وەزیری وزەی ئەمریكا داوا دەكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە تەواوی لەناوببرێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆمیشەوە، ئێرانیش دەڵێت، پیشەسازی ئەتۆمی ئێران رەگوڕیشەی داكوتاوە و لەناونابرێت.

كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو رایگەیاند، پێویستە سەرجەم رێگاكان لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی بگیرێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بە تەواوی لەناوببرێت، هەر لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە تا دەگاتە پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆم.

لە بەرامبەریشدا محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، زانست و زانایی و تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران بە جۆرێك رەگی داكوتاوە، ناتوانرێت تەنانەت لە رێگای تیرۆر و هێرشی سەربازیشەوە لەناوببرێت.