ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، دانوستانی ئاگربەستی ئۆكراین ئاسان نییە و پاڵپشتی فشارەكانی ترەمپ دەكەن بۆ وەستانی شەڕ.
مارك روتە ئەمینداری گشتی ناتۆ بە سەردانێكی چاوەڕواننەكراو گەیشتە شاری ئۆدێسا لە باشووری ئۆكراین و لەوێ چاوی كەوت بە ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین.
روتە رایگەیاند، پاڵپشتی ناتۆ بۆ ئۆكراین بەردەوام دەبێت و هاوشانی گەلی ئۆكراین دەوەستنەوە بەو هیوایەی ئەوان لە داهاتوودا بتوانن چێژ لەو ئازادییە ببینن كە شەڕی بۆ دەكەن.
وتیشی، گفتوگۆی ئاگربەست ئاسان نییە كە ئەمریكا دەستی پێكردووە و پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكەن بۆ فشارەكانی و بەدیهێنانی ئاشتی.
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ لەبارەی پرسی ئەتۆمی کاتێک لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن کە هەموو مەرجەکانی ترەمپ جێبەجێبکرێت، هەروەها پێویستە تاران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت.
ستیف ویکتۆف نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوڕاست، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئێران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت و نەیهێلێت، هەروەها زۆر گرنگە بۆ جیهان کە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئەنجامبدەین.
ستیف ویکتۆف راشیگەیاندووە، کاتێک رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەنجامدەدرێت کە مەرجەکانی ترەمپ جێبەجێبکرێت.
دوای ئەوەی زانکۆی هارڤارد چەند داواکاریەکی حکومەتی ئەمریکای رەتکردەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند کە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە بودجەی زانکۆکە کەمدەکاتەوە و سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: "ئەو سزایانە وامان لێناکەن دەستبەرداری سەربەخۆیی فکری خۆمان ببین"
حکومەتی ئەمریکا لیستێکی بۆ زانکۆی هارڤارد ناردبوو کە تیایدا داوای کردبوو دەسەڵاتی خوێندکاران و پرۆفیسۆرە کاتیەکان کەمبکاتەوە و هاوکات زانیاریان لەسەر چالاکییەکانی خوێندکاران بەتایبەت ئەوانەی کە "دوژمنانە لەگەڵ بەها ئەمریکییەکان" دەجوڵێنەوە، بۆ بنێرێت.
هەروەها دامەزراندنی دەزگایەکی حکومی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی پرۆگرامەکانی هارڤارد "بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژە جولەکە".
ئالان گاربەر سەرۆکی زانکۆی هارڤارد ئەمڕۆ دووشەممە لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی زانکۆکە رایگەیاندوە، حکومەت دەیەوێت زانکۆکە کۆنتڕۆڵبکات. وتیشی: "ئێمە لە رێگەی راوێژکارە یاساییەکانمانەوە بە حکومەتمان راگەیاندوە کە ئەو پێشنیارەی ئەوان قبوڵ ناکەین و ئەم زانکۆیە دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی نابێت و ئەم مافەشی لە دەستوری ئەمریکادا جێگیرکراوە.
ئالان گاربەر ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆی هارڤارد بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە دژە جولەکەی بە جدی وەردەگرێت و حکومەت هەوڵدەدات دەستوەردان لە کارەکانی زانکۆکەدا بکات.
دوای ئەوەی جەزائیر فەرمانی دەرکردنی12 کارمەندی دیپلۆماسی فەڕەنسای لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند؛ ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە هۆشداری دا کە بڕیارەکەی جەزائیر بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارانی فەڕەنسا "جێی داخە و بێ سزا تێناپەڕێت".
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر دوێنێ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە دەوڵەت "بڕیارێکی داوە بۆ دەرکردنی 12 کارمەند کە لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا و نوێنەرایەتییە کونسوڵگەرییەکانی لە جەزائیر کاردەکەن و لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەدان"، هەروەها رایگەیاند کە ئەو کارمەندانە پابەند کراون لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵات بەجێبهێڵن.
