"عەبدولواحید محەمەد" سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەمەبەستی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، بەردەوام کاریان لەسەر پرسی پلە بەرزرکردنەوەی مامۆستایان کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتی رەسمییان داوە بە وەزارەتی پەروەردە و پەرلەمانی کوردستان، چونکە مافێکی سروشتی و یاسایی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.

وتیشی، لە ئێستادا بەھۆی راگرتنی پلە بەرزکردنەوە، مانگانە ٦٠ تا ٧٠ ھەزار دینار لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەگێڕدریتەوە، ئەوەش لێبڕینێکی داپۆشراوە.
لەبارەی ئەو کەمپەینەش بۆ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ھەرێم راگەیەنراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھەر ھەوڵێک بۆ ئەو پرسە بدرێت ھەوڵێکی یاساییە و ھەماھەنگ دەبن لەگەڵیان، خۆشیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ بەرزرکردنەوەی ئەو داواکارییە.