جیهانجیهان

شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان و پاسەوانانی سنوری پاکستان رویدا و بەپێی هەواڵەکانی میدیاکانی ئەو دوو وڵاتە کورژا و بریندار لە هەردوولا هەیە.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، فەیلەقی 201ـی سوپای سەر بە حکومەتی تاڵیبان، رایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سنورییەکانی پاکستان دەستپێکردووە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسلام ئاباد بۆ سەر کابول لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکان لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ویلایەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەستیپێکردووە.

هاوکات بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان ماوەی چەند سەعاتێکە پێکدادانەکان بەردەوامن و تادێت رووبەڕووبونەوەکان توندتر دەبن.

بەپێی زانیارییەکانی سوپای پاکستان، لەئەنجامی شەڕ و پێکدانانەکان لە ناوچە سنورییەکان، پێنج سەربازی پاکستان کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون، دوو بنکەی ئەمنی و سەربازی وڵاتەکەی خاپورکراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەروین بوڵدان دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و پێویستە پرۆسەكە خێراتر بكرێت و كۆمسیۆنی پشتیوانیش سەردانی ئیمراڵی بكات.

پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەككەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەكەن لە توركیا دورن لە راستییەوە، وتیشی، هەرچەندە پرۆسەكە لەسەرخۆ بێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و ئەو لەسەرخۆییەش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا ئاستەنگ دروست دەكات و باشتر وایە خێراتر بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆتا دیداری وەفدەكەیاندا بۆ ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجەلان پێی راگەیاندوون، پێویستە هەنگاوەكان پێكەوە بنرێن، بەپێچەوانەوە نەیارانی ئاشتی زیاتر دەبن و ئاستەنگی زیاتر دەخەنە بەردەم پرۆسەكە.

پەروین بوڵدان راشیگەیاند، ئۆجەلان داوایكردووە كۆمسیۆنی ئاشتی لە قۆناغەكانی داهاتووتریدا بچێتە ئیمراڵی و سەردانی بكەن، چاوەڕوانیش دەكرێت وەفدێكی پێنج كەسی كە پێكهاتوون لە ئەندامانی كۆمسیۆن لە داهاتوودا سەردانی ئیمراڵی بكەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر بەسەر کاڵاکانی چیندا، نرخی نەوت4% دابەزی. ئەم دابەزینە بەهۆی نیگەرانی وەبەرهێنەرانەوە دێت کە پەرەسەندنی جەنگی بازرگانی ئابوری جیهان خاو دەکاتەوە و داواکاری لەسەر نەوتی خاو کەم دەکاتەوە.

لە دواین مامەڵەکانی رۆژی هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 62.73 دۆلار دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا 4.24% دابەزی و گەیشتە 58.98 دۆلار.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاندبوو کە "ناچار دەبم، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە روی داراییەوە بەرپەرچی هەنگاوەکەیان بدەمەوە" و ئاماژەی بەوەدا کە سەپاندنی باجی گومرگی یەکێکە لەو سیاسەتانەی جێبەجێی دەکەن.

جگە لە هەڕەشەکانی ترەمپ، نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە کە بڕیارە مانگانە 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکەنەوە، زیاتر کەوتووەتە ژێر فشار.

کەمبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەتایبەتی دوای ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت هەبووە.

هێلیما کرۆفت، بەرپرسی ستراتیژیی کاڵاکان لە دامەزراوەی بانکی ئار بی سی، دەڵێت: "بەشداربووانی بازاڕ دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و سەرنجەکانیان لە جیۆپۆلیتیکەوە بۆ خستنەڕوویی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگۆڕن."

سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا زیاتر لە 4% بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بە نزمی بمێنێتەوە و تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت 50.43 دۆلار بێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سوپای پاسداران دەڵێت، ناكرێت نەوت و غازی بەشێكی زۆری جیهان بە گەروی هورمزدا بڕوات و رێگەش بە فرۆشتنی نەوتی ئێران نەدرێت.
 