حکومەتی جەزائیر بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و رونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دوای دەستگیرکردنی "خۆنمایشانە و ناوزڕاندن" لەسەر ڕێگایەکی گشتی هاتووە کە وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لە 8ـی نیسانی 2025، دژ بە کارمەندێکی کونسوڵگەری جەزائیری ئەنجامیداوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم کارە شەرمەزارییە، کە لەڕێگەیەوە وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا هەوڵدەدات سوکایەتی بە جەزائیر بکات، بە بێبایەخکردنی ئاشکرای پێگەی ئەم فەرمانبەرە کونسوڵگەرییە، بەبێ ئەوەی بچوکترین رەچاوکردنی نۆرم و رێککەوتننامە دیپلۆماسییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتن و پەیماننامە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە".
لە بەرامبەردا، ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند کە وڵاتەکەی وەڵامی گونجاو دەداتەوە و ئەم کارەی جەزائیر بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.
شایانی باسە، ئەم بارگرژییە نوێیە دوای چەند ساڵێک لە هەوڵدانی هەردوو وڵات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان دێت، بەڵام دواتر دووبارە ئاستی گرژییەکان لە نێوان هەردوو وڵات بەرزبووەتەوە.
وەزیری وزەی ئەمریكا دەڵێت، بەمنزیكانە ئەمریكا و سعودیە رێككەوتنێكی مێژویی لەبواری ئەتۆمیدا ئیمزا دەكەن.
كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا كە بە سەردانێك لە سعودیەیە و رایگەیاند، گەشەپێدانی وزەی ئەتۆم لەلایەن سعودیەوە گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت و ریاز لەو كەرتەدا سەركەوتنی گەورەی تۆماركردوە، ئەمریكاش ئامادەكاریی دەكات بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ سعودیە لە بواری ئەتۆمی شارستانی.
وتیشی، سعودیە سەرچاوەی كانزایی گرنگی هەیە لە نێویاندا یۆرانیۆم و خواستیشی هەیە بۆ فراوانكردنی تواناكانی لە بەرهەمێهنانی وزە لە رێی سەرچاوەی ئەتۆمییەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریكا شارەزاییەكی دورودرێژی هەیە لە گەشەپێدانی تەكنیكی وزەی ئەتۆمدا، بۆیە رێككەوتنەكەیان مێژویی دەبێت.
زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ وڵاتەکەی پێش هەر ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەگەڵ روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی ٦٠ خولەکی کەناڵی سی بی ئێس وتی: "تکایە، پێش هەر جۆرە بڕیارێک، هەر جۆرە دانوستانێک، وەرن بۆ بینینی خەڵک، مەدەنی، جەنگاوەر، نەخۆشخانە، کڵێسا، منداڵان کە لەناوچوون یان مردوون".
ئەم چاوپێکەوتنە پێش هێرشە مووشەکییە وێرانکەرەکەی رۆژی یەکشەممەی روسیابو بۆ سەر شاری سومی ئۆکراین، کە بووە هۆی کوژرانی 34 کەس - لەنێویاندا دوو منداڵ - و برینداربوونی 117ـی دیکە.
ترەمپ هێرشەکەی بە "شتێکی ترسناک" وەسف کرد لە کاتێکدا فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا روسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد.
بڵاوکراوەی لۆ پوینتی فەرەنسی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ژنێکی ئێرانیان بەتۆمەتی "ستایشکردنی تیرۆر" دەستگیرکردوە.
