لە دیدارێکدا کە باڵیۆز و کۆنسوڵی ڕووسیا لە عێراق و ھەرێم لەگەڵ ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم ئامادەی بوون ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی کرا و بیر و بۆچوون لە بارەی پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕکرا، تەئکید لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش کرایەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان و بە گرنگییەوە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال بەرز نرخێندرا لە بنیادنانی پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەو لە نێوان ھەرێم و ڕووسیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییە لە مێژینەیە، پێویستی فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولای دووپاتکردەوە، بە تایبەت لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانیکردن لە مافەکانی گەلی کورد، و بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی پەیوەندییەکی ھاوسەنگە کە خزمەت بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت، داوایکرد ھانی سەرمایەداران بدرێت و بەشداری چالاک بن لە بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و وەبەرھێناندا.

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر ڕۆشنایی دۆخی عێراق دوای ھەڵبژاردنەکان بۆچوونی یەکێتی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت کورد یەک دەنگ و یەک بڕیار بێت لە ناوەند و گووتارێکی سیاسی ھاوبەشمان ھەبێت، تا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکەین و لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونیشیکردەوە ئەگەر سازش نەکرێت و بەرژەوەندی گشتی زاڵنەکرێت ئەوا ململانێیە سیاسییەکان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات، سازان و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی لە نێوان ھەموو لایەنەکان تاکە ڕێگەی ڕزگارکردنی عێراقە لەو ھەلومەرجەی تێیکەوتووە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بە وردی ھەڵوەستەکرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ئەگەرە سیاسییەکان تاوتوێکران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند دواکارین کێشەی کورد لە سووریا بە دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، سووربوونی یەکێتی دەربڕییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا و ھاوکاریکردنی فەرماندە مەزڵوم کۆبانی بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کورد و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.