ئیسرائیل پێشنیازی نوێی رادەستی سوریا كردوە و بڕیاریشە  ئەمرۆ بە نێوەندگیریی ئەمریكا سێیەم خولی دانوستانەكانی لێپرسراوانی تەلئەبیب و دیمەشق لە لەندەن بەڕێوبچێت.

پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردوەتەوە، ئیسرائیل پێشنیازێكی وردی سەبارەت بە سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ سوریا رادەستی دەسەڵاتدارانی دیمەشق كردوە و بڕیاریشە ئەو پێشنیازە بە نێوەندگیریی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا لە نێوان لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیلدا تاوتوێ بكرێت.

 بریارە ئەمرۆ رۆن دەیرمەر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە نێوەندگیری ئەمریكا لە لەندەن كۆببنەوە  تاوتوێی پێشنیازە نوێیەكە بكەن كە سنورەكانی باشوری رۆژئاوای سوریا تا سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێتەوە.

سەرچاوەیەك بە ئەكسیۆسی راگەیاندوە پێشبینی ناكرێت ئەو دوو وڵاتە سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.