ئەو ژنە، ناوی "مەهدیە ئەسفەندیار"ە و تەمەنی 39ساڵە، پیشەی وەرگێڕە و لە 1ـی ئاداری 2024ەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا، ئەو ژنە تۆمەتبارە بەوەی کە پەیامی پشتیوانی لە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر و وێنەی ئەوانی لە کەناڵێکی تێلێگرام بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی پاریس، ئەم پەیامە وەک "هاندانی تیرۆر" و "سووکایەتیکردن بە کۆمەڵگەی جولەکە" دادەنرێت.
ماوەی رابردو، ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ژنی وڵاتەکەی لە فەڕەنسا کرد و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو رون بکاتەوە و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکانی بۆ دابین بکات.
ناوبراو وتی: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە رێگەی باڵوێزخانەی فەڕەنسا لە تاران و باڵوێزخانەی ئێران لە پاریس بەدواداچوونی پێویست سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتیە ئەنجام دەدات.
لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئەندامانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشوری ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 200کەسیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییەدا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس، تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار کوژراو و 116 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.
تیمی پزیشکی کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تەمەنی 78 ساڵە و تا ئێستاش لە تەندروستییەکی زۆرباشدا ماوەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا تیمی پزیشکی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ لە تەندروستی جەستەیی و مەعریفی نایابدایە و بە تەواوی لە توانایدایە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دەوڵەت.
ترەمپ دوی ئەوەی پشکنینی ساڵانەی پزیشکی ئەنجامدا رایگەیاند "هەستێکی باشی هەیە"، ستایشی دڵ و ڕۆح و توانای مەعریفی خۆی کرد.
ترەمپ ئاشکرایکرد، پزیشکەکان "کەمێک ئامۆژگاری"یان پێداوە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیانی کە دەتوانێت تەندروستی باشتر بکات.
ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاندووە: تاقیکردنەوەی مەعریفیم ئەنجامداوە، نازانم چیتان پێ بڵێم تەنها ئەوە نەبێت کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانم بە دروستی داوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بە ناڕاستەوخۆ دەمێنێتەوە.
ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دانوستانەکان بە ناڕاستەوخۆ دەمێننەوە و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد،رەنگە شوێنی خوولی دووەمی دانوستانەکان بگۆڕێت، بەڵام عوممان وەک نێوەندگیر دەمێنێتەوە.
ئەوە لەكاتێدایە كە پێشتر ئەمریكا جەختیدەكردەوە لەوەی كە پێویستە دانوستانەكان دۆسێی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران و بەرنامە موشەكییەكان لە خۆ بگرن .
لە دوای هێرشەكەی روسیا بۆسەر شاری سومی ئۆكراین كە دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە ، ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی سەرۆكی ئۆكراین داوا دەكات فشاری زۆر بخرێتە سەر مۆسكۆ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ .
زیلینسكی رایگەیاندوە ، ئەو هێرشەی كە روسیا بە موشەكی بالیستی بۆ سەر شاری سومی ئەنجامیدا ، دەیان كوژراو و برینداری مەدەنی لێكەوتۆتەوە . بۆیە پێویستە فشاری زۆر بخرێتە سەر مۆسكۆ بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگ بهێنێت .
لەلایەكی ترەوە ، وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشكرایكردوە ، هێزەكانی روسیا لە هەرێمی كۆرسك زەبری توندیان لە ئۆكراین داوە و لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 175 سەربازی ئۆكراینی لەو ناوچەیە كوژراون .
زیاتر لە 600 كۆچبەر لە یەك رۆژدا لە كەناڵی ئینگیزی پەڕیونەتەوە و گەیشتونەتە بەریتانیا.
