حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆ پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: شانۆ لای ئێمە تەنها نمایشێکی هونەری نەبووە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

دەقی پەیامەکە

​شانۆکارانی خۆشەویست...

​لەیادی 27ی ئازار، رۆژی جیهانی شانۆدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو شانۆکارانی کوردستان دەکات. شانۆ لای ئێمە تەنها نمایشێکی هونەری نەبووە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

هونەرمەندانی شانۆکار لە سەختترین قۆناغەکانی شۆڕشدا، بە چەکی وشە و نمایش، سەکۆکانیان کردبووە سەنگەری بەرگری و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر.

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە، ناوچەکەمان بە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و مەترسیداردا تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بەشێک نین لەو ململانێ و کێشە هەرێمایەتییانەی کە هەن، کەچی بەداخەوە دەبینین خاکی نیشتمان و هاووڵاتیانی سڤیل و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەبنە قوربانیی هێرشی موشەک و درۆنەکان. ئێمە لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە کولتوور و هونەر دەبنە پارێزەری ڕۆحی بەرگری و ئاشتیخوازی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا.

​لە کۆتاییدا، سڵاوی وەفاداری بۆ هەموو ئەو شانۆکارە تێکۆشەرانە دەنێرین کە لەپێناو پەیامی مرۆڤدۆستی و ئازادیی کوردستاندا گیانی خۆیان بەخشی و بوونە شەهیدی ڕێگەی هونەر. دەستخۆشی لە هەموو ئەو ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەرانە دەکەین کە بەردەوامن لە درەوشاندنەوەی ناوی کوردستان لە نێوەندە هونەرییەکاندا.

​بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای هونەر و مرۆڤدۆستی.

حەمەی حەمەسەعید

​وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان

26ی ئازاری 2026