوە، "لەبەرئەوەی چین رێز لە بازاڕە جیهانییەکان ناگرێت، لێرەوە ئەو پێناسە زیاد دەکەم کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر چیندا سەپێنراوە بۆ٪125، کە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارین لە داهاتویەکی نزیکدا چین درک بەوە بکات کە رۆژانی بەکارهێنانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کۆتایی هاتووە و چیتر ئەو کارە قبوڵکراو نیە".
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ بڕیاریدا پێناسی 10٪ بۆ ماوەیەک رابگرێت. وتیشی، "من رێگەم داوە بە راگرتنی کاتی بۆ ماوەی 90 رۆژ، لەگەڵ کەمکردنەوەی باجی بەرامبەر بە رێژەی 10٪ لەم ماوەیەدا، کە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت".
هەروەها ترەمپ رونی کردەوە، "زیاتر لە75 وڵات پەیوەندییان بە نوێنەرانی ئەمەریکاوە کردوە، بۆ دانوستان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە لەژێر گفتوگۆدان و پەیوەستن بە بازرگانی، بەربەستە بازرگانییەکان، گومرگی، دەستکاریکردنی دراو، و باجی نەدراو".
چەند زانیارییەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ماوەی ساڵانی دواییدا بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزیدا بووە، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و تەکنەلۆژیادا. لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ (2017-2021)، شەڕێکی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد کە تیایدا هەردوو لا باجی بەرزیان بەسەر کەلوپەلی یەکتردا سەپاند.
لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانونی دووەمی 2025، سیاسەتی "ئەمەریکا لە پێشەوە" جارێکی دیکە بووەتە بنەمای کارکردنی ئیدارەکەی و ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین هەبووە.
شایەنی باسە، ئابووری هەردوو وڵات بە قوڵی پەیوەندیدارن بە یەکترەوە، وەک دو گەورەترین ئابوری جیهان. بێجگە لە پرسی بازرگانی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین کێشەی دیکەشیان هەیە، لەوانە پرسی تایوان، مافەکانی مرۆڤ، سیخوڕی، هەژموونی زلهێزی لە ناوچەی ئاسیای پاسیفیک، و هەڵسوکەوتی چین لە دەریای باشوری چین.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی ترەمپ دەربارەی بەرزکردنەوەی باج بۆ 125٪ پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان و نرخی کەلوپەل هەبێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چین بە شێوەیەکی هاوشێوە وەڵامی ئەم هەنگاوە بداتەوە.
لە کاتێکدا شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین پەرەی سەندووە، ئەڵمانیا هۆشداری دا کە یەکێتی ئەورووپا هەڵوێستێکی هاوبەشی دەبێت بەرامبەر پێناسی گومرکی هەردوو وڵات.
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەڵامێکی هاوبەشی پێناسەی گومرکی ئەمەریکا و چین دەدەینەوە".
راوێژکاری ئەڵمانیا دوایین باجەکانی ترەمپی بە "هێرشکردنە سەر سیستەمێکی بازرگانی و خۆشگوزەرانیی لە سەرانسەری جیهاندا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەگەر دانوستانەکان لەبارەی پێناسە گومرکییەکان شکستیان هێنا، ئەوە یەکێتی ئەورووپا وەڵامی ئەو باجانە دەداتەوە".
شۆڵز لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە "پاڵپشتییەکی گشتگیر لە ئۆکراین دەکەین" و دووپاتی کردەوە کە "کۆتایی بە کۆچی نایاسایی دەهێنین".
سەرچاوەیەکی بەرزی ئابووری لە یەکێتی ئەورووپا بە رۆیەرزی راگەیاند کە "بڕیاری باجەکانی ئەمەریکا زیانی گەورە بە ئابووری جیهان دەگەیەنێت و یەکێتی ئەورووپاش ناچارە هەڵوێستی هەبێت".
شایانی باسە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی چین لە وەڵامی باجە گومرکییەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممە ڕێژەی باجی گومرکی بەسەر کەلوپەلەکانی ئەمەریکا لە ٪34ـەوە زیاد دەبێت بۆ ٪84 هەروەها نزیکەی شەش کۆمپانیای ئەمەریکاییان خستووەتە نێو لیستی رەشەوە و 12 کۆمپانیای دیکەشیان خستووەتە ژێر چاودێریی حکوومەتەوە.
شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن کە ئەم تەنگژەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی جیهانی هەبێت و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنانیان لە بواری گەشتوگوزاردا تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(9/4/2025) لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بەوەی لەماوەی رابردوودا ئاستی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەرێم و یۆنان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش لە دوای دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانییەوە رێژەی سەردانکردنی گەشتیار لەنێوان هەردوولادا بەرزتر بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە گرنگی زانی سود لە ئەزمونی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی یۆنان وەربگیرێت. لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد وڵاتی یۆنان کارئاسانی بکات بۆ ئەو خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت لە بواری گەشتوگوزاردا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا بخوێنن. لەمبارەیەوە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ کارئاسانیکردن بۆ خوێندکارانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەر لە پێناو پتەوترکردنی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەردوو وڵات، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی ئۆلگا کیفالۆیانی کرد سەردانی کوردستان بکات کە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد و رایگەیاند لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

چین لە وەڵامدانەوەی توندی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا، بڕیاری دا باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلی ئەمەریکا زیاد بکات و ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی بخاتە لیستی ڕەشەوە، ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی شەڕی بازرگانی نێوان هەردوو زلهێزەکەیە.
بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی چین کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە سبەینێ پێنجشەممە وە، رێژەی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلی ئەمرریکا لە ٪34ـەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ٪84
هاوکات، وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند کە شەش کۆمپانیای ئەمریکیی خستوەتە نێو لیستی رەشەوە و 12 کۆمپانیای دیکەشی خستوەتە ژێر چاودێریی حکومەتەوە.
لە بەرامبەردا، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هۆشداری دایە چین و گوتی: "چین لەو بڕیارە پەشیمان دەبێتەوە و خۆی زەرەمەندی یەکەمە تیایدا، ئەوان پێنج هێندەی ئێمە کەلوپەل هەناردەی ئەمەریکا دەکەن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتی: "بەداخەوەم بۆ ئەوەی چین پەرەسەندنی کێشەکانی بەسەر گفتوگۆکردندا هەڵبژارد، ئەمەش هیچ نییە بێ لە پێشێلکاریی کردن لە سیستەمی بازرگانیی جیهان."
سەبارەت بە ئەگەری دەرکردنی پشکەکانی چین لە بۆرسەی ئەمریکا، باسێنت گوتی: "هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، بڕیارەکەش بە دەست دۆناڵد ترەمپە و ئەم بابەتەش گفتوگۆی لە بارەیەوە دەکرێت."
شایانی باسە، هەر ئەمڕۆ چین سکاڵایەکی نوێی لەسەر ئەمەریکا لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی تۆمار کرد. دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی چین، نرخی زێڕ بە ڕێژەی ٣٪ لە بۆرسەی جیهانی بەرز بووەوە، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
پێشتر، وەزارەتی بازرگانی چین هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی باجەکان بەردەوام بێت و قەبارەی بازرگانییەکان سنوردار بکات، ئەوا چین "تا کۆتایی شەڕی بازرگانی" لەگەڵ ئەمەریکا درێژە پێدەدات.
بڕیارە سبەینی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە و پڕۆسەی ئاشتی تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە دەبێت و وتەبێژی ئاكەپەش دەڵێت، ئامانج لە كۆبوونەوەكە كاركردنە بۆ توركیایەكی بێ تیرۆر.
لەوبارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سبەینێ لەگەڵ وەفدێکی دەمپارتی کۆدەبێتەوە.
وتیشی، "دەمانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و ئاشتی لە وڵات بەدیبێت"، ئەوەشی خستە روو، "داوا لە پەکەکە دەکەم خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
رۆژی دووشەممەی رابردوو عومەر چەلیك وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان 'ئاكەپە' لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە وەفدی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆ دەبێتەوە و پڕۆسەی ئاشتیی دەچێتە قۆناغی نوێوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، غەززە بووەتە گۆڕەپانی كوشتن و رەخنەی لە ئیسرائیل گرت كە رێگە بە چوونەناوەوەی هاوكارییەكان نادات.
گۆتێرێس بە ڕۆژنامەنووسانی وت، زیاتر لە مانگێك تێپەڕیوە هیچ هاوكارییەك لە خواردن و دەرمان و بابەتی بازرگانی و سوتەمەنی نەچووەتە غەززە و ئیسرائیل ڕێگری دەكات و تۆمەتباریشی كرد بەوەی پابەندی بەڵێنەكانی نەبووە. وتیشی، غەززە بووەتە گۆڕەپانی كوشتن.