ئامارە رەسمییەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەریدەخەن كە تەنها رۆژی شەممە 656 كۆچبەر بە 11 بەلەمی چوپی بچوك كەناڵی ئینگلیزیان بڕیوە و گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە كە لە یەك رۆژدا لەمساڵدا تۆماركرابێت و ژمارەی پێوانەیی رۆژی سێی ئاداری رابردووی تێپەڕاندووە كە لەو رۆژەدا 592 كۆچبەر لە یەك رۆژدا بە بەلەمی بچووك خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەشت هەزار و 61 كۆچبەر بە بەلەمی چوپی بچوك گەیشتوونەتە بەریتانیا و ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو لە 46% زیادیكردووە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روسیا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر شاری سومی ئۆکراین و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە، سەرۆکی ئۆکراینیش داوا دەکات، فشار بخرێتە سەر روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
میدیاکان باس لەوە دەکەن، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە هێرشەکەدا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 32 کەس، کە دووانیان منداڵن.
بەپێی ئاماری فریاگوزاری خێرای ئۆکراین، جگە لەو ژمارەی گیانلەدەستدانە، تاوەکو ئێستا 84 برینداریش تۆمار کراون، کە 10یان منداڵن.
تیمەکانی فریاگوزاری باس لەوەشدەکەن، لە گەڕان بەناو پاشماوەی بەڵەخانە رووخاوەکانی بۆردومانەکەدا بەردەوامن و هەر گۆڕانکارییەک لە ئامارەکاندا هەبێت رایدەگەیەنن.
لەبارەی هێرشەکەوە، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین داوا دەکات، فشار بخرێتە سەر روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
رۆژی دووشەممە، مارۆس سێفكۆڤیچ، سەرۆكی دەستەی بازرگانی یەكێتی ئەوروپا دەگاتە واشنتۆن بۆ دەستپێكردنی دانوستانی بەپەلە سەبارەت بەو باجانەی كە ترەمپ لە 2ـی نیساندا رایگەیاندبوو، بەڵام پێدەچێت بەدەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە، چونكە ئەو دانوستانكارەی بڕیارە گفتوگۆی لەگەڵدا بكات، لە ئەرجەنتینە.
یەكێتی ئەوروپا وەك گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریكا دەیەوێت بەخێرایی رێككەوتنێك لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ ئیمزا بكات، بەر لە تەواوبوونی وادەی 90 رۆژییەكە بۆ سەپاندنی باجەكان.
ساڵی رابردوو بڕی بازرگانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا لەگەڵ ئەرجەنتین تەنها 16 ملیار دۆلار بووە، ئەوەش گومان دەكاتە سەر پەرۆشی ئەمریكا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەو بلۆكە ئابووریە گەورەیە.
تیمی بازرگانی ترەمپ لە ماوەی ئەو 90 رۆژ مۆڵەتەدا، بەدوای 90 گرێبەست و رێككەوتنی بازرگانیدا دەگەڕێت، شارەزایانی ئابوری پێیانوایە، رەنگە هەلێكی باشی تێدا نەبێت، بەوپێیەی ئاستەنگەكانی چارەسەركردنی خێرای شەڕی بازرگانی لە ئێستاوە سەریانهەڵداوە.
سێفكۆڤیچ یەكەم لێپرسراوی باڵای بازرگانی دەرەكی دەبێت كە دەچێتە واشنتۆن بۆ ئەوەی لەگەڵ سكۆت بێسنت دانوستانكاری باڵای گومرگی ترەمپ سەبارەت بە باجەكان گفتوگۆ بكات، بەڵام لەوكاتەدا بێسنت لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەرجەنتین لە بوینس ئایرێس لە كۆبوونەوەدا دەبێت بۆ ئەوەی پشتگیری لە چاكسازییە ئابوورییەكانی ئەو وڵاتە نیشان بدات.
ئامادەنەبوونی بێسنت لە رۆژی دووشەممەدا تیشك دەخاتە سەر گومانەكانی شارەزایانی بازرگانی سەبارەت بەوەی كە ئیدارەی ئەمریكا بتوانێت بەشێوەیەكی خێرا و كاریگەر ئەو هەموو دانوستانانە لە یەك كاتدا بەڕێوەببات بۆ گەیشتن بە 90 گرێبەست لە ماوەی 90 رۆژدا.
