کوردستانکوردستان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکییەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە ماڵپەڕی دامەزراوەکان لەکارکەوتوون. 

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکە لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی بەپەلەی گرفتەکەن.

هاوکات داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات، بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک لەسەر گەشتەکان، پەیوەندی بە سەنتەری زانیاریی فڕۆکەخانەوە بکەن لە رێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە:
(07702229990)

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وەک یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی سیستمی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"ی بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران خستەکار.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بە سەرپەرشتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، قۆناغێکی نوێی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکانی دادگا دەستیپێکرد، کە بریتییە لە دادگاییکردنی تۆمەتباران لەڕێگەی دەنگ و رەنگەوە (ڤیدیۆ کۆنفرانس) و بە شێوەیەکی پراکتیکی لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی جێبەجێ کرا.

ئەم سیستمە نوێیە کە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی منداڵان و ژنان ئەنجام دەدرێت، چەندین ئامانجی هەیە، لەوانە: کارئاسانی بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە، دابینکردنی ئارامی و پاراستنی سەلامەتیی تۆمەتباران، بەجۆرێک تۆمەتبار لە شوێنی مانەوەی خۆیەوە و لە رێگەی شاشەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.

دادوەر سۆران ئیبراهیم عارف، سەرپەرشتیاری بۆردی سیستمی ئەلکترۆنیی دادگا رایگەیاند، ئەم خزمەتگوزارییە تەنها لە بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری پێدەکرێت و دادگای سلێمانی پێشەنگ بووە لە تاقیکردنەوە و خستنەکاری ئەم سیستمە لەسەر ئاستی عیراق.

جێی ئاماژەیە، پێشتر ئەم سیستمە وەک قۆناغی یەکەم لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/1 بە سەرکەوتوویی تاقیکرابووەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و پێکەوە لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەتی داهاتووی عیراق گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشن کردنی ئابووریی عیراق بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی عیراق.

جەختیشی کردەوە کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عیراق و کوردستان.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە حکومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، لە چەند مانگی داهاتوودا هاووڵاتیان روبەڕوی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبنەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەک بەشێک لە کارەکانی "پرۆژەی روناکی"، تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە کاتی کارکردنی تیمەکانیشدا ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان ببڕێت.

وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە لەکاتی هەر پچڕانێکدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ژێرخانە گرنگەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن و هەوڵدەدرێت بە زووترین کات کارەبا بگەڕێنرێتەوە، بۆیە داوای "پشودرێژی" لە هاووڵاتیان دەکەن.

جێی ئاماژەیە، لەکاتی بونی هەر بەرنامەیەکی پێشوەختە بۆ پچڕانی کارەبا، هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت هانی هاووڵاتیان دەدات خۆیان لە "پرۆژەی روناکی" تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادارییەکان پێیان بگات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عیراق کرد.
 
لە دیدارێکدا پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەییەکان خرایەبەر باس و پێویستی بەردەوامی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق بە گرنگ زانرا.
 
فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوولا جەختی لەسەر کرایەوە و سەرۆک بافڵ ئامادەیی تەواوی بۆ کارئاسانیکردن بۆ سەرمایەداران و خاوەنکارانی هۆڵەندا دەربڕی تاوەکو رۆڵی کاریگەرتر بگێڕن لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
رەخساندنی زەمینەی لەبارتر لەبەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، پشتیوانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق کرد.
 
لە دیدارێکدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا کرایەوە.
 
پەیوەست بە پێشهاتە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەوڵەکانمان لەو چوارچێوەیەدایە بگەین بە حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی کە بنەماکەی هاوبەشێتی و پێکەوەیی بێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێکی یەکێتی و یەکگرتوو لە شاری سلێمانی کۆبونەوە و دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو بۆ کۆبونەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بوو، جیا لەوەش گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی،هەڤاڵان سەرکەوت زەکی و دکتۆر یوسف گۆران، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیان لە وەفدێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد کە پێکهاتبوو  لە بەرێزان مستەفا عەبدوڵڵا و سەمیر سەلیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو

تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە، پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکی یەکگرتووی ئیسلامی بوو بۆ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی عیراق،.