عەلیڕەزا تەنگیسەری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەمریكا سزاكانی دژی فرۆشتنی نەوتی ئێران توندتر كردووەتەوە لە كاتێكدا گەروی هورمز شادەماری نەوت و غازی جیهانە و ئێرانیش توانای گرتنی ئەو گەروەی هەیە.
 
وتیشی، ئێران 300 ساڵە جەنگی دژی هیچ وڵاتێك رانەگەیاندووە، بەڵام توانای هەیە بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بەپارێزێت.
 
جەختیشیكردەوە، ناكرێت بەشێكی بەرچاوی نەوت و غازی جیهان لە رێگەی گەروی هورمزەوە ساغ بكرێتەوە، بەڵام رێگە نەدرێت نەوتی ئێران بگاتە بازاڕەكانی جیهان.
 
 
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوێنێ هەینی پزیشکێک رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەنجامدانی دووەم پشکنینی پزیشکی ئەمساڵ، خاوەنی تەندروستییەکی باشە و ئەمەش وەک دەنگۆیەک بۆ ئەو تۆمەتانە دێت کە دەدرانە پاڵ تەندروستی ترەمپ.

ترەمپ، کە تەمەنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراوە لە مێژوی ئەمریکادا، بەیانی دوێنێ، سەردانی سەنتەری پزیشکی واڵتەر ریدی کرد لە نزیک واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانەی خۆی. کاتێک رۆژنامەنووسان دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی پرسیاریان لێکرد سەبارەت بە ئەنجامەکە، ترەمپ وەک نیشانەی رازیبوون لە دۆخی خۆی؛ پەنجە گەورەی بەرز کردەوە.

دکتۆر شۆن باربابێلا، پزیشکی ترەمپ، لە نامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ بەردەوامە لە نیشاندانی تەندروستییەکی گشتی نایاب." ئەو وتیشی: "تەمەنی دڵی، کە پێوەرێکی پشتپێبەستراوە بۆ چالاکی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە رێگەی ئەنجامدانی نەخشاندنێکەوە، نزیکەی 14 ساڵ لە تەمەنی کەمترە. ناوبراو بەردەوامە لە پابەندبوون بە خشتەیەکی رۆژانەی پڕ لە کار بەبێ هیچ سنووردارکردنێک."

باربابێلا وتیشی کە ترەمپ چەندین پشکنینی ئەنجامداوە و ژەمێکی بەهێزکەری ڤاکسینی کۆڤید-19 و ژەمێکی ساڵانەی هەڵامەتی وەرگرتووە.

ترەمپ کحول ناخواتەوە و جگەرە ناکێشێت، بەڵام حەز و خولیای بۆ خواردنەوە گازییەکان و ژەمە خێراکان ناشارێتەوە، وەک ئەوەی ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاوی کردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرک، کە نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە، بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لێدوانی ناڕاست بۆ دامەزراوەیەکی دارایی لە سەر کڕینی خانوویەک لە ڤێرجینیا تۆمەتبارکراوە و  ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ لە ئارادایە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی، جەیمسی تەمەن  66 ساڵ، ئەگەر تاوانەکانی بەسەردا ساغببێتەوە ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ زیندانیکردن و پێژاردنی بە یەک ملیۆن دۆلار لە ئارادایە.

دۆناڵد ترەمپ کە ماوەی چەند مانگێکە داوای لێپێچینەوە لە لێتیتیا جەیمسی داواکاری گشتی نیویۆرک دەکات و پێشتریش  لە سۆشیال میدیاوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی بۆ بخاتەروو،  وتبوی “ئەو کچە زۆر تاوانبارە”.

لا خۆیەوە جەیمس کە سەر بە دیموکراتەکانە،  ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما و سیاسی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆسیەیە بەشێکە لە "خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بە هەر نرخێک بێت" لەلایەن ترەمپەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، ئەو دادوەرەی نیویۆرک چەندین جار رووبەڕوی ترەمپ بووەتەوە  و ساڵی 2024  گورزێکی کوشندەی لە  ترەمپ دا بە دەرکردنی بڕیارێک کە مۆڵەتی بازرگانی خۆیی  و دوو کوڕە تازە پێگەیشتووەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵوەشاندەوە و چەندین جاریتریش بە راستەوخۆ هێرشیان کردوەتە سەر یەکتری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میلانیا ترەمپ، هاوسەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند؛ ئەو لە سێ مانگی ڕابردودا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتن هەبوە و بە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردوە و توانیویەتی رازیبکات هەشت منداڵی ئۆکراینی کە لە روسیا دەستبەسەر بوون بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکانیان.