وێندی كاتلەر، سەرۆكی پێشووی وەفدی دانوستانكاری بازرگانی ئەمریكا بە رۆیتەرزی وتووە، كۆكردنەوەی ئەم بڕیارانە هەندێك دانوستانی جددی دەوێت و هیچ ڕێگەیەك نییە لەم ماوەیەدا رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ هیچ كام لەم وڵاتانە ئەنجام بدرێت.
هەروەها دەڵێت، پێدەچێت تیمی ترەمپ ناچاربێت وڵاتانی سەرەكی لە پێشینە دابنێن و مۆڵەتی 90 رۆژە بۆ ئەوانی دیكە درێژبكەنەوە.
لە ئێستادا تیمە دانوستانكارەكەی ترەمپ لە 200 لێپرسراو لە كەرتە جیاوازەكان پێكهاتوون، بەدرێژایی رۆژ كاردەكەن لەگەڵ بەرەوپێشچوونەكان، لەنێویشیاندا جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا مایكل فۆلكەندەر كە رۆڵێكی دیاری دەبێت لە دانوستانەكاندا.
ترەمپ لەم هەفتەیەدا پاشەكشەی لە بڕیارێكی پێشووی خۆی كرد و مۆڵەتێكی 90 رۆژی بە تەواوی وڵاتان بەخشی جگە لە چین بۆ لێخۆشبوون لە باجەكان ئەگەر لەو ماوەیەدا بگەنە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، هەرچەندە دواتر بڕیارێكی دەركرد بۆ لێخۆشبوون لە باجی سەر مۆبایل و كۆمپیوتەر.
وەزیری دەرەوە و دارایی سوریا لەم مانگەدا سەردانی ئەمریكا دەكەن بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، لەگەڵ محەمەد یوسر وەزیری دارایی وڵاتەكەی و عەبدولقادر حەسری پارێزگاری بانكی ناوەندیی و ژمارەیەك لێپرسراوی باڵا كۆتایی ئەم مانگە سەردانی ئەمریكا دەكەن بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سندوقی دراو و بانكی نێودەوڵەتی.
لەوبارەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، وەفدی سوریا ڤیزای ئەمریكایان پێ دراوە و ئەمەش جاری یەكەمە لە دوای نزیكەی 15 ساڵ لێپرسراوانی باڵای سوریا سەردانی ئەمەریكا بكەن.
دەشڵێت، لە دیدارەكانیشیان لە ئەمەریكا وەفدی سوریا هەوڵی كەمكردنەوەی سزاكانی سەر وڵاتەكەیان دەدەن.
ئەمرۆ لە ئەنتاڵیا پێنجەمین كۆبونەوەی ئەمنی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان عیراق و توركیا بەرێوەدەچێت .
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، ئەمرۆ پێنجەمین كۆبونەوەی ئەمنی عیراق و توركیا تایبەت بە میكانیزمی ئەمنی لە ئەنتاڵیا بەرێوەدەچێت ، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا سەرپەرشتی كۆبونەوەكە دەكەن و وەزیری بەرگری توركیا و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا و هاوتا عیراقییەكانیان لە كۆبونەوەكەدا بەشدار دەبن .
بریارە لە كۆبونەوەكەدا هەماهەنگی نێوان عیراق و توركیا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات تاوتوێ بكرێت .
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی عیراق دەكات بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی نەوتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزەی وڵاتەكەی، سەردانی عیراق دەكەن بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی نەوتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
دەشڵێت، تاوتوێی چەند بابەتێكی پەیوەست بە وزە و نەوت دەكەن و هیوادارن یاداشتی نوێی لێكتێگەیشتن لەگەڵ عیراق ئیمزا بكەن.
وتیشی، لەگەڵ عیراق لە چەندیدن بواردا پەیوەندیی باشیان هەیە و دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لە بواری نەوت و غاز و پتڕۆكیمیایی و كارەبا پەرە پێبدەن.