لەکۆبوونەوەیەکدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی پێکھێنانی «ھاوپەیمانی کوردستان»ی لە ھەردوولایەن کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر دوا پێشھاتەکانی رەوشی سیاسیی عێراق و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا کە وا بڕیارە لە ١٠ی١٠ لە سەرتاسەری عێراق ئەنجامبدرێت.
کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھەولێر بڵاویکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکات، کە ڕۆژی شەممە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ھێرشە ئاماژەیەکی ڕوونی پێشێلکاریە بەرامبەر سەروەری عێراق.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای ھەولێردا ھاتووە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سەعات ١:٥٠ شەو، سێ درۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی ھاونیشتمانییەک لە باخچەکانی سەر رێی سێولە لە گوندی براغ نزیک کۆمەڵگەی مەلائۆمەر لە پارێزگای ھەولێر دەدا، کە لەئاکامیدا دوو لەو درۆنانەکان دەتەقیەوە و یەکێکیان نەتەقییەوە، ھیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوتووەتەوە.
پارێزگای ھەولێر دەڵێت، بەتوندی ئیدانەکردنی ئەو ھێرشە بۆ سەر شارەکەمان دەکەین و ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی شارەکەمان شاری ھەولێر پارێزراوە و ئەو کردەوە تیرۆرستی ترۆسنۆکانە و تێکدەرانە ناتوانن ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری شارەکەمان بشوێنن.
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبوک رایگەیاند، ھاوپەیمانی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ خەڵکی ھەموو کوردستانە و دەستکەوتەکانی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمە و لە دوای ھەڵبژاردنیش رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاند، ھاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان دەکەینە چەتری کۆکردنەوەی ھەموو لایەنە کوردستانییەکانە لایەنی تریش پەیوەندییان کردووە بۆ ئەوەی دوای ھەڵبژاردن بەشداربن لە ھاوپەیمانی کوردستانی و بە کردار دروشمەکانی ھەڵبژاردن جێبەجێ دەکەین.
وتیشی، کلیلی چارەسەری کێشەکانی ھەرێم بەغدادە و ھەرێم بە دوورکەوتنەوەی لە بەغداد کێشەی مووچە و کێشەی تری بۆ دروست بوو و ھەوڵ دەدەین ئەو مافانە بۆ کورد بەدەست بھێنینەوە کە بەھۆی ریفراندۆم لەدەستماندا
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیشەوە لاھور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکرد، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد و یەکێتی دەبێت.
سەبارەی بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم بە بیانووی خۆگونجاندن دەستی کرد بە لێبڕینی مووچە و بەم نزیکانە ئەنجامی ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ کۆتاییھێنان بە لێبڕینی مووچە دەبینن.
وتیشی، ئەندامە زوویرەکانی پێشووی یەکێتی ئاشت دەکەینەوە و سەردانی ھاوڵاتیانی بادینان دەکەم و لەگەڵیان کۆدەبمەوە.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین بڵاویکردووەتەوە، سەعات نۆی ئەمشەو تەرمی گەنجێک بەناوی (ش،ع،م) لە رەگەزی نێرە و لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ و دانیشتوی رانیەیە و گەیەندراوەتە پزیشکی دادوەری رانیە، کە شوێنەواری پەت بە ملیەوە دیارە، لە ئێستادا توێکاری بۆ تەرمەکەی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە وتەی کەسوکارەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بە پەت خۆی ھەڵواسیواو بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بە مەبەستی زانینی ھۆکاری راستەقینەی رووداوەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە شوێنی ئاگرەکە رایگەیاند، لە ئێستادا ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
وتیشی، ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە لە کاتی گواستنەوەی سوتەمەنی لە تانکەرێکەوە بۆ تانکەرێکی تر بووە.
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە ھەولێر مۆڵ لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری لە ھەولێر کەوتەوە، بە ھۆیەوە دەیان دووکان سوتان و زیانێکی زۆری ماددیشی لێکەوتەوە.
تیمەکانی بەرگری شارستانی سەقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە، بەڵام تا ئێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و زیانەکانی ئاشکرا نەکراوە.