هەروەها ، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزی و هەڵوێستی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاریدا، بەدرێژکردنەوەی ماوەی رایی کردنی مامەڵەکانیان و رادەستکردنی تێچووی حەج بۆ ماوەی هەفتەیەک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردوە؛ بۆ ماوەی هەفتەیەک وادەی مامەڵەکردن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو بڕیارەکە لەپێناو هاوکاری و خزمەت گەیاندنی زیاتر بەو کەسانەی، کە دواکەوتوون لە راییکردنی مامەڵەکانیان دراوە، تاوەکو لەو ماوەیەدا بتوانن مامەڵەکانیان رایی بکەن و مافی گەشتکردنیان بۆ فەریزەی حەج نەفەوتێت.

 پێشتر وەزارەتی ئەوقاف، (27-11-2025)ـی وەک کۆتا وادە دانابوو بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، بەڵام بە گوێرەی ئەم راگەیەندراوە، رۆژی پێنجشەممە، (4-12- 2025) کۆتا وادەیە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان و بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەکانی حەج و عومرە لەسەرجەم شار و ئیدارە سەربەخۆکان لە سەعات 8:30ی بەیانی مامەڵەی حەجخوازان رایی دەکەن تاوەکو سەعات چواریی ئێوارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كارگێڕی و سەرچاوەكان گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات و لە سەردانەكەشی بۆ عیراق، كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو مایكڵ ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات، گەشتەكەش تاكو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو دەخایەنێت.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ئامانج لە گەشتەكەی مایكڵ ریگاس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختكردنەوەیە لە پابەندبوونی ئەمریكا بۆ پێشخستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئازادی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، مایكڵ ریگاس لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ عیراق، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی عیراق ئەنجامدەدات و دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكاش لە عیراق بەسەردەكاتەوە، هەروەها كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم کەشی پێشبینیکراوی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە  و بە گوێرەی پێشبینیەکانیش کەش ناجێگیر دەبێت و لە چەند ناوچەیەکی هەرێم نمەباران دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ دادەبەزن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەی گشتی کەشناسی  بومەلەرزەزانی  هەرێم بڵاویکردوەتەوە، کەش ناجێگیر دەبێت و لە پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین و ناوچە سنووریە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی نمەباران هەیە و ناسەقامگیری کەشوهەواش تا کاتەکانی شەو بەردەامی دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

لەبارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئاسمان پەڵە هەور و ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ زیاتر نزمدەبێتەوە.

 

بەگوێرەی کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشیوەیە دەبێت؛

هەولێر : 22 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 18 پلەی سیلیزی

دهۆک : 20 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 20 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 23 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 24 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشێك لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر توشی پچڕانی کارەبا بوونەوتەوە و وەزارەتی کارەباش دەڵێت: لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی 48 سەعاتی رابردوودا بەهۆی چالاکیی چاکسازی تۆڕی کارەبا، بەشێک لە هاووڵاتیانی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر توشی پجڕانی کارەبا بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە وەزارەتی کارەبا پێشووتر هاووڵاتیانی ئاگادارکردبووە کە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی چاکسازی بۆ گۆڕەڕەکان و تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەکات بۆ دابینکردن و کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا.

وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی روناکی کار لەسەر گەڕاندنەوەی کارەبا دەکەن بۆ هاووڵاتییانی گەڕەکی فەرمانبەران، و داواکارن هاووڵاتییان بەردەوام سەیری نامەکانی مۆبایل بکەن تاوەکو ئاگاداربن لەوەی کاری چاکسازی لە ناوچەکەیان ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

له‌سه‌ر راسپارده‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و‌ وته‌بێژی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، ‌له‌ نه‌خۆشخانه‌ سه‌ردانی‌ شێرزاد حه‌سه‌ن نووسه‌ر و رووناكبیریان كرد و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ درێغی‌ ناكه‌ن له‌ هه‌ر كارێك كه‌ پێویست بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن و باشتركردنی‌ ته‌ندروستی‌ شێرزاد حه‌سه‌ن.

دوێنێ نیوه‌ڕۆ‌ شێرزاد حه‌سه‌ن، نووسه‌ر و رووناكبیری كورد له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌قاری شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێك لێیدا و به‌هۆیه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار كرا بۆ چاره‌سه‌روه‌رگرتن.