ئەمڕۆ هەینی، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە کۆشکی سپی، ئاشکرای کرد لەگەڵ پوتن بە شێوەیەکی تایبەت و کەسی پەیوەندیان هەبووە، لەسەر پرسی گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی ئۆکراین کە لە روسیا دەستبەسەرکراون.

خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەو و سەرۆک پوتن هێڵێکی راستەوخۆی پەیوەندیان هەبووە سەبارەت بە  حاڵ و رەوشی ئەو منداڵانە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەردووکیان بە نیازپاکییەوە سەرقاڵی چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا نەکراو بوون.

خانمی یەکەمی ئەمریکا جەختیشیکردوەتەوە، نوێنەرەکی لەگەڵ تیمی سەرۆکی روسیا، هەماهەنگ بوون و کاریان کردووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ خێزانەکانیان بە سەلامەتی .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە، "دەستکەوتێکی مێژوویی" دەبێت و لەبارەی ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیشەوە لەلایەن واشنتۆنەوە هۆشداریدا کە ئەوانیش ئامادەی هەمان کارن.

ئەمڕۆ هەینی ، سەرۆکی روسیا رایگەیاند؛ مۆسکۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشداریی روسیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا، رەنگە پێویست بێت بە لەبەرچاوگرتنی  ئەو پەیوەندیەیی هەیانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش فەلەستین.

لەبارەی ئەنجامەکانی رێککەوتنەکەشەوە پوتن دەڵێت؛ گرنگترین پرس کە پێویستە جێبەجێبکرێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینە.

پوتن سەبارەت بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە کەسێکی تر جگە لە ترەمپ، رایگەیاند؛ ترەمپ کاری زۆری بۆ ئاشتی کرد، ئاگربەستی غەززەی وەک نموونەیەکیش هێنایەوە،  دەشڵێت؛ ئەو ناتوانێت بڕیاربدات کە کێ شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.

لەبارەی گرژییەکانیشەوە سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەکردوە؛ وڵاتەکەی بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر دەکات ئەگەر ترەمپ رازی بێت بە دابینکردنی مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکرانیا.

پوتن نەیشاردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی جیهان لە نێویاندا ئەمریکا لە پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمیدایە و لە ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکەکە لەلایەن هەر وڵاتێکی زلهێزەوە، ئەوا مۆسکۆش ناچاردەبێت و هەمان کاردەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی نۆبڵ بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 ببەخشێتە "ماریا کۆرینا ماچادۆ"، بەهۆی کارە ماندوونەناسەکانی لە پێشخستنی مافە دیموکراسییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و خەباتی بۆ گەیشتن بە گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی.

ماریا کۆرینا ماچادۆ، رابەری دیموکراتی وڵاتی ڤەنزویلا رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە گۆڕینی رژێمی دیکتاتۆریی ڤێنزولا بۆ حکومەتێکی دیموکراسی و بە یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی ئەمریکای لاتین دادەنرێت کە لە پێناو مافی مرۆڤ و ئاشتیدا هەوڵێکی بێوچانی داوە. وەک سەرکردەی بزوتنەوەی دیموکراسی لە ڤەنزوێلا، یەکێکە لە نموونە هەرە نایابەکانی ئازایەتی مەدەنی لە ئەمریکای لاتین لەم ساڵانەی دواییدا.

لیژنەی نۆبڵی ئاستی نووسیوێتی: ڤەنزوێلا لە وڵاتێکی تاڕادەیەک دیموکرات و خۆشگوزەرانەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی دڕندانەی دیکتاتۆری کە ئێستا بە قەیرانێکی مرۆیی و ئابووریدا تێدەپەڕێت. زۆربەی هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین، لە کاتێکدا چەند کەسێکی سەرەوە سامانەکانیان قۆڕخ کردووە. دامودەزگا توندوتیژەکانی دەوڵەت دژ بە هاووڵاتیانی خۆی بەکاردەهێنرێت. نزیکەی 8 ملیۆن کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رێگەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و رێگەکانی ترەوە سەرکوت کراوە. 

ماچادۆ، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی "سوماتێ" کە تایبەتە بە پەرەپێدانی دیموکراسی، زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر داکۆکی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کردووە. وەک خۆی دەڵێت: "بڕیارمدا سندوقی دەنگدان هەڵبژێرم نەک فیشەک".

ماچادۆ لە رێگەی پۆستە رێکخراوەیی و سیاسیەکانیەوە قسەی لەسەر سەربەخۆیی دادوەری و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی کردووە. ئەو ساڵانێکی زۆرە بۆ ئازادی گەلی ڤەنزوێلا کار دەکات
.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێکیتری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 رادەگەیەنرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یەکێکە لە کاندیدە دیارەکان و زۆر بە پەرۆشە بۆ وەرگرتنی. ئەو بە بەردەوامی جەخت دەکاتەوە کە شایەنی ئەم خەڵاتەیە بەهۆی رۆڵی لە کۆتاییهێنان بە چەندین جەنگدا، بەتایبەتی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کە تازە رایگەیاند. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: گەر ترەمپ ئەم خەڵاتە نەبات، ئایا ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوی و جەنگ لە جیهاندا؟

لیژنەی نۆبڵ کە لە پێنج ئەندام پێکدێت و لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە هەڵدەبژێردرێن، بە نهێنی تەواو بڕیار لەسەر براوە دەدەن. هەرچەندە ترەمپ لە کەمپەینێکی چڕدایە بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە، بەڵام پسپۆڕانی خەڵاتەکە پێیان وایە کە ئەگەری بردنەوەی زۆر کەمە. بڕیاری لیژنەکە لە پێش راگەیاندنی رێککەوتنی غەززە دراوە و لەوانەیە زیاتر سەرنجیان لەسەر هەوڵەکانی دیکەی ئاشتی بێت کە بە درێژایی ساڵ پێشکەش کراون و ئەمەش وادەکات چانسی ترەمپ کەم ببێتەوە و رێککەوتنی غەززەی بۆ هەژمار نەکرێت!

لەم کاتەدا کە جیهان بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت، پرسی سەرهەڵدانەوەی جەنگەکان پەیوەست نییە بە بردنەوە یان نەبردنەوەی خەڵاتێک لەلایەن کەسێکەوە. جەنگ و ئاشتی دیاردەی ئاڵۆزن و زۆر هۆکاری دیکەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی کاریگەرییان لەسەرە. لە رابردوودا، خەڵاتی نۆبڵ بە کەسانێک بەخشراوە کە هەوڵیان بۆ ئاشتی داوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهاتووەتەوە کە ئاشتی بۆ هەمیشە سەقامگیر بووبێت.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نەرویج، حکومەتی وڵاتەکەیان هیچ دەستوەردانێک لە بڕیارەکانی لیژنەی نۆبڵدا ناکات. هەندێک نیگەرانی هەیە لەناو نەرویجدا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ترەمپ خەڵاتەکە نەباتەوە، چ کاردانەوەیەکی دەبێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و نەرویج لە هەندێک ڕووەوە گرژی تێکەوتووە. بەڵام لیژنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکانی سەربەخۆن و گوێ بە فشارەکان نادەن.

لەکۆتاییدا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هێمایەکە بۆ ئاشتی و کاری مرۆیی، بەڵام نەبوونی خەڵاتەکە بە مانای کۆتاییهاتنی هەوڵەکان بۆ ئاشتی یان سەرهەڵدانەوەی جەنگەکان نییە. ئاشتی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زۆری هەموو لایەنەکان هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە سەعاتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە کەرتی غەززە.

ماکرۆن لە دەستپێکی کۆبوونەوەی پاریسدا، کە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی ئەوروپی و پێنج وڵاتی عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە بەڕێوەچوو، وتی: "لێرە لە پاریس تاوتوێی دامەزراندنی حوکمڕانییەکی کاتی بۆ کەرتی غەززە دەکەین، بە بوونی فەلەستینییەکان بەبێ بزوتنەوەی حەماس."

سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە کە "کۆبوونەوەی پاریس تەواوکەری دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکایە و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رێچکەیەکی گەورە و ئارەزوومەندانەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە." وتیشی: "هیوادارین رێککەوتنەکە بمانگەیەنێتە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "خێراکردنی پرۆسەی دروستکردنی نیشتەجێگەکان لە کەناری رۆژئاوا کارێکی قبووڵنەکراو و هەڕەشەیەکی بوونگەراییە بۆ سەر دەوڵەتی فەلەستین." هەروەها ئامادەیی فەڕەنسای دەربڕی بۆ ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە هێزێکی چەسپاندنی سەقامگیری لە غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە هەواڵی کڕینی کۆمپانیای تیک تۆک  کرد لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە و  ئاماژەی بەوەشکرد شتێکی باش دەبێت؛ کە بارۆنی کوڕی رۆڵی گەورەی لەو کۆمپانیایەدا بگێڕێت.

کوڕە گەورەکەی دۆناڵد ترەمپ کە تەمەنی 19 ساڵە و زۆر ستایش دەکرێت؛ بەهۆی ئەوەی یارمەتی باوکی داوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگدەرانی گەنج، لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ گەڕایەوە بۆ تیک تۆک و ڤیدیۆیەکی لە پڕۆفایلی خۆی بڵاوکردەوە کە تەنها لە ماوەی چەند سەعاتێکدا زیاتر لە  شەش ملیۆن بینەری هەبوو.

سەرۆکی ئەمریکا لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "بۆ هەموو گەنجە تیکتۆکەرەکان، من تیک تۆکم رزگار کردووە، بۆیە قەرزاری منن".

 دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە فەرمانی جێبەجێکاری ئیمزاکرد بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ کڕینی پشکەکانی تیکتۆک، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی  لە کۆتایدا سەرەڕای دواکەوتنی چارەنوسی تیکتۆک، بەڵام دواجار ئەوە رودەدات و تیکتۆ لەلایەن ئەمەریکاوە دەکڕدڕێتەوە

 گەرچی هێشتا وردەکاری بڕیارەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داوا لە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دەکات کە پشکی زۆرینەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە لە ئەمەریکادا بکڕن.

بەگوێرەی زانیارییەکان یەک دوو ملیاردێر کە ساڵانێکە هاوڕێی سەرۆکن، نزیک دەبنەوە لە گرێبەستێک بۆ بەدەستهێنانی بەشەکەی تیکتۆک لە ئەمریکادا.

 لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەیلی مەیل، جاک ئەدڤێنت، بەڕێوەبەری میدیایی پێشوی تەرەمپ، ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکای کرد و پێشنیازی کرد کە ترەمپ گەنجان بخاتە نێو دەستەی کارگێڕییەوە و رایگەیاند “بارۆن ترەمپ، کوڕی دۆناڵد ترەمپ، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەرتر لە کۆمپانیاکەدا بگێڕێت.”

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات فڕۆکە روسیەکان لە ئاسمانی خۆیان بخەنە خوارەوە و داواش دەکات  هەموو سەروەت و سامانە بلۆکراوەکانی روسیا وەک قەرز بخرێتە خزمەت ئۆکراین.

ئەمڕۆ  پێنجشەممە، پەرلەمانی ئەوروپا داوا لەئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکات، سزاکانی سەر روسیا زیاتر بکەن و داوای پەسەندکردنی دەستبەجێی پاکێجێکی بەهێزی سزاکان دەکات، کە دەبێتە  پاکێجی نۆزدەهەم و سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی روسیا دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەسپاندنی سزاکان بەسەر روسیادا، هاوشێوە ئەو سزایانەیە کە بەسەر بێلاڕوس، ئێران و کۆریای باکوور سەپێندراوە.

لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکەی پەرلەمانی ئەوروپادا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زنجیرەیەک کردەوەی تێکدەرانە و تێکەڵاو کە لەلایەن روسیا دژی یەکێتی ئەورووپا ئەنجامدراوە، لە هەندێک بارودۆخدا، هاوشێوەی کاری تیرۆرستییە و مۆسکۆ سەرپەرشتی دەکات.

داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپاش دەکات رێکاری پێویست دەستپێبکات بۆ دەستنیشانکردنی روسیا وەک وڵاتێک کە ئاستێکی بەرزی مەترسی هەیە لە بواری سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجومەنەکە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانی، داوای پاراستن و فراوانکردنی سیاسەتی سزاکان دەکات دژی روسیا.

ئەمە لەکاتێکدایە  روسیا چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەو گوشارە سزایانەی کە رۆژئاوا چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردبوو لەدژیی تێدەپەڕێت و کاریگەریان نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی پشكنین بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكرێت، كە پشكنینی پزیشكی ساڵانەیە.

كارۆلاین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، رۆژی هەینی ترەمپ سەردانی ناوەندی واڵتەر ریدی سەربازی دەكات لە نزیك واشنتۆن، بۆ ئەوەی وتارێك لەبەردەم سەربازاندا پێشكەش بكات، دوای ئەوەش پشكنینی ساڵانەی ئەنجام دەدات، كە پشكنینی رۆتینییە و پەیوەندی بە گرفتی تەندروستییەوە نییە.

دوایین جار مانگی نیسانی ئەمساڵ بوو، كە ترەمپ پشكنینی كرد و دواتر "شۆن باربابیلا"ی پزیشكی وتی، تەندروستی زۆر باشە.

ترەمپ تەمەنی 79 ساڵە و زۆرجار مشتومڕ لەسەر تەندروستییەكەی دروست بووە و گومان لە سەلامەتی كراوە، بە تایبەت كە چەندجارێك پەڵەیەكی شین لەسەر دەستی دەركەوتووە، پزیشكەكانیشی دەڵێن، ترەمپ جگەرە ناكێشێت و ماددە كحولییەكانیش ناخواتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا و ئێران چەند رێككەوتنێكی نوێیان لە بواری ئەتۆم و دروستكردنی وێسگەی ئەتۆمی بە بەهای 25 ملیار دۆلار ئەنجامدا و ئاماژە بەوە دەكەن، رێككەوتنەكە دەبێتە پێگەیەكی ستراتیژی و ئابوری نێوان ئەو دوو وڵاتە.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو سەرۆكی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران سەردانی روسیای كرد و چەند لێكتێگەیشتنێكیان ئیمزا كرد، وەفدێكی روسیا بە سەرۆكایەتی نیكۆلای ئەسپاسكی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای روس ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی تارانیان كرد و لە سەردانەكەشدا هەردوولا چەند رێككەوتنێكیان لە بواری ئەتۆمدا ئیمزا كرد.

بەپێی ئەو رێككەوتنەی روسیا و ئێران ئەنجامیان داوە، هەردوو وڵات رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی چوار وێسگەی ئەتۆمی هەزار و 250 مێگاواتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، كە بەهاكەیان دەگاتە 25 ملیار دۆلار. 

لە كۆتایی رێككەوتنەكەشدا وەفدی ئێران و روسیا ئەوەیان راگەیاند، ئەو پرۆژانە پێگەیەكی ستراتیژی و ئابوری تایبەتیان هەیە و ئەو رێككەوتنە نوێیانە رێگەخۆشكەر دەبن بۆ فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەكە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەستیان ئیمزاکرد، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، لە دوای ئاگربەستەوە رۆژێکی مەزن دەبێت بۆ جیهان.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیمان ئیمزاکردووە، هەروەها ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان زۆر بە زوویی ئازاد دەکرێن.

وتیشی، سوپاسی نێوەندگیرانی قەتەر و میسر و تورکیا دەکەین کە لەگەڵمان کاریان کردووە بۆ بەدیهێنانی ئەم روداوە مێژوویی و بێ وێنەیە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو پێزانینێک بۆ ئاشتیخوازان!"

لای خۆیەوە حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە،رێککەوتنێک کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دیاریکراوە.

قەتەر کە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵەی کەرتی غەززە، جەختیکردوەتەوە، هەردوولا لەسەر هەموو بڕگەکانی قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...9899100101102...641