موقتەدا سەدر و لایەنەکانی شیعە لە ماڵی ھادی عامری لە کۆبوونەوەدان
کوردسات نیوز
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھلی حەق و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە گەیشتوونەتە ماڵی ھادی عامری و کۆدەبنەوە، ھەروەھا سەرجەم لایەنەکانی تری چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
پێشتریش نوسینگەی نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ئەمڕۆ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر دەبێتە میوانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، ئەوەش وەک ھەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەبارەت بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق دادەنرێت.
ھومام حەمودی سەرکردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییش رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ماڵی شیعی بۆ دروستکردنی روئیایەکی یەکگرتوو و راستکردنەوەی رێڕەوی رەوشی عێراق کۆدەبێتەوە.