شەوی ڕابردوو بەھۆی پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش لە قەزای داقوق لە باشوری کەرکوک ٥ پۆلیس کوژران و سیانی تریش برینداربوون، بە پێی زانیارییەکان، لە ھێرشی یەکەمدا چەکدارانی داعش بە قەناس کامێرای چاودێری پۆلیسی فیدراڵییان شکاندووە و دواتر ژمارەیەک چەکدار ھێرشی دووەمیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی لیوای ٢٠ی فیرقەی ٥ی پۆلیسی فیدراڵی، لە ئەنجامدا ٥ پۆلیس کوژران و سیانی تریش برینداربوون، تەندروستی داقوقیش دەڵێت، تەندروستی بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەھۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە دابڕێنراوەکان، پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش لەو ناوچانە زیاتر بووە، بەو ھۆیەشەوە تا ئێستا ژمارەیەک لە ھێزە ئەمنییەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی.
مەکتەبی سکرتاریەتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، نوسراوێکی ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم کردووە و ڕایگەیاندووە، ساڵانە لە پڕۆسەی پەروەردەدا ھەڵەی کوشندە و بە پلان ڕوودەدات، ئەمساڵیش لە پرسیاری تاقیکردنەوەی پۆلی ٩ی بنەڕەتیدا، ٣٣ نمرە لەسەر ژیاننامەی شاعیرێک ھاتووەتەوە، لە کاتێکدا لە پڕۆگرامدا ژیننامەی ٤ شاعیر خوێندراوە، ئەوەش بێ بایەخکردنی پڕۆسەکە و قورسترکردنی باری سەرشانی خوێندکاران و شێواندنی مێژووە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو.
داواش دەکات، بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی نەخوازراوی خوێندن و خوێندکاران، پێویستە بڕیاری داخڵ بوونی گشتی بدرێت و ھەموو خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی، بەشداربن لە تاقیکردنەوەی وزاری، لیژنەیەکیش لە پەرلەمان و وەزارەتی پەروەردە پێکبھێنرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان.
"نەوزاد کامیل" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ئێستادا لە عێراق بەشەخۆراکی زیاتر دەدرێت بە خێزانە ھەژار و کەمدەرامەتەکان، کە لە ئێستادا ١٠ بەشە خۆرک لە ساڵێکدا دەدرێت بە خێزانەکان، بەڵام خێزانە کەمدەرامەتەکان ١٢ بەشە خۆراک وەردەگرن، وەزارەتی بازرگانی ھەرێمیش داوایکردووە ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق بەشەخۆراکی زیاتر بدرێت بە خێزانە کەمدەرامەتەکانی ھەرێم.
وتیشی، لە ئێستادا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لیستێکی ئامادەکردووە بۆ دیاریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان، لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە ئەو لیستە دەدرێت بە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی ھاوشێوەی پارێزگاکانی تر خێزانە کەمدەرامەتەکانی ھەرێمیش سودمەند بن لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی زیاتر.
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکی ناڕەزایی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، نوسراوێک کە سەرۆکی پەرلەمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە و تایبەتە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پەرلەمانتار، کە بەدواداچوونی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانە لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری بەڵێندەرایەتیی وەبەرھێنان.
لە یاداشتەکەدا ھاتووە، ئەو نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەکی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی نییە، لە ھەمان کاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیاریەتی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانن، ئەو نووسراوە لە ژێر ھەر پاساو و ناوێکدا کرابێت، تەواو نایاساییە، داواش دەکات ئەو نووسراوە ھەڵبوەشێنرێتەوە.
