لە پەیامێکی پیرۆزبایدا، نوخشە ناسحی پارێزگاری هەڵەبجە پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری نوێی عیراق دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا، لە پەیامکەدا سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیشی کردوە، کە توانیوتەی پارێزگاری لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات.

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکردوە بە پێویستی دەزانێت سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی و خەڵکی هەڵەبجە ئاڕاستەی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری پێشوی عیراق بکات، لە پای ئەو پاڵپشتییە بەردەوامانەی و ئەو هەوڵە مێژووییانەی کە دای لە پێناو تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک 19مین پارێزگای عیراق.

 

دەقی پەیامەکەی پارێزگاری هەڵەبجە

بە شانازییەکی زۆرەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەڕێز هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە سیاسییە گەورەیە و پاراستنی پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار وەک قەڵایەکی دەستووری بۆ کورد لە بەغدا.

هەروەها پیرۆزباییەکی دڵسۆزانە ئاراستەی برای بەڕێزم فەخامەتی سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی دەکەم بەبۆنەی دەرچوونی وەک سەرۆک کۆماری عێراق. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا و دڵنیایین فەخامەتیان وەک هەمیشە خەمخۆری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و پارێزگای هەڵەبجە دەبن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم و خەڵکی هەڵەبجە ئاراستەی فەخامەتی د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بکەم، بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی و ئەو هەوڵە مێژووییانەی کە دای لە پێناو تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک ١٩مین پارێزگای عێراق؛ ئەو خەمخۆرییەیت هەرگیز لە یادی خەڵکی ئەم شارە ناچێت.

هیوای خێر و ئارامی بۆ هەموو لایەک دەخوازین.

 

نوخشە ناصح

پارێزگاری هەڵەبجە