لە خۆرھەڵاتی کوردستان جارێکی تر ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبوو
کوردسات نیوز
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
موحسن خادمی بەڕێوەبەری گواستنەوە و رێگەوبانی مھاباد رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەی ماوەی دوو رۆژە رووی لە ناوچەکە کردووە، رێگەی نێوان مھاباد-بۆکان کە بە رێگەی بورھان ناسراوە داخراوە، وتیشی، لە رێگەکانی تری نێوان مھاباد و پەسوە و پیرانشار و سەردەشت ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبووە و شۆفێران تەنھا دەتوانن بە زنجیر و کەلوپەلی ناوبەفر ھاتوچۆ بکەن.
ئەمیر یۆد بەیزا بەڕێوەبەری رێگەوبانی تکاب رایگەیاند، بەھۆی کڕێوە و باوبۆرانەوە رێگەی نێوان تکاب-ئێرانخا بەتەواوەتی داخراوە، داواشی لە شۆفێران کرد، تا ھێوربونەوەی رەوشەکە و ئاگادارکردنەوەیان، لەو رێگەیە ھاتوچۆ نەکەن.
ھەفتەی رابردووش بەھۆی بەفربارینی زۆر لە زۆربەی ناوچەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبوو و رێگەی ھەزاران گوند داخران کە تا ئێستاش بەشێکیان نەکراونەتەوە.



