وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی توندی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە حکومەتی فیدراڵ.

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی 5ـی نیسانی 2026، گرووپە "تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان" لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە، کە زیانی گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەم زنجیرە هێرشانە بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هیچ هەڵوێستێکی جدییان بۆ رێگریکردن لێیان نەبووە.

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە، پێشمەرگە بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی بەرگریی عیراق و دانبەخۆداگرتنیان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی بووە، بەڵام هۆشداری دەدات: "ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەروا بێهەڵوێست بێت، ناچار دەبین هەڵوێستی ترمان هەبێت."