کوردستانکوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە دانێل کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراقیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عیراقیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوریی عیراق.

جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوانیان بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەمۆزەخانەی زاموا لەشاری سلێمانی پێشوازی لەژمارەیەک لەهاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان کرد.

لەو دیدارەدا وێڕای بەخێرهێنانیان بۆ شاری شاران، گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد لەمبارەیەوە خاتوو شاناز هیوای خواست ئەم ئاشتیەی ئێستا بەرقەراربوە درێژە بکێشێت.

دواتر وەفدەکە چەند بەشێکی مۆزەخانەی زاموایان بەسەرکردەوە و لەگەنجینەی دەوڵەمەندیی ئەدەبی و سیاسی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدیان رووانی.

وەفدەکەی باکوری کوردستان پێکهاتبوون لە ئایتن کایا هاوسەرۆکی شارەوانی بیرسوس، سیفیم بیسیسی هاوسەرۆکی شارەوانی سیلفان، سەفیە ئاکداغ هاوسەرۆکی شارەوانی دیاربەکر و غلبین شاهین هاوسەرۆکی شارەوانی نسیبین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بۆ حەجی 2026 وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە حەرەمی شاری مەککە قەدەغە دەکات.

کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە پێی بریارێکی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە وەرزی حەجی 2026 بە هەموو شێوەیەک وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە هەردوو مزگەوتی محمد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە مەدینە و حەرەمی لە شاری مەککەی پیرۆز قەدەغە دەکرێت.

وتیشی، ئەو هەنگاوەی سعودیە لە پيناو خزمەتکردنی حاجیان و هەبوونی کەشێکی ئیمانی و دوورکەوتنەوەی حاجیانە لە وێنەگرتن و سەرقاڵبوون بە مۆبایل و شتی دیکەوە.

کاروان ستونی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانیش هەموو حاجیان لەو هەنگاوە ئاگادار دەکەنەوە لەکاتی چوونیان بۆ پروسەی حەج و پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن و هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ ئەوەی حاجیان دووچاری هیچ کێشە و گرفتێک نەبنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی راگەیاندنی کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەولێر دەداتەوە و ئاشکرایدەکات: هەندێک پلاتفۆرم گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و کەتیبەکانی سەید شوهەدا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت روداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی قەزای خەباتەوەن لە هەولێرن کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەنجومەنی راگەیاندنی کەتیبەکانی سەید شوهەدا رایگەیاند، هەندێک پلاتفۆرم گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەپشت روداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی شاری خەباتەوەن لە هەولێر، کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا ئێمە هاوسۆزی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان لە هەردوولا دەردەبڕین- چونکە خوێنی هەموو عیراقییەک لای ئێمە پیرۆزە و ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە ئیدانە دەکەین، هاوکات بەنیازین سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکەین کە ئەو تۆمەتانەیان خستووەتەپاڵمان و داوا لە هاوبەشەکانیشمان دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و مافە سەرەکییەکانیان بۆ دەستەبەر بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئاسایشی هەولێر لەچەند رۆژی رابردوودا لە رێگەی دانپێدانێکی بە زۆردا لێپرسراوی کۆمیتەی خەباتی یەکێتی و کەتیبەکانی سەیدلشوهەدای تۆمەتبار کرد سەبارەت بە گرژییەکانی خەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات رۆژی 11ـی ئەم مانگە دەست بە نمایشی فیلمی باج دەکرێت، فیلمەکە لە چیرۆکی تاوانێکی راستەقینە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا وەرگیراوە.

ئەم فیلمە باس لە کێشەکانی خێزانێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەکات و لە چیرۆکێکی راستیەوە وەرگیراوە، کە چەندین روداوی نەخوازرا لێکەوتوەتەوە و بەرۆکی ئەو خێزانە دەگرێت.

فیلمەکە لە دەرهێنانی دەرهێنەر دیاکۆ بایزە و چەند ئەکتەرێکی دیار و بە ئەزموون رۆڵی تیادا دەگێڕن.

هاوکات فیلمەکە بەرهەمی دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە و رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە سیتی سینەما دەست بە نمایش دەکات. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی بەشداریکردنی بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئیلهام ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، دەیویست راستەوخۆ لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری بکات، بەڵام دیارە تورکیا هێشتا نەگەشتوە بە قبوڵکردنی ئەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت و پێویستە لە سوریای نوێدا مافی هەمووان پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ شەممە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وتارێکی بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش کرد.

ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، هەموان دەزانن  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە،  تورکیا و سوریا دەستیان هەیە لە دارشتنەوەی نەخشەی نوێ رۆژهەڵاتدا، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت.

جەختیشیکردەوە، دەبێت هەمووان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کاریگەری لەسەر سوریاش هەبووە و بوەتە هۆی وەستاندی شەڕ و ئازادکردنی ئۆجەلان چارەسەری پرسی کورد خێراتر دەکات.

