دارستانەکانی ئەمازۆن لەماوەی 40 ساڵدا رووبەرێکی بەهێندەی ئیسپانیا لەدەستداوە
١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆنی بەرازیل لە ماوەی چوار دەیەدا رووبەرێکی بە قەبارەی ئیسپانیا لەدەستداوە و لە خاڵی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.
بەپێی داتای مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومی و کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەریانخستووە، کە گەورەتریین دارستانە باراناویەکانی جیهان کە لە ئەمریکای لاتیندا دەردەکەون، لەماوەی نێوان ساڵانی 1985 بۆ 2024، 49 ملیۆن هێکتار لە رووبەری دارستانە باراناویەکان لە ناوچوون.
لە راپۆرتێکی پێگەی ماپبایۆماس ئاماژە بەوەکراوە، دارستانەکانی ئەمازۆن لە خاڵێکی وەرچەرخان نزیک دەبنەوە کە چیتر ناتوانن بەردەوام بن ، لەگەڵ لەدەستدانی روپۆشی رووەکی رەسەن کە ئەگەری هەیە بگاتە 20٪ بۆ 25٪، ئەگەریش لەدەستدانی روپۆشی رووەکی لەو دارستانانەدا بەردەوامبێت، ئەوا ئەو دارستانە باراناویانە دەبن بە ناوچەی ئاو هەوای شێداری مامناوەند کە ناسراوە بە ساڤانا.
بەپێی داتاکانی ماپبایۆماس ، ئەو رووبەرەی کە چالاکییە مرۆییەکان بە تایبەتی کشتوکاڵ داگیری کردووە، لە ساڵی 2024 دا گەیشتووەتە 15.3%.، هەروەها ئەو رووبەرەی کەلە بەخێوکردنی ئاژەڵدا سودی لێ وەردەگیرێت لە نێوان ساڵانی 1985 بۆ 2024 نزیکەی پێنج هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 56.1 ملیۆن هێکتار.
بڕینی دارستانەکان لە ناوچەی ئەمازۆنی بەڕازیل لە نێوان مانگی ئابی 2024 تا تەمموزی 2025 بە رێژەی 4% زیادی کردووە، ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی زۆر و وشکە ساڵیەوە بووە.



