کوردستانکوردستان

زانکۆی راپەڕین دەستکەوتێکی دیکەی خستە سەر خەرمانی زانستیی خۆی و لە نوێترین ریزبەندیی "تایمز"ی بەریتانی بۆ ساڵی 2026، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت.

شەوی چوارشەممە 26ـی مانگ، دەزگای تایمزی بەریتانی (Times Higher Education) کۆتا وەشانی ریزبەندیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی (Arab University Rankings) بڵاوکردەوە. بەپێی ئەنجامەکان، زانکۆی راپەڕین لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ریزبەندیی 126 بۆ 150 دایە، بەمەش دەچێتە خانەی گروپی چوارەمەوە.

ئەمە یەکەمجارە زانکۆکە بەشداریی ئەم ریزبەندییە دەکات و راستەوخۆ دەچێتە پێشەنگی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان؛ ساڵی 2024 وەک هەنگاوی یەکەم دۆسیەی پێشکەش کردبوو و پلەی (Reporter)ی پێدرابوو، بەڵام ئەمساڵ پێشکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد.

پێشتر و هەر لەمساڵدا، زانکۆی راپەڕین لە ریزبەندیی (Impact Ranking)ی هەمان دەزگای بەریتانی، توانیبووی پلەی یەکەمی هەرێمی کوردستان و شەشەمی عیراق مسۆگەر بکات، هەروەها لە ریزبەندیی زانستەکاندا پلەی دووەمی هەرێم و سێیەمی عیراقی بەدەستهێنابوو.

سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین وێڕای پیرۆزبایی لە توێژەران، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران، رایگەیاندووە: "ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی ماندووبوون و دڵسۆزیی تەواوی ستافی ئەکادیمی و لیژنەی رانکی زانکۆکەیە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە هەرێمی کوردستان".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند، تەمویلی موچەی مانگی ئەیلول گەیشت و خرایە سەر هەژمارەکەیان لە بانکی ناوەندی.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ شەممە، بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم گەیشتووە.

وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و بڕیارە بەپێی خشتەیەک دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبا لەبارەی کەمبوونەوەی پێدانی سەعاتەکانی کارەبا سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێم دەکات و رایدەگەیەنێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەبا ئاسایی بکرێتەوە.

لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی  بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، سوپاسی یەکە بە یەکەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەرانبەر ئارامی و خۆڕاگرییان لەم کاتە سەختەدا، ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دانە غاز هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ، و فرۆشتگا و کارگەکان، چونکە گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانە.

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، لە حاڵەتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی نوێش، بەزووترین کات ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی باوك و كوڕێك لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكێكی سەنتەری قەزای ئاكرێ دۆزرانەوە و تائێستا هۆكاری گیان لەدەستدانیان دیار نییە، لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و تەرمەكانیش رەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كراون بۆ توێككاری زیاتر.

نێچیرڤان فەخرەدین، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی ئاكرێ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تەرمی ئەو باوك و كوڕە سەرەتا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتی گوڵان لە ئاكرێ، بەڵام هیچ شوێنەوارێكیان پێوە نەبووە كە هۆكاری گیانلەدەستدانیان روون بكاتەوە، بۆیە رەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كراوە بۆ زانینی هۆكاری گیانیان لەدەستدانیان.

ئەوەشی خستەڕو، باوكەكە تەمەنی 70 ساڵ بووە و كوڕەكەش تەمەنی 46 ساڵ بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدە باڵا ئەمنییەكەی عیراق كۆتاییهان بە كارەكانیان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر هێنا و كۆرمۆریان بەجێهێشت و دەگەڕێنەوە بەغداد.

وەفدەکە پێکهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عیراق، حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق.

