پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە چوارەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی پێشەوای کورد و تێکۆشەری ئازادی گەلی کوردستان مام جەلال تاڵەبانی تێدەپەڕێت، ئەو لە دڵی ئێمەدایە و ھێز دەداتە تێکۆشانی ئازادی ئێمە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ھاتووە، سەرۆک مام جەلال بە یەکێک لە دۆستەکانی جوڵانەوەی کورد لە باکوری کوردستان ناسراوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ھاتووە، تا ئێستاش خەبات و ھەوڵەکانی مام جەلال بۆ کورد یاد دەکەنەوە و سیاسەتەکانی حیکمەتێکی گەورەیە بۆ ئەوان.
راشیگەیاندوە، لەم رۆژە سەختەدا رابەرێکی گەورەی کوردمان لەدەستداوە، پەیامی ئاشتی و ئارامی بۆ رۆحی پاکی مام جەلال دەنێرن و رێز لە ھەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال دەگرن بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد لە ھەموو بوارەکاندا.
نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لە ھەرێمی کوردستان لە چوارەمین ساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجاری سایەی شکۆمەندی نەتەوە و نیشتمان، بەڕێز مام جەلال تێپەڕ دەبێت.
جەختیشیکردەوە، مام جەلال ھەر بە تەنھا سکرتێری گشتی یەکێتی و سەرۆکی حزبێکی سیاسیی کوردستانی نەبوو، بەڵکو سەرکردەی تێکۆشانی گەلی کورد بوو لە سەرتاسەری کوردستان.
وەزارەتی تەندروستی داوا لەو ھاووڵاتیانەش دەکات کە تا ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن و سەردانی بنکەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسین بکەن، چونکە وەرگرتنی ڤاکسین تەنھا ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا.
جەمیل ھەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکێتی و گۆڕان لقی دارێکن کە ڕەگ و ڕیشەی بە قوڵایی خاکدا چووەتە خوارەوە.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستانیش ڕایگەیاند، لە بەردەم ھەڵبژاردنێکی چارەنوسسازدان و بە یەکیشەوە بەھێزتر دەبن، بەڵام لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ململانێی ناوخۆیی زۆر ھەبوو ئەوەش زیانی بە پێگەیاندوون.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانی دەڵێت، بە یەکەوە دەتوانن مافی گەل و خاک و کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و مافی پێشمەرگە و زیندانیان و جوتیاران وەربگرنەوە.
لە راگەیەنراوێکدا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ چەند کاندیدێکی ھەڵبژاردنی ١٠ی ئەم مانگەی عێراق راگەیاند، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە بازنە جیاجیاکانی عێراق پشتیوانی لە کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان دەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا تەڤگەری ئازادی داوا لە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیان دەکات، ئەو مافە دەستورییەی ھەیانە بە کاریبھێنن و بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە تەڤگەری ئازادی پشتیوانیان دەکات.
دەقی راگەیەندراوەکە...
راگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی کوردستانەوە
ھاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
جەماوەرە دڵسۆزەکەی ھاوپەیمانی کوردستان؛
بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی ماڵئاویی سەرۆک مام جەلال، سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی کوردستان بڕیاریدا بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە سەرتاسەری کوردستان ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن رابگرێت. داواکارین کاندیدە بەڕێزەکانی ھاوپەیمانی کوردستان و ھەموو کادر و ھەڵسوڕاوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ھەموو چالاکییەکی بانگەشەی ھەڵبژاردن رابگرن. ھەروەھا داوا لە میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتی و گۆڕان دەکەین لە ماوەی دیاریکراودا لە جیاتی رووماڵی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەرنامەکانیان تەرخان بکەن بۆ باسکردن لە ژیان و خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵە تێکۆشەرەکانی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە سەرکردەی مەزن رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا.
سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی کوردستان
"یەحیا ڕەسوڵ" وتەبێژی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ٨ تیرۆرستی داعشیان لە کەرکوک کوشتووە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە ھێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی موسڵ بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھێزەکانیان توانیوویانە لە چەند گەڕەکێکی ناو شاری موسڵ ٢٥ تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن.
تیرۆریستەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ویستوویانە لە ڕۆژانی داھاتوودا لە ڕێگەی مینی چێنراو تەقینەوە ئەنجام بدەن و دواتر ھێرش بکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان.
"سابرین ئەلنەوی" بەرپرسی نوسینگەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور داوا لە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەکات دەستبەجێ ئەو پێنج ڕۆژنامەنوسە ئازاد بکەن کە لە دادگای دووی ھەولێر تۆمەتی ھەڵبەستراویان ئاڕاستەکراوە و بۆ دانپێدانانیشیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە بەیاننامەیەکیشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ڕۆژی ٦ی مانگی ڕابردووەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە سزادانیان و ڕەوشی زیندان، سێ لە سزادراوان مانیان لە خواردن گرتووە و چوونەتە پاڵ مانگرتنی زۆربەی دەستگیرکراوانی بادینان کە ژمارەیان ٨٢ کەسە.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەو ماوەیە لە مانگرتن، ئێستا ڕەوشی تەندروستی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان خراپە، ئەوەش جێی نیگەرانییە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، زیاتر لە ٣٨١ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی سێ پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە ڕانیە خەرج دەکرێت کە کۆی گوژمەکەی سێ پڕۆژەکە لەسەر فرۆشتنی زەوییە ڕوکنەکانی سنووری شارەوانی ڕانیە دەبێت، ئەوەش بە پێی یاسا و ڕێنماییەکانە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو بڕە پارەیە ١٣٥ ملیۆن و ٢١٥ ھەزار دیناری بۆ گەڕەکی شادی و ١٤٥ ملیۆن و ٦١٥ ھەزار دیناری بۆ گەڕەکی چوارچرا و ١٠١ ملیۆن و ٩٠٥ ھەزار دیناریشی بۆ گەڕەکی ئایندە خەرج دەکرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، لە دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا جوڵەی بازرگانی لە دەروازەسنورییەکانی ھەرێم لەم مانگەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و داھاتی لەم مانگەدا زیادیکردووە.
راشیگەیاند، لە رابردوو بەھۆی کۆمەڵێک رێکاری تایبەت لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان، بازرگانان پەنایان بۆ دەروازە سنورییەکانی پارێزگاکانی عیراق برد بۆ ئەوەش کۆمەڵێک رێککار کە دانرابوون ئاسانکاری بۆ کراو بەوھۆیەوە بازرگانان زۆریان گەراونەتەوە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم.

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، جیھاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ھەولێر، دوای ١١٢ رۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە، دیپۆرتی رۆژئاڤای کوردستان کراوەتەوە.
رونیشیکردووەتەوە، ئاسایش، بە جیھاد حەسەنیان راگەیاندوە، بەھیچ جۆرێک نابێت بگەڕێتەوە ناو شاری ھەولێر و ھەولێر بۆ ئەو قەدەغەیە، ھاوکات ناسنامە و کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان لێسەندووە و ھیچ شتێکیان پێنەداوەتەوە.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور خۆرھەڵاتی سوریا، ئیدانەی دیپۆرتکردنەوەی، جیھاد حەسەن دەکات و بەکردەوەیەکی دوور لە پێوانە مرۆییەکانی ناودەبات، ھاوکات داوا لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی ھەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ.
شەڕڤان دەروێش فەرماندەی باڵای ھێزەکانی سوریای دیموکرات و وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان ٧٢٣ جار ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاڤای کوردستانیان بۆردومان کردووە، کە دەیان ماڵ کراونەتە ئامانج و بەھۆیەوە ژمارەیەک مەدەنی شەھید و برینداربوون.
رونیشیکردەوە، بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا، زەمینەیی رەخساندووە بۆ دووبارە چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.