کۆشکی سپی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی "بەشێوەیەکی ماندوونەناسانە" کاریان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێکی ئاشتی لە کەرتی غەززە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەوڵ و کاتێکی زۆریان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین تەرخان کردووە.

 کۆشکی سپی لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز، ئاشکرای کرد؛ کە پلانەکەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ لە غەززە "جێی ستایشە" و چاوەڕوان دەکرێت حەماسیش پێی رازی بێت،  وتیشی؛ ئەمە دەبێتە هەنگاونان بۆ ئارامکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل و حەماس "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پلانێکی 21 خاڵی بۆ ئاشتی.

بەپێی پلانەکە، کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە خراوەتەڕوو، داوا دەکرێت سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن، چەکدارانی حەماس کە پابەندی ئاشتی دەبن "لێخۆشبوونیان" بۆ دەردەچێت، و ناوچەکە ببێتە "ناوچەیەکی بێ چەک و دوور لە توندڕەوی.

لیڤیت وتوشیەتی؛ "بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ هەردوولا، پێویستە هەردوولا کەمێک سازش بکەن و رەنگە بەتەواوی دڵخۆش نەبن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە رێگەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە"

سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین؛ وتەبێژەکەی کۆشکی سپی جەختی کردەوە، کە سەرۆکی ئەمەریکا خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگە و ئەم پەیامەی بە رونی گەیاندووەتە هەردوو لایەنی ململانێکە.

 وتەبێژەکەی ئەمەریکا دەشڵێت؛ ترەمپ خۆی رایگەیاندووە کە "بە شێوەیەکی ماندوونەناسانە کاردەکات" بۆ کۆتاییهێنان بەو "ململانێ دڕندانەیە"، لیڤیت  سیاسەتی فرۆشتنی چەکی بە هاوپەیمانانی ناتۆ پشتڕاست کردەوە، تاوەکو ئەوانیش بتوانن ئەو چەکانە بگەیەننە ئۆکراین.

پێشتر ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا پشتڕاستیکرد بوەوە؛ ئەوان چەک دەنێرن بۆ ناتۆ و ناتۆش دەیدات بە ئۆکراین بۆ بەرگریکردن لەخۆی دژی شەڕی رووسیا،  جەختی لەوەشکردبوەوە کە ناتۆ پارەی چەکەکان دەدات.

ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ترەمپ بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی روسیا و ئۆکراین بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان و چەندینجارێش بەڵێنی کۆتایی هێنانی بە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کێیڤ داوە