ئەمڕۆ هەینی، وەفدێکی باڵای ئەمنیی عیراق وهەرێم سەردانی کێگەی غازی کۆرمۆریان لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کرد و لەگەڵ وەفدێکی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کۆبووەنەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە کۆبووەکەدا جەختیان لەسەر لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هەروەها لە دوایی کۆبوونەوەکە ئاشکرایان کرد لە دوایی 72 سەعات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەن.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویکردەوە، وەفدە ئەمنییەكە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەكە و بڕیاریشە، وەفدەكە راپۆڕتێكی ورد لەسەر هێرشەكە پێشكەشی سەرۆك وەزیران بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەسمامەڵەی حەجیان نەکردووە، حەج و عومرەی کوردستانیش داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە ناویان دەرچووە بۆ فەریزەی حەج بە زووترین کات مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.

کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەن کە ناویان دەرچووە بۆ فەریزەی حەج سود لەو کاتە وەربگرن کە بانکەکان هێشتا دەستیان بە دابەشکردنی موچە نەکردووە، چونکە لە ئەگەری دابەشکردنی موچە لە سەرەتای هەفتەیەی داهاتووەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە بانکەکان دروست دەبێت.

وتیشی، تا ئێستا سێ هەزار 625 کەس پارەی پێویستیان وەک ئەنجامدانی حەج پارەیان داوە و مامەڵەکانیان کردووە، نزیکەی هەزار و 265 کەسیش ماون تا ئێستا مامەڵەکانیان نەکردووە.

وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە مامەڵەیان نەکردووە لە سبەی رۆژی شەممەوە سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە و بانکەکان بکەن تا تووشی قەرەباڵغی نەبن و مامەڵەکانیان دوا نەکەوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، زیاتر لە 21 ملیار دینار بووە.

ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویکردەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 22 بۆ 28ـی11ـی2025، 21 ملیار و 764 ملیۆن و 367 هەزار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە 10 ملیار دینار زیادی کردووە، هاوکات هەر بەپێی داتاکانی ئەو ماڵپەڕە، داهاتی ئەم مانگە گەیشتووەتە 51 ملیار و 854 ملیۆن و 750 هەزار دینار.

جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پشبینییەکانی کەشناسی سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، کەشناسی عیراقیش راگەیاندووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی باران بارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها پلەکانی گەرمان نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر، دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاندبوو، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 22 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 20 پلەی سیلیزی

دهۆک : 21 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 23 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 23 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 24 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆبونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر  کۆتایی هات، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، بڕیارە لە 72 سەعاتی داهاتوودا ئەنجامی لیكۆلینەوەکان لە هێرشەكە ئاشكرا بكرێت.

ئەمڕۆ هەینی، وەفدێکی باڵای ئەمنی عیراق وهەرێم سەردانی کێگەی غازی سروشتی کۆرمۆریان لە سنوری چەمچەماڵ کرد و پێکەوە کۆبوەنەوە. 

ئاسان جەلال، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كۆبونەوەی وەفدی باڵای ئەمنی  عیراق و هەرێمی كوردستان ، كە پێكهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عیراق و حەمید شەتڕی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم كۆتایی كۆتایی هات.

پەیامنێری کوردستان نیوز، ئاماژیبەوەشکرد، لە دوای كۆبونەوەكە وەفدەكە چونەتە شوێنی تەقینەوەی موشەكەكە و بڕیارە لە 72 سەعاتی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا بكەن.

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە هێرشێكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر،بەهۆی هێرشەکەوە کێڵگەکە زیانێکی زۆری لێكەوتەوە و تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیرا و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش کارەبا لەهەرێم نە گەڕاوەتەوە رەوشی ئاسایی خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاندوە؛ گروپە چەکدارەکانی  ناوخۆی عیراق کە  لە رووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێیەوە هەیە، بەرپرسن لە ئەنجامدانی  هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئاماژەی بەوەشکردوە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە ئاماژی بەوەکردوە،  بەرپرسانی عیراقی و کورد بە شێوەیەکی تایبەت بۆیان پشتڕاستکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدراوە، کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ وڵاتێکی تر هەیە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە  بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم گرووپانە پەیوەندییە ئابوورییە نزیکەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر وەک "خاڵێکی لاواز" سەیر دەکەن.

