"کارئاسانی دەکرێت بۆ ئەوەی دەرمان بە خێرایی بگاتە نەخۆشخانەی هیوا"
سام
٢١ی نیسانی ٢٠٢٦
کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی دەرمان بە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدرا و چەند بڕیارێک دران بەنیەتی ئاسانکاریی.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی کەمی دەرمان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی نەخۆشانی خۆشەویست لە نەخۆشخانەی هیوا، لەسەر پێشنیاری ئێمە و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی عیراق، نوێنەرانی نەخۆشخانەی هیوا و هاوکارم پەرلەمانتار براکۆ شەهید شێرکۆ، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش و یەکلاکەرەوە لە وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدرا.
د. بڕیار رەشید دەشڵێت: بەڕاشکاوی تیشکمان خستە سەر ئەو ئاستەنگ و رۆتینە بێزارکەرانەی دەبنە هۆی دواکەوتنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکە، خۆشبەختانە و پاش پێداگرییەکی زۆر، ئەم بڕیارانە دران:
1- کەمکردنەوەی ڕۆتین: کارئاسانی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی دەرمان بە خێراترین کات بگاتە دەستی نەخۆش.
2- زیادکردنی دەرمان: دابینکردنی چەندین جۆری دەرمانی پێویست و گرنگ بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
3- پلانی داهاتوو: ئامادەکارییەکان دەستیپێکرد بۆ زیادکردنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکە بۆ ساڵی 2027.
د. بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم دەستکەوتە دەرەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی پێشوومان بوو لەگەڵ وەزیری تەندروستی، تا بگەینە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان وەزارەت و نەخۆشخانەکە. هەمیشە لە خزمەتی خەڵک و کەرتی تەندروستیدا دەبین.


