فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٠٠ لە رێکەوتی ٢١ی ٤ی ٢٠٢١، کە تایبەت بوو بە بابەتی وشکە ساڵی لە ھەرێمی کوردستان، بڕی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار، بۆ چارەسەری کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان وەک ھەنگاوی یەکەم لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان خەرج کرا.
عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەغداد دەرنەبڕیوە.
وتیشی، لە داھاتوودا سەردانی حکومەتی عێراق دەکەنەوە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گواستنەوەی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەغداد.
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سەردانی پەرلەمانتاران بۆ پرۆژەکان نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کردوە و بەمەبەستی کاری بەدواداچونی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار دەکاتەوە، ھیچ پەرلەمانتارێک لە رێگەی کەسییەوە ناتوانێت سەردانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەخزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری بەڵێندەرایەتی و بواری وەبەرھێنان بکات، بەڵکو دەبێت بەبڕیاری لیژنەکان ئەو بەدواداچونانە بکرێت، یاخود بە نوسراوی رەسمی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
لە بەشێکی نوسراوەکەدا ھاتووە، لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، پەرلەمانتاران بەبێ مۆڵەت سەردانی پرۆژەکان نەکەن.
ئەمڕۆ ٢٣ حوزەیرانی ٢٠٢١ دابان شەدەڵە جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سویدی کرد و لەگەڵ ئان لیندێ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا ئان لیندێ وەزیری دەرەوەی سوید جەختیکردەوە، دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی بەھێز بێت لە رووی دیموکراسی، ئاسایش و ئارامی و ئابوری لە عیراقی فیدراڵدا.
ھەروەھا جەختیکردەوە، سوید ئامادەیە یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدات بۆ بەھێزبونی لە رووی دیموکراسی و ئاسایش و ئارامی و ئابورییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت ئەو پرۆژە ھاوبەشانەی ھەن، بەردەوامییان پێبدات.
لەوبارەیەوە دابان شەدەڵە رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باسمان لە پەیوەندییە ھەمەلایەنەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سوید کرد، بە تایبەتی چۆنێتی رێکخستنی کار و چالاکی لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کلتوری.
ھەروەھا ھەڵبژاردنی داھاتوی عیراق و ئارامی و ئاسایش و ھاتنی کۆمپانیاکانی سوید بۆ ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوە.
ساڵی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار تۆن گەنم بەرھەم ھێنراوە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەمبارانییەوە، لە چەندین ناوچە زیان بە بەرھەمی گەنمی جوتیاران کەوتووە و پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵ نزیکەی ٧٠٠ ھەزار تۆن بێت.
ئیدارەی دەروازەی سنووری سێمێلکا بڵاویکردەوە، وەک ڕەتکردنەوە و وەڵامدانەوەی ڕەفتارەکانی ئەو دەسەڵاتەی کۆنترۆڵی دەروازەکەی کردووە، کە مەرجی نوێی بۆ ھاتنی ھاوڵاتیان لە ڕۆژئاڤای کوردستانەوە بۆ ھەرێم دیاریکردووە، لە ئەمرۆوە بە شێوەیەکی گشتی دەروازەکە بە ڕووی ھەموو ھاتوچۆیەکدا دادەخرێت.
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ٤٢٨ ھەزار خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن. وتیشی، لە سیستمی نوێی خوێندندا کەوتن نیە و ھەر خوێندکارێک تووشی کۆرۆنا بووبێت، لە خولی دووەمدا تاقیکردنەوەکانی دەکات.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان پێشبخرێت، دەتوانن لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا وەرزی نوێی خوێندن دەستپێبکەن.
عەلی عوسمان بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بۆ کاروباری پیشەسازی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە بۆ دیاریکردنی میکانزمێکی نوێ سەبارەت بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کارگەکانی بەرھەمھێنانی پیشەسازی کۆبوونەوەیەک کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار پێکھێنراوە.
وتیشی، لە دوای شەش مانگ، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کارگەکانی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و میکانزمێک بۆ چۆنیەتی لێخۆشبوونەکە دیاریکراوە.
شیروان میرزا لە لێدوانێکدا بۆ "کوردسات نیوز" وتی، "ھیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیارە نییە کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانی بکات و لە ئێستاشدا چاوەڕوانی گەیشتنی پارەکە دەکەن.
وتیشی، تا ئێستا ڕوون نییە پارەکە تەنھا بۆ یەک مانگ ڕەوانە دەکرێت یاخود بەغداد ئەو شەش مانگەی پێشتری ساڵی ٢٠٢١یش بۆ ھەرێم خەرج دەکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ھەولێر و دوو ئەندامی پەیوەندییەکانی "پەیەدە"، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لە شاری ھەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەستگیرکراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ڕاشیگەیاند، ئەو کارە پێچەوانەی بەھا دیپلۆماسییەکانە و بەرپرسیاریەتی ژیانیان دەخەنە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم، داواشی لە لایەنە ڕەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، ھاوکاریان بن، لە ئاشکراکردنی شوێنی دەستگیرکردنیان و ئازادکردنیان.
لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ لە ھەولێر، قوباد تاڵەبانی، سەرەتا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی یۆنان کرد لە ئەرکی نوێیدا و داوایکرد ھەرچی دەتوانێت بیکات بۆ برەودانی زیاتری پەپوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەسینا بە تایبەت لە بوارەکانی گەشتیاری و خوێندنی باڵا و کەلەپوور و بازرگانی.
دواتر قوباد تاڵەبانی پوختەیەکی لە بارەی کارنامەی حکومەتی ھەرێم پێشکەش بە کونسوڵی یۆنان کرد و جەختیکردەوە، حکومەتی ھەرێم کار بۆ فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات دەکات و ستایشی نموونەی یۆنانی کرد لە گرنگیدان بە گەشتوگوزار کە دەکرێت ببێتە وانە و ئەزموون بۆ ھەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە کونسوڵ ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری زیاتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان و شارەکانی یۆنان. ھەروەھا بە گرنگییەوە باسی لەوەشکرد بڕیارە بەم نزیکانە سەرۆک وەزیرانی یۆنان بێتە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش یەکێک دەبێت لە وێستگەکانی سەردانەکەی.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکە باسی لەوە کردووە، جوانڕۆ کەریم قادر ناسراو بە جوانڕۆی باڵەبان کارمەندی وەزارەتەکەیان بووە و دوابەدوای بەدواداچوونی یەکە سەبازییەکەی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و ئاسایش، تەرمی ناوبراو بە دەستبەستراوی لە نزیک گوندی پەلکەڕەشی نێوان کەسنەزان و دێگەڵە دۆزراوەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویستی لەبارەی ئەم تاوانەوە گرتووەتەبەر و لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و چاوەڕێی دەرئەنجامی لیکۆڵینەوەکانن.