لە بەرامبەردا، ئورین مارمورستین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی گۆتێرێس وتی، هیچ كەموكوتییەك لە هاوكارییەكان لە كەرتی غەززە نییە و بزووتنەوەی حەماس بەكاریاندەهێنێت بۆ بنیاتنانەوەی خۆی.
ئیسرائیل رۆژهەڵاتی لوبنانی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەك كۆگای چەك و تەقەمەنی حیزبوڵای كردوە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە چەند بنكەیەك لە ناوچەی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانییەوە بۆردومان كراوە.
لە راگەیەندراوەكەی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە كراوە ئەو شوێنانەی بۆردومان كراون كۆگایی چەك و تەقەمەنی حیزبوڵای لوبنان بوە و ئەوەش بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێت.
لە لایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاوی كردەوە كە سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەكی لە شارۆچكەی سەفییە سەر بە شاری بەعكبەكی بۆردومان كردووە.
هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان لە كاتێكدایە لە 27ی مانگی 11ی ساڵی رابردوەوە ئاگربەست راگەیەنراوە بەڵام ئیسرائیل جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەنها بنكەكانی حیزبوڵای كردوەتە ئامانج.
كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن.
كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا هەنگاو دەنێت.
ئەوەشی خستەڕو، سەرۆكی ئەمریكا لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی دوو بژاردەی داوەتە تاران، یان رێككەوتن دەكات یاخود باجەكەی دەدات، هەروەها روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی ئەنجامنەدات، ئەوا سزایەكی توند چاوەڕێی دەكات.
وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆكانی رۆژی شەممەی داهاتوو لەنێوان ئەمریكا و ئێران بەشێوەی دانوستانی راسەوخۆ لە عەممان دەبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو دانوستان لەنێوان واشنتۆن و تاران لە عەممان دەستپێبكات و دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، گفتوگۆكان راستەوخۆ دەبێت
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكات و رۆژی چوار شەممەش ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا سعودییەكەی كۆدەبێتەوە.
ئیدارەی ترەمپ بە نیازە رۆژانە 998 دۆلار سزای ئەو کۆچبەرانە بدات کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، هەر کۆچبەرێکیش نەتوانێت ئەو پێبژاردنە بدات دەستبەسەر موڵکەکانیدا دەگیرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستمان کەوتووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە نیازە سزای نوێ بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا بسپەێنێت کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە و رۆژانە بە 998 دۆلار سزا دەدرێن.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، یاساکە بە ماوەی پێنج ساڵ جێبەجێ دەکرێت، هەر کۆچبەرێکیش نەتوانێت ئەو سزایە بدات دەستبەسەر موڵکەکانیاندا دەگیرێت.
لە بەرانبەردا وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکا نیشتەجێن، پێویستە ئەپیلیکەیشنی CPP Home بەکاربهێنن "بۆ دیپۆرتکردنەوەی خۆیان و دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم کارە نەکەن، ئەوا روبەڕوی سزاکان دەبنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەگەر ئەو سزایە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر دەگرێتەوە، کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەجی ئەمساڵەوە، کۆتایی ئەم مانگە وەک دوا وادە بۆ مانەوەی عەمرەکاران لە مەککە داناوە و دەشڵێت، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان بە بڕی 26 هەزار دۆلار سزا دەدرێن.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاندووە، رۆژی 13ی ئەم مانگە کۆتا وادەی چوونە ناوەوەی عەمرەکارانە بۆ مەککە و پێویستە سەرجەم عەمرەکارانیش تاوەکو 29ی ئەم مانگە مەککە جێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەج لە مانگی داهاتوودا ئەو رێکارانە جێبەجێ دەکەن و داواش لە سەرجەم کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەکەن بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن.
دەشڵێت، هەر دواکەوتنێک لە وادەکەی خۆیان بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت و سزای ئەو کۆمپانیا و لایەنانە دەدرێت کە بەرپرسن لە هێنانی عەمرەکاران، سزاکەش بڕی 100 هەزار ریاڵی سعودی دەبێت، کە بەرانبەرە بە زیاتر لە 26 هەزار دۆلار.
گورگە سامناکەکان دوای تێپەڕبوونی 10 هەزار ساڵ بەسەر لەناوچوونیان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بە سەرکەوتوویی 'دی ئێن ئەی'یان کۆپی کرایەوە و گەڕێنرانەوە بۆ ژیان.
