وەزارەتی پێشمەرگە: پێداچوونەوە بە سەنگەرەکانی بەرگری پێشمەرگە دەکرێت
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، سەرپەرشتی سەردانێکی مەیدانی لیژنەی پێکھێنراوی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ دووبارە سازکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە شێوازێکی تۆکمەتر و باشتر دادەڕێژنەوە.
وتیشی، ڕێوشوێنی باشتر دەگرنە بەر بۆ ڕێگە گرتن لە ھەلقۆستنەوەی تیرۆریستان و پاراستنی سەنگەرەکان.
جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگە، لیژنەیەک بۆ دووبارە سازدان و ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکان پێکھێنرا، لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوو، ئەو لیژنەیە دەست بەکارەکانی دەکات و سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە تەواوی میحوەرەکان بەسەر دەکاتەوە و خاڵە نەرێنی و کەم و کوڕییەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دیاری دەکات و دواتر چارەسەر دەکرێن.