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردووەتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی ورد بکرێت و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا، سزای ھەر ئەندامێک بدرێت، ئەگەر پێگە و ناوی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتاریی بە خراپ بەکارھێنابێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی خەرجکردنی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
وتیشی، بە پێی نووسراوەکە لە ١/١/٢٠٢١ەوە تا ١/٦/٢٠٢١ مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار وەک پێشینە ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت و دواتر پاکتاو دەکرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٥٧٠ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نۆ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٤٩١ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID١٩ ژمارە ( ٤٨٥ )
١. پشکنین: ( ٧٥٢٣ پشکنینی نوێ)
• ( ٧٥٢٣) ھەولێر
• ( ١٣١٨) سلێمانی
• ( ٣٢٥٩) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ٢٥٦) گەرمیان
• ( ١٢٤) ڕاپەڕین
٢. تووشبوو: ( ٥٧٠ تووشبووی نوێ)
• ( ١٣٥) ھەولێر
• ( ١٩٥) سلێمانی
• ( ٢١٩) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ١٧) گەرمیان
• ( ٤) ڕاپەڕین
٣. چاکبوون: ( ٤٩١ چاکبوون)
• ( ٩٦) ھەولێر
• ( ٢١٦) سلێمانی
• ( ١٧٧) دھۆک
• ( ٢) ھەڵەبجە
• ( ٠) گەرمیان
• ( ٠) ڕاپەڕین
٤. ٤. مردن: ( ٩ مردن)
• ( ٠) ھەولێر
• ( ٤) سلێمانی
• ( ٠) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ٣) گەرمیان
• ( ٢) ڕاپەڕین
ئاماری گشتی:
کەرەنتین ھاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)
پشکنین ٢٠٧٨٥٣٩ (٧٢٢٦٥٩ ھەولێر، ٥٠٣٥٧٩ سلێمانی، ٨٣٦٣٣٥ دھۆک، ١٥٩٦٦ ھەڵەبجە)
تووشبوون ١٨٢٨٣٧ (٥٥٢٣٢ ھەولێر، ٥٩٩٩٩ سلێمانی، ٦٣٨٤٣ دھۆک، ٣٧٦٣ ھەڵەبجە)
چاکبوون ١٧١٠٦٨ ( ٥٢٩٢٤ ھەولێر، ٥٣٧٧٤ سلێمانی، ٦٠٧٧٥ دھۆک، ٣٥٩٥ ھەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ٧٣٢١ (١١٠٥ ھەولێر، ٤١٧٩ سلێمانی، ٢٠٢٠ دھۆک، ١٧ ھەڵەبجە)
مردن ٤٤٤٨ (١٢٠٣ ھەولێر، ٢٠٤٦ سلێمانی، ١٠٤٨ دھۆک، ١٥١ ھەڵەبجە)
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٥ی حوزەیران ٢٠٢١
کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە بڵاوکراوەیەکدا تکا لە سەرجەم ھاوڵاتیان و ئازدیخوازان دەکەن و دەڵێن، ھەر کەسێک خۆی بە خەمخۆری کورد دەزانێت با بێدەنگ نەبێت لەو زەڵمەی لە گیراوانی بادینان دەکرێت، ئەوان گیانی خۆیان خستووەتە مەترسی لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانی ئێوە و دەبێت ئێوەش وەفای خۆتان بخەنەڕوو لە پشت شاشەکان وەرنە دەرێ، لایەنیکەم گەر بە پۆستێکی سۆشیال میدیا بێت یان چالاکی ھەڵوێست بنوێنن.
کەسوکاری زیندانیانی بادینان داواش لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ھەموو ڕێکخراوەکانی جیھانی دەکەن بەجدی تر وەرنە سەرخەت بارودۆخی زیندانیان خراپە و ھیچ بەرەوپێشچونێک نیە و پلانی مەترسیدار ھەیە کە ھەموو چالاکوان بەبێ منەتی حوکم دەکرێن.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، بە ھۆی زیاد بوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی وەرزی ساڵانە لە سبەی رۆژی شەممەوە پلەکانی گەرما بەرزتردەبنەوە بە بەراورد لە گەڵ پلەکانی ئەمڕۆ.
راشیگەیاند، لە ڕۆژانی دوو شەممە تا پێنج شەممە پێشبینی دەکرێ بەرزترین پلەی گەرما تۆمار بکرێ لەم مانگەدا، کە لە نێوان ٤٤-٤٩ پلەی سیلیزی بێت بۆ سەنتەری شارەکان و ناوچەکانی گەرمیان.
کەشناسی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆماردەکرێ لە سەعات دووی دوای نیوەڕۆ تا سەعات چواری ئێوارە و بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینی کراو بۆ شارەکانی باشوری عێراق ٥٠ پلەی سیلیزی بەرەو سەرەوە دەبێت.

لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێم لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز وتی، "تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئوتومبێلە بێ سەرەتایانەی کە لەماوەی رابردوو لەلایەن ھاتوچۆی پارێزگاکانەوە ئامار کراون".
باسی لەوەشکرد، نوسراوێک لە ھاتوچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە ھەبووە، بەڵام ئەوە وەکو رونکردنەوە بووە بۆ ھاتوچۆی ناوشار کە ئەو ئوتومبێلانە لەکاتی سەرپێچی کردن و کەوتنە ناو مەفرەزەکان رێکاری یاساییان لەگەڵدا بگیرێتەبەر نەوەک بەتایبەت بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و دەستگیر بکرێن.
لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێم جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ چارەنوسیان دیاری دەکرێت، ئەو ئوتومبێلە بێ سەرەتایانە دەستگیر ناکرێن.