نیویۆرك تایمز: بەهۆی خواردنی ئالیكی ئاژەڵانەوە لە سودان 18 كەس گیانیان لەدەستداوە
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری پزیشكێكی سودانەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە، بەهۆی نەبوونی خواردنەوە بەشێكی دانیشتوانی سودان ئالیكی ئاژەڵ دەخۆن، بەو هۆیەشەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 18 كەس بەهۆی كاریگەرییەكانی خواردنی ئالیكەوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری پزیشكێكی پسپۆڕ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سودان رایگەیاندووە، خەڵكەكە خواردنیان دەست ناكەوێت، بۆیە پەنا دەبەنە بەر خواردنی ئالیكی ئاژەڵان، ئەو پزیشكە ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە تەنانەت خۆشیان بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە ئالیكی ئاژەڵان دەخۆن.
وەك نیویۆرك تایمز باسی دەكات، ئەمباز، ناوی ئەو جۆرە ئالیكەیە كە لە سودان دەدرێت بە ئاژەڵان، بەڵام بەهۆی نەبوونی خواردن ئێستا یەكێكە لە ژەمە سەرەكییەكانی بەشێك لە خەڵكی سودان.
لەلایەكی دیكەوە تیمەكانی فریاگوزاری لە سودان ئەوەیان بۆ نیویۆرك تایمز ئاشكرا كردووە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 18 كەس بەهۆی خواردنی ئەمبازەوە گیانیان لەدەستداوە.