رۆژنامەکە لە زاری رەمزی موریدینی، دامەزرێنەری سەنتەری جیۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوەی مەترسی جیۆپۆلەتیک بڵاویکردووەتەوە، کە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ رونە کە ئێرانییەکان چاودێری ئەم پێشهاتەیان دەکرد و هەوڵیان دەدا پەیامێک بۆ واشنتۆن بنێرن، کە هەژمونیان لە چوارچێوەی عیراق رێگەیان پێدەدات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکەنە ئامانج لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی راستەوخۆدا.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەروو؛ گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و گاز، رەنگە هۆکارێکی پاڵنەری زیادە بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشەوە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە رەتکرایەوە، ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە.

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە، کێڵگەی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە لە ٪80ـی هەرێمی کوردستان بێکارەبا بوون، دوابەدوای ئەم هێرشە شەپۆلێکی نارەزایەتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوادا هاتوو و هەموان بەتایبەت ئەمریکا داوای لێکۆلینەوەیەکی خێرای کرد لە روداوەکە و داواشی کرد  تاوانباران بدرێنە دادگا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق، رایگەیاندوە بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەن و  داواش دەکات هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریسـتییە، ئامادەی خۆشیان دەربریوە پیشکەشکردنی پشتیوانی بۆ پاراستنی ئەو ژێرخانە گرنگە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاویکردوەتەوەو تێیدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی دەکات.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو؛ پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانی تری عیراقی داوای هەنگاوی کرداریی دەستبەجێ لە حکومەتی عیراق دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆرستیە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە،  ئەم هێرشە تیرۆرستییە کە بریتیە لە دواهەمینی ئەو زنجیرە هەوڵانەی خراپەکاران ئەنجامیانداوە بۆ لاوازکردنی سەقامگیریی عیراق و بەئامانجگرتنی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان.

جەختیشیان کردوەتەوە؛ ئامادەن پشتیوانی پێشکەش بکەن بۆ هەوڵەکانی پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە و بەردەوام دەبن لە جەختکردنەوە لە گرنگیی ئەوەی عیراق سەروەریی خۆی بچەسپێنێت لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی ئەنجام دەدرێن بۆ لاوازکردنی و دڵنیایی بدات لەوەی گشت جۆرەکانی چەک، بە تایبەت درۆن و موشەک و رۆکێت دەهێنرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم  رایگەیاندوە؛ لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێم کرانە ئامانج، دوای دوو مانگ هیچ لێپرسینەوەیەک لەگەڵ بکەرانیدا ئەنجام نەدرا.

راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر درێژکاروەی هێرشەکانی رابردوون، کە هیچ لێپرسینەوەیەک لەگەڵ بکەرانیدا ئەنجامنەدرا.

ئاماژەیان بەوەکردوە؛ لە سەر هێرشيەکانی رابردوو بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دوای پێکهێنانی لیژنە و دەستنیشانکردنی بکەرانی هێرشەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی راپۆرتەکەدا، کە بکەرانی دیاریکراون و راپۆرتەکە لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانیشدایە و دەزانێت کێن ئەانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم، بەڵام حکومەتی فیدراڵی هیچ رێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.

دەقی راگەیەندراوەکە

راگەیەندراوێک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان

لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.

هەروەها دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.

لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.

بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.

هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.

هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا  لە رێگەی ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتەکەوە رایگەیاندوە؛ هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی   لە رووی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە جێی نیگەرانییە، ئاماژەی بەوەشکردوە هەرچەشنە هێرشێک کە ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرێت ئیدانە دەکەن.

وتەبێژەکەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە  نوسیویەتی؛ نیگەرانن لە  هێرشی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازی سروشتی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە عیراق.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئیدانەی هەر هەوڵێکی تێکدانین، کە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتە تێکبدات و هەرچەشنە هێرشێک کە ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرێت، ئیدانە دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئۆنجو کەچەلی راشیگەیاندووە، کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییە تورکانە گرتووەتە بەر کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری میدیا بینراو، بیستراو،  پۆرتاڵ و  رایەڵە ئەلیكترۆنییەکان دەکاتەوە، كە خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و هەواڵێکی بێ بنەما، ئاماژەی بەوەشکردوە پێوستە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەبنە هۆی دروستکردنی ترس و گومان و تێکدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئاگاداریینامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ئاگاداری گشت میدیا بینراو و بیستراو و پۆرتاڵ رایەڵە ئەلیكترۆنییەکانیان دەکەینەوە، كە خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و هەواڵێکی بێ بنەما وە پێوستە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەبنە هۆی دروستکردنی ترس و گومان و تێکدانی ئاشتی كۆمەڵەیەتی،.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛  بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتانە ناچنە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕینەوە بەتایبەتیش لە باری هەستیاری ئێستادا كە هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەك لەلایەن نەیارانیەوە رووبەڕووی چەندین شێوازی دوژمنكاریانەی پڕ مەترسی بۆتەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری جەختیشدەکاتەوە لەوەی لەم کاتەدا ئەم  هەڵسوکەوتە نابەرپرسانە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێكی میدیاییەوە بكرێت دوورە لەیاسا و لۆژیک و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/ بڕگەی سێیەمە  لە (رێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لەهەرێمی کوردستان).

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند: بەهۆی هێرشەكەی شەوی رابردووە، 2700تاوەکو 3000 مێگاوات كارەبا كەم بووەتەوە و لە ماوەی 24 بۆ 48 سەعاتی داهاتودا کارەبا دەگەڕێتەوە رەوشی جاران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان توانای دابینکردنی شەش بۆ هەشت کاتژمێر کارەبایان هەیە، جەختیشیکردوەتەوە لەوەی هێرشەکەی شەوی رابردوی سەر گێڵکەی کۆرمۆر بوەتە هۆی کەمکردنەوەی 2700 تاوەکو 3000 مێگاوات كارەبا.
 
ناوبراو جەختیکردوەتەوە لەوەی بەشی هەفتەیەک غازیان هەیە و بە هیچ شێوەیەک کێشە بۆ غازی ماڵان دروست نابێت و نرخەکەشی گران ناىێت.
 
لەبارەی گڕانەوە بۆ رەوشی ئاسایی کارەبا لە هەرێم، کەمال محمد رایگەیاندوە،  ئەگەر تەنیا زیان بەر كۆگاكانی كێڵگەكە كەوتبێت، ئەوا لەماوەی 24 تا 48 سەعاتی  داهاتوودا كارەبا دەگەڕێتەوە رەوشی ئاسایی.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەخۆشخانەی لە دایکبوون و منداڵانی سۆران بڵاویکردەوە، دوای ماوەیەکی زۆر لە نەبونی منداڵ، ژنێکی تەمەن 28 ساڵ بە سکێک چوار منداڵی بوو، کە سیانیان کوڕن.

ئەمرۆ پێنجشەممە، نەخۆشخانەی لە دایکبوون و منداڵانی سۆران بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی  ژنێکی تەمەن 28 ساڵان ماوەیەکی زۆر بێبەش بوو لە هەبوونی منداڵ، بە سکێک بووە خاوەنی چوار منداڵ، سێ کوڕ و کچێک.

نەخۆشخانەکە ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ منداڵەکان  بە رێگەی سروشتی و پێشوادەی خۆیان  لە دایکبوونو لە ئێستادا لەژێر چاودێریدان.

ئەوەشیان خستوەتەروو، دایکی منداڵەکان پێشتر چارەسەری نەزۆکی لەلایەن دکتۆری نەخۆشخانەکەیانەوە وەرگرتووە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8889909192...955