دوای روداوەکە راستەوخۆ عه‌تا محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نووسینگه‌ی جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  و سه‌میر هه‌ورامی‌ وته‌بێژی‌ نووسینگه‌كه‌ی، به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شار سه‌ردانی‌ شێرزاد حه‌سه‌ن نووسه‌ر و رووناكبیریان كرد و له‌ هه‌واڵی‌ ته‌ندروستییان پرسی‌.
نوێنه‌رانی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ دڵنیاییان دایه‌ شێرزاد حه‌سه‌ن له‌وه‌ی‌ هه‌ر كارێك پێویست بێت و له‌هه‌ر جێگه‌كیش پێویست بێت بۆ چاره‌سه‌ركرنی‌ و باشتركردنی‌ ته‌ندروستی‌، درێغی‌ ناكه‌ن و له‌ خزمه‌تیدا ده‌بن
نووسینگه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ و نه‌خۆشخانه‌ی‌ شاری راسپارد بۆ پێشكه‌شكردنی‌ باشترین خزمه‌تگوزاری‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ شێرزاد حه‌سه‌ن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا عیراق پێویستیی بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارایە کە بتوانێت سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و هاوکات بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، عیراقێکی بە‌هێز هەڕەشە نییە بۆسەر هەرێم، بەڵکو بە پێچەوانەوە کورد دەبێت بەشێک بێت لە عیراقێکی بەهێز بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمیش بەهێزبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی گەشەپێدانی عیراق و هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، کە ئەرکی حکومەتی داهاتووی عیراقە زەمینەی گونجاو بۆ پرۆسەی گەشەپێدان بڕەخسێنێت و ئاسانکاری تەواوبکات، بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و بە تایبەتیش وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بۆ ئەوەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن و یارمەتیدەربن لە گەشەپێدانی ئابوری عیراق و کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خانمی یەکەمی عیراق لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: با ژنانمان بپارێزین لەڕێی ئەو سستمانەی بە راستیی پارێزگارییان لێ دەکات.

 

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان....

 

گوێم لەو ژنانە گرت کە رزگاربووی توندوتیژی بوون، هێز و بوێرییان سەرسامی کردووم، بەڵام ئەمە بەس نییە و دەبێ توندوتیژی کۆتایی بێت.

لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پشتیوانی هەموو ئەو ژنانەی عیراق و جیهان دەکەم کەنەهامەتییان پشتگوێ دەخرێت و فەرامۆش و بێدەنگ دەکرێن.

هێشتا میراتی کێشمەکێش لە عیراق هاندەری زیادبوونی توندوتیژی خێزانییە. ساڵانە دەیان هەزار حاڵەت تۆماردەکرێت و هێشتا ژمارەیەکی بێشووماریش ماوەتەوە کە باس ناکرێت.

دەبێت هۆشیاری ببێتە پارێزگاری کردن و پارێزگاریکردنیش ببێتە یاسا و خزمەت و کردار.

با ژنانمان بپارێزین لەڕێی ئەو سستمانەی بە راستیی پارێزگارییان لێ دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتی جەختدەکاتەوە، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حکومەتی سەرکەوتوو پێکناهێندرێت، هەر حکومەتێکیش پێکبهێندرێت شکست دەهێنێت.

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و تێیدا دواین پێشهاتەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکرا، لە دوای کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی متمانەی هاووڵاتیان دەکەین بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها یەکێتی پاپەندی بەڵێنەکانیەتی بەرانبەر بە خەڵک.

وتیشی، یەکێتی دەرگای کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە هەرێم و یەکێتی پێداگرە لەسەر داواکارییەکانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت.

کاروان گەزنەیی ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان لە عیراق بە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئەو پۆستەش کاندیدیان دەبێت.

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، وەکو یەکێتی ئامادەییان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بچنە بەغداد و لە رێگەی گفتوگۆوە، کێشەی موچە و بودجە چارەسەر بکەن، دەشڵێت، دەیانەوێت كورد لە بەغداد یەكدەنگ بێت.

"یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، چونکە یەكێتی لە دوو هەڵبژاردن دەنگ  و كورسییەكانی زیادیكردووە"، کاروان گەزنەیی وا دەڵێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم کۆبووەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنکەرە کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە بواری بازرگانیدا.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی سیاسیی عیراق دوای هەڵبژاردنەکان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوانیان بێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...9091929394...955