بڕیاری وەرگرتنی ٣٥ دۆلار لە ھاوڵاتیان لەناو دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ھەڵوەشایەوە
کوردسات نیوز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
رۆژی ھەینی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێم بڕیاریدابوو لە دەروازە سنورییەکان کار بە کارتی ڤاکسین نەکرێت و لە بەرامبەر ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی لە دەروازەکانەوە دێنە ھەرێم ٣٥ دۆلار وەربگیرێت.
دەستبەجێ سەرپەرشتیارانی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل لە زاخۆ بڕیارەکەیان جێبەجێ کرد و ھەر گەشتیار و ھاوڵاتی و کاسبکار و بازرگانێک سەردانی ھەرێمیان دەکرد ٣٥ دۆلاریان لێ وەردەگیرا، ئەو کارەش ناڕەزایی زۆری لەناو ھاوڵاتیان و کاسبکاران لێکەوتەوە و شەوی رابردووش سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی ھێنایە سەر خەت و بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە. پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ئێستادا لە دەروازەکە کار بە کارتی ڤاکسین دەکرێت و پشکنین بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ھەروەھا بڕیاردراوە ھەر کەسێک کارتی ڤاکسینی ھەیە و لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل پارەیان لێوەرگیراوە بۆ پشکنین بۆیان دەگەڕێنرێتەوە.



