ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی دیسەمبەری ٢٠٢١، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی، ھاوینەھەواری سەرچناری بەسەرکردەوە و لە کەم و کورتییەکانی کۆڵییەوە. 


لە میانی گەشتێکیدا بە نێو ئەو ھاوینەھەوارەدا کە بەھۆی قەیرانی دارایی و کەمی بودجەوە بۆ ماوەیەکی زۆرە پشتگوێ خراوە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕایگەیاند سەرچنار و یادگارییەکانی بۆ ھەتایە ھەتایە لە بیر و ھزری خەڵکی سلێمانیدا دەمێنێتەوە چونکە سەردەمانێک ھاوینەھەوارە دیارەکەی سلێمانی بووە و شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە کە خەڵکی ئەم شارە و پیاوماقوڵان لێی کۆبوونەتەوە و یادەوەرییان تێیدا تۆمارکردووە. 


سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی وتیشی بە ھەوڵی ھەموو دڵسۆزانی شار، ھەڵمەتی نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕادەگەیەنین و کاردەکەین تا ئەم ھاوینەھەوارە دڵڕفێنەی سلێمانی، بچێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی لە ڕێی دووبارە ڕێکخستنەوە و جوانکردن و خزمەتکردنییەوە.


شاناز ئیبراھیم ئەحمەد وتیشی ھەر لەگەڵ دروستبونی سلێمانیدا، ھاوینەھەواری سەرچنار شوێنی پشوودان و سەیران و کۆکەرەوەی خێزانەکانی خەڵکی شار و پیاوماقوڵان بووە، ئەمەش لە ئەدەبیاتی ئەم شارەدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە بە تایبەت زۆرێک لە شاعیرانی وەک نالی و پیرەمێرد و ئەخۆل بە شیعر گوزارشتیان لە خۆشەویستیان بۆ سەرچنار کردووە، بۆیە سەرچنار شایەنی ئاوڕلێدانەوە و خزمەتکردن و جوانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ناو و ناوبانگیەتی.