شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵرۆژی رۆژنامەگەری کوردی دا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: لەم یادەدا بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری ڕۆژنامەگەریی دەڕوانم و هەموو پشتگیرییەکی خۆم بۆ ڕۆژنامەنووسانی حەقبێژ و ڕاستگۆ دووپات دەکەمەوە، هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی کاری میدیایی لە چوارچێوەی ئەو یاسا ڕۆژنامەگەرییانەی کە لە کوردستاندا هەیە دەکەمەوە.

دەقی پەیامەکە

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

بە بۆنەی ١٢٨ـەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد مەدحەت بەدرخان) و ٢٨ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونیان لە بواری ڕۆژنامەوانیی بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری ڕۆژنامەگەریی دەڕوانم و هەموو پشتگیرییەکی خۆم بۆ ڕۆژنامەنووسانی حەقبێژ و ڕاستگۆ دووپات دەکەمەوە، هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی کاری میدیایی لە چوارچێوەی ئەو یاسا ڕۆژنامەگەرییانەی کە لە کوردستاندا هەیە دەکەمەوە و بە پێویستی دەزانم دوور لە کۆتوبەندی ململانێی سیاسیی زەمینەی لەبار بۆ ڕۆژنامەنووسان بڕەخسێنرێ، لەپێناو دەستکەوتنی زانیاری دەربارەی ڕاست و دروستی بابەتەکان و نیشاندانی سیمایەکی جوانی دیموکراسی تایبەت بە پرسی ڕۆژنامەوانی.

درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ڕێگای قەڵەم و دەنگە بوێر و ئازاکانیان، گیانیان بەخشی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٤/٢٢