بەهۆی ناسەقامگیریی باری کەشوهەوا و بەردەوامیی باران بارین، شانەی قەیران و کارەساتەکان لە پارێزگای کەرکوک باری نائاسایی راگەیاند، پارێزگاری شارەکەش بڕیاریدا بە راگرتنی خوێندن بۆ ماوەی دوو رۆژ.

شانەی قەیران و کارەساتەکان، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و بەنداوەکان، مەترسیی  هەڵسانی لافاو لە ئارادایە و رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوکیش بریاریدا بە راگرتنی دەوامی خوێندن بۆ رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەواوە.

لای خۆیەوە شآنەی قەیرانەکان، ئاماژەبەکردوە، ئامادەکاری کراوە بۆ  بەرزترین ئاستی ئامادەباشی و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

 هەروەها تیمی تایبەتی فریاکەوتن و ئامێری پێویست تەرخانکراون بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر کارەساتێکی سروشتیدا، دەستبەجێ بەهانای هاووڵاتیانەوە بچن.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکوک داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بۆ پاراستنی گیانیان، بە هیچ شێوەیەک لە رێڕەوەکانی ئاو، دۆڵ و چەمەکان نزیک نەبنەوە و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن.