ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و ناسەقامگیریی بارودۆخی رێگاکان، روداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگای ئامێدی – زاخۆ رویدا.

لە روداوەکەدا پاسێکی گواستنەوەی خوێندکارانی زانکۆی زاخۆ وەرگەڕا و بەهۆیەوە 14 خوێندکار بریندار بوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکی روداوەکە بۆ تەم و باران و ناسەقامگیریی کەشوهەوای ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

لەلای خۆشیەوە، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هیوای تەندروستییەکی باش و سەلامەتی بۆ خوێندکارە بریندارەکان خواست.

وەزیری خوێندنی باڵا جەختیکردەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەخۆشخانەکان لەسەر هێڵە بۆ دابینکردنی هەر پێویستییەک و بەدواداچوون بۆ رەوشی تەندروستیی بریندارەکان.