کۆمپانیای Colossal Biosciences" کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، رایگەیاند، زاناکانیان توانیویانە "DNA" لە گورگە بەبەردبووەکان دەربهێننەوە و رێکیبخەن کە مێژووەکەیان بۆ 11 هەزار و 500 ساڵ تاوەکو 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دواتر بەسەرکەوتوویی سێ بەچکە گورگی لێ کۆپی بکەن بە ناوەکانی: رێموس، رێمولوس و خالیسی.
ئەو جۆرە گورگە لە زنجیرە درامای "یاریی تەختە پادشاییەکان" و چەندین فیلمی دیکەدا دەردەکەون و بەو هۆیەوە خەڵکی پێیان ئاشنان.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "CBR"ـی ئەمریکی، بێن لام هاودامەزرێنەری کۆمپانیای کۆڵۆساڵ ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەچکە گورگەکانیان پیشانی جۆرج رایمۆند ریچارد مارتینی نووسەری "یاریی تەختە پادشاییەکان" داوە و راستەوخۆ دەستی کردووە بە گریان.
ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە بەردەوامە لە توێژینەوەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بوونەوەرە لەناوچووەکانی وەک مامۆس و باڵندەی دۆدۆ و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیانیان.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ داوای لە ئەمەریکا کرد بە شێوەیەکی راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی لەگەڵ ئێران بکات کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند؛ کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی 5+1 لە ساڵی 2018 هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بووە. وتەبێژەکە داوای کرد کە ئەمەریکا پابەندی سیاسەتێکی راستگۆیانە بێت، رێز لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگرێت و دەست لە سیاسەتی "فشاری زۆر" بەرانبەر ئێران هەڵبگرێت.
چین رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
بەپێی راگەیاندنەکان، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بڕیارە ڕۆژی شەممە لە عومان کۆ ببنەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندەکان لەو بەروارەدا دەست پێدەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە وەسفی کۆبونەوەکەی کرد بە "ڕاستەوخۆ، کاریگەر" و ئاماژەی بەوە کرد کە "رێککەوتن باشترە لە کردەوەی دیکە" بەتایبەتی کە دۆخەکە گەیشتووەتە "قۆناغێکی مەترسیدار". سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت.
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی چین هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی باجی گومرکی بەسەر ئەو وڵاتەدا لەلایەن ئەمریکاوە، کە لە وەڵامدا چین وتی" تا کۆتایی شەڕی ئەم نابەرانبەرییە دەکەین".
چەند زانیارییەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین و ئێران لە بوارە جیاوازەکان دا:
هاوبەشی ستراتیژی:
- لە ساڵی 2021، چین و ئێران رێککەوتننامەی هاوکاریی ستراتیژیی 20 ساڵەیان واژۆ کرد کە بەڵێنی وەبەرهێنانی نزیکەی 400 ملیار دۆلاری لەخۆگرتبوو
- ئەم رێککەوتنە بوارەکانی ئابوری، سەربازی و ئاسایشی دەگرتەوە
- چین وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئێران بەرامبەر بە فشارەکانی رۆژئاوا و گەمارۆکانی ئەمریکا دەردەکەوێت
پەیوەندییە بازرگانییەکان:
- چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە
- سەرەڕای گەمارۆکان، چین بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ئێران
- وەبەرهێنانی چینی لە ژێرخانی ئێران، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و پیشەسازیدا.
هاوکاریی سیاسی:
- چین زۆرجار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتگیریی ئێرانی کردووە، بەتایبەت لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا
- هەردوو وڵات لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای کاردەکەن
- بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە دژی "هەژموونی ڕۆژئاوایی" یەک دەگرنەوە
هاوکاریی سەربازی:
- بازرگانیی چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازی
- مەشقی هاوبەشی سەربازی لە ساڵانی دواییدا
- هەماهەنگیی ستراتیژی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
پرسی ئەتۆمی ئێران:
- چین هەمیشە لایەنگری ڕێککەوتنی ئەتۆمی5+1بووە
- دژایەتیی گەمارۆکانی ئەمریکای کردووە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنەکە لە 2018
- پشتگیریی دانوستانە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی
نوێترین پەرەسەندنەکان:
- چین رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە لە ساڵانی دواییدا
- پەرەپێدانی رێڕەوی بازرگانیی نوێ لە رێگەی پڕۆژەی "یەک پشتێن، یەک رێگا"
- زیادبوونی هەماهەنگیی ئابووری و دراویی لەگەڵ ئێران بۆ دووربوون لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی
چین وەک هێزێکی گەورەی جیهانی، گرنگییەکی تایبەت دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەهۆی شوێنی ستراتیژی و سەرچاوە سروشتییەکانیەوە. هەوڵدانەکانی ئێستای چین بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکا پیشاندەری ئەو رۆڵەیە کە چین دەیەوێت لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بیگێڕێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل جەختدەکەنەوە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت؛ لە رۆژی شەممەوە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەكات.
كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی ئێران و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات کرا.
لەمیانی کۆبونەوەکەدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند:لە رۆژی شەممەوە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەكات، هەروەها كۆبوونەوەكەی شەممە راستەوخۆ و لەسەر ئاستی باڵا دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر رێككەوتن سەركەوتوو بێت لە قازانجی ئێران خۆیەتی
لە بەرانبەردا نەتەنیاهۆ رایگەیاند: لەگەڵ ترەمپ هاوڕاین نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ پێناسە گومرگیەكانی سەر ئەمریكا هەڵدەگرین، دەشڵێت؛ سوپاسی ئەمریکا دەکەین لە هاوکاریکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل.
ژاپۆن وەفدێك دەنێرێتە ئەمریكا بە ئامانجی دانوستان لەسەر پێناسە گومرگییەكان، ترەمپیش دەڵێت؛ ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ ئەمریكا كردووە.
دوای داواكاری ژاپۆن بۆ پێداچوونەوە بە پێناسە گومرگییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس رایگەیاند، گفتوگۆی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كردووە و بەنیازە وەفدێك رەوانەی ئەمریكا بكات بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پێناسە گومرگیەكان.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەكانی رابردوودا ژاپۆن مامەڵەیەكی خراپی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا كردووە چونكە ژاپۆن ئۆتۆمبێل لە ئەمریكا ناكڕێت بەڵام ئەمریكا ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە ژاپۆنەوە هاوردە دەكات.
پێشتر، چەند سەرچاوەیەكی میدیایی بڵاویان كردبووەوە دۆناڵد ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵپەساردنی پێناسە گومریگیەكان دەكات بۆ ماوەی 90 رۆژ، بەڵام كۆشكی سپی سەرجەم ئەو لێدوانانەی بەدرۆخستنەوە و بە هەواڵی ساختە ناوی بردن.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەینێت: وڵاتەکەی نایەوێت لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەوێتە شەڕەوە جەختی لەوەشکردەوە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە.
ئاژانسی تەنسیم بڵاویکردەوەتەوە، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرایکردوە، لەکاتێکدا واشنتۆن بەردەوام فشار دەخاتە سەرمان و هەڕەشەمان لێدەکات، چۆن دەتوانین دانوستان لەگەڵیاندا بکەین؟
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە باوەڕمان بە دانوستان هەیە، بەڵام بە مەرجێک هەڕەشە و فشارمان لەسەر نەبێت.
سەرۆک کۆماری ئێران راشیگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە "لە ئاستێکی یەکساندا" گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکات، بەبێ ئەوەی ئەگەری بەشداریکردنی تاران لە دانوستانی راستەوخۆدا ڕوون بکاتەوە.
ئەم هەڵوێستەی پزیشکیان دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر داوای لە تاران کردبوو کە گفتوگۆی راستەوخۆی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، هەروەها هەڕەشەی کردەوەی سەربازی کردبوو، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستی هێنا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، باجە گومرگییەكانی وڵاتەكەی رێگریكردوە لەوەی چین تیك تۆك بفرۆشێت.
ترەمپ لەناو فڕۆكەكەی بە رۆژنامەنوسانی وتوە، ئەگەر هەندێك لە باجە گومرگییەكانی لەسەر پەكین كەمبكردایەتەوە، لێپرسراوانی ئەو وڵاتە لە ماوەی 15 خولەکدا بە رێككەوتنێك رازی دەبوون بۆ فرۆشتنی تیك تۆك، ئەوەش گەورەیی كاریگەری باجە گومرگییەكەی ئەمریكا دەسەلمینێت.
تیك تۆك لە ئەمریكا نزیكەی 170 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە و بە هۆكاری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە مەترسی قەدەغەكردنی لەو وڵاتە لەسەرە.