ئیلهام ئەحمەد باسی لە ئاستەنگییەکان کرد و وتی؛ دەیویست لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبێت، بەڵام دیارە هێشتا تورکیا و ئەوەی قبوڵ نییە و سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئاسەتنگ  ماوە  و پیویستە لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، هیواشی خواست جارێکیتر خۆی بچێتە تورکیا و روبەڕوو گفتوگۆ بکەن.

داواشیکرد تەواوی پرس و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، سنورەکان لە نێوان سوریا و تورکیادا کراوەبن، چونکە  ئارامی سوریا ئارامی تورکیاشە.

وتیشی؛  لە سەردەمی رژێمی پێشوتری سوریادا، ئەوان وەک کورد و  تورک و پێکهاتەکانی دیکەش لە مافەکانیان بێبەش بوون، لە ئێستادا دەرفەتێکی نوێ هەیە، دەتوانن سوریایەکی نوێی دیموکرات ئاوەدان بکەنەوە، کە مافی هەمووان بپارێزێت لە چوارچێوەی یاسادا  و ئاماژەی بەوەکرد  سوریای نوێ بە بێ مافی نەتەوەکان سەرکەوتوو نابێت.

لێپرسراوەکەی ئیدارەی خۆسەر دوپاتیکردەوە، ئەوان لە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتدا نین، نە لە سوریا و نە لە تورکیاش، ئەوان دەیانەوێت ژیانێکی هاوبەشی پێکەوەییان هەبێت، کە مافی تەواوی نەتەوەکان پارێزراوبێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایەکی کەشوهەوا رایگەیاند، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین، کە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە هەرێم دەگرێتەوە، داواش دەکات لە رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە بکرێتە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چری باران بارین لەم هەفتەیەدا، هەوری سۆپەر سێڵ لە ئاسمان دەبینرێت و ئەو شەپۆلی بارانبارینە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە.

ئەو شارەزای کەشناسییە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات، رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان چەقی شەپۆلەکەیە لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو بۆ ئەوەی هەمووان سەلامەت بن .

داواش لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت،  لەو دوو رۆژەدا نەچنە شوێنە بەرزەکان بەهۆی بونی هەورەبروسکەی زۆر ، تاوەکو حاڵەتی نەخوازراو رونەدات، دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان نەکەوێت پێویستە ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ كۆنفرانسی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بە بەشداریی چەندین كەسایەتی جیهانی لە ئیستەنبوڵ لەلایەن دەم پارتی بەڕێوەدەچێت و بڕیار وایە گرنگیی ئاشتی و پێویستیی چارەسەری دیموكراتی بۆ گرفتەكان تاوتوێ بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بڵاویكردەوە، ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی هەبوونی ئاستەنگی سیاسی ناتوانێت ئامادەی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بێت كە لەلایەن دەم پارتییەوە بڕیارە رۆژی شەممە لە هۆڵی جەم كاراجا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، لەبری ئەوە لەڕێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بە شێوەی ئۆنلاین بەشدار دەبێت و وەك یەكەم قسەكەری كۆنفرانسەكە دەردەكەوێت و تیشك دەخاتە سەر گرنگیی ئاشتی و پێویستیی چارەسەری دیموكراتی بۆ گرفتەكان.

كۆنفرانسەكە مۆركێكی جیهانیی هەیە و ئامانج لێی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی ترە لە بواری ئاشتی و چارەسەركردنی ململانێكاندا، لەم چوارچێوەیەشدا، چەندین كەسایەتیی سیاسی و ئەكادیمی لە بەریتانیا و ئێرلەندا و بەلجیكا و كازاخستان و باشووری ئەفریقا ئامادە دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ هەینی خاتوو (دلبەر مەجید بەگ دەرگەڵەیی) دووای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

خاتو دلبەر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو دایک و برایەکی و خوشکێکی بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی ئەوسای عیراق شەهید دەبن، بەو هۆیەوە چەندین  شیعر و پەخشانی نەتەوەیی دەنووسێت و دەست دەکات بە چنینی کڵاوی پیاوانە و بە پیتی ئینگلیزی لێی دەنووسێت کوردستان یان نەمان.

 لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردووە سێ دانە لەم کڵاوانە بەدیاری دەدات بە خوالێخۆشبوو (مام جەلال تاڵەبانی)، یەکێک لەو کڵاوانە مام جەلال بەدیاری دەیدات بە شاعری گەورەی عەرەب (جەواهیری).

ساڵی 2011لە بەدوواداچونێکی میدیایی خوالێخۆشبوو مام جەلال ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو کڵاوە و دووانی تری لە دلبەر خان وەرگرتوە و ئەویش بەدیاری داویەتی بە جەواهیری. هەر ئەوساڵە واتا ساڵی 2011 مام جەلال دیاری تایبەتی خۆی وەک رێز لێنان بۆ ئەو خانمە نارد و بەسەری کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو تراکتۆرێک وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.

روداوەکە لە نزیک گوندی "مەلا سڵێمان" رویداوە و بەپێی زانیارییەکانی هاتوچۆ، قوربانییەکە لەدایکبووی ساڵی 2009یە.

هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی وەرگەڕانی تراکتۆرەکە دەستیپێکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، مەودای بینینیش لەنێوان 8 بۆ 10 کم دەبێت.

دەربارەی کەشی سبەینێ ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرماش یەک بۆ دو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.

پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم جۆرە دەبێت:
هەولێر: 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رەخنە لە دۆخی گشتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، لەم سەردەمەدا "کەس پارێزراو نییە" و مرۆڤ بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت تۆمەتی سیخوڕی دەخرێتە پاڵ.

وەزیری رۆشنبیری لە نوسینێکدا ئاماژەی بە فەرموودەیەک کردووە و نوسیویەتی: "مرۆڤ هەیە بە رۆژ باوەڕدارە، کەچی شەو بە بێ باوەڕی دەخەوێت، یان بە پێچەوانەوە"، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم دەقە رێک بۆ دۆخی ئێستای وڵات گونجاوە.

حەمەی حەمە سەعید بە شێوازێکی رەخنەئامێز دەڵێت: "وەیسی قەرەنی یان غەوسی بەغدا بیت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت کراویت بە سیخوڕی حەوت دەوڵەت، نەک هەر ئەوە، دەبێت بە دەمی خۆت هەقایەتی تاوانباریت بە گوێی دنیادا بدەیت".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری رۆشنبیری دۆخەکە بە "سەردەمێکی تاڵ و بێ ئەمان" وەسف دەکات و دەڵێت: "کەس پارێزراو نییە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لە ژنانی هەولێر، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بەشێکە لە ناسنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختیشیکردەوە لەوەی یەکێتی هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەشداریپێکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا و بەردەوامیش دەبێت.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە؛ بەبۆنەی دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی ژن لە هەولێر کۆبووتەوە و جەختی لەوەکردوەتەوە، کە یەکێتی کاری زیاتر دەکات بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ژن لەناو حزب و حکومەت و هەموو ناوەندەکانی بڕیاردا. 

قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی؛  بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.

لە کۆبونەوەکەدا، بەهۆی ماندوبونیان و هەوڵەکانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ سەرخستی لیستی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سوپاسی تایبەتی کردون و هەوڵەکانیانی بەرز نرخاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تانکەرێکی سوتەمەنی لەنزیک تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕا و بەهۆیەوە  شۆفێرەکەی بە سەختی بریندارە. بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان  بە کوردسات نیویز راگەیاند، بەهۆی روداوەکەوە شۆرتی کارەبا دروست بووە و بە ناچاری کارەبای قەزاکەیان کوژاندوەتەوە.

ئێوارەی ئەمرۆ کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان  بەتایبەت  بەکوردسات  نیوزی راگەیاند،  تانکەرێکی هەڵگری سوتەمەنی لەنزیک تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕاوە و  شۆفێرەکە بەسەختی بریندارە .

ناوبرا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لەهەوڵی رزگارکڕدنی شۆفێرەکەدان و روداوەکە شۆرتی کارەبای درووست کردووە، ئەوەش وایکردوە بەناچاری کارەبای قەزاکە بکوژێننەوە.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکەوە، رۆنێکی زۆر رژاوە و بە شەقامەکەدا بڵاوبوەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی دروستبونی مەترسی هاتوچۆ لە شەقامەکەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە لەدایکبووی ساڵی 2003 و 2004ـن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: لەسەر سكاڵای دوو هاووڵاتی و لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سەربە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتبار دەستگیركران.

ئاماژەی بەوەشداوە: دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سكاڵایان تۆماركرد كەدوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەكە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلەوە دوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەكاندا.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: لە ئێستادا تۆمەتباران (ا، ح، ح لەدایكبووی 2003/ ز، ع، ص لەدایكبووی 2004 ) بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، ئۆتۆمبێلەكان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندوە؛ شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی گێرەشێوێن لە شاری کۆیە ژمارەیەک کێل و قەبری کریستییانەکان شکێندراون و ئەوە کارێکی تێکدەرانەیە و داوای بەدواداچون لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان.

ئەمڕۆ  پێنجشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی گێرەشێوێن لە شاری کۆیە، لە گۆڕستانی کریستییانەکان، ژمارەیەک کێل و قەبری کریستییانەکان شکێندراون، ئەوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئیدانەی ئەم کارە تێکدەرانە دەکەن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئەو کارە دژی مێژووی ھاوبەش و پێکەوەژیانی ئاینییە، داوا لەدەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای کۆیە دەکەن، بەدواداچوون بکرێ و بکەرانی ئەم کارە ترسنۆکانەیە دەستنیشان بکەن و دواتر رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

وەزارەتی ئەوقاف جەختیش دەکاتەوە لەوەی با کەس وکاری کۆچکردوان دڵنیابن  کە وەزارەتەکەیان ھەموو گۆرەکان وەک خۆی نۆژەندەکاتەوە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8485868788...955