
لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی خوێندن و ئاستی زانستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ خوێندکاران، "بافڵ جەلال تاڵەبانی" بڕیاریدا بە دروستکردنی باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ کەمپەسی زانکۆی خانەقین، بە بڕی ٤١٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار، کە پێکدێت لە ھۆڵی خوێندن و تاقیگەی زانستی پێشکەوتوو.
ئەو بڕیارەش لە دوای دیداری بافڵ جەلال تاڵەبانی ھات لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی، دوای خستنەڕووی ئەو داواکارییە، بەڵێنی بە خوێندکارانی بەشی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاریی خانەقیندا بۆ دروستکردن ئەو کەمپەسە، رۆژی چوارشەممەش تیمەکانی مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتیی یەکێتی دەستبەکار دەبن و کارەکانی پرۆژەکە لەماوەیەکی کەمدا تەواو دەکرێن.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژنانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوەو پیرۆزبایی رۆژی ھەشتی مارسی لەژنان کرد و بەووردی تاوتوێی بارودۆخی ئێستای ژنانی کرد لەھەرێمی کوردستان بەتایبەت زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەوبارەیەوە، ھاوکات رۆڵ و پێگەی ژن لەنێو سیاسەتی یەکێتی دا باسی لێوەکرا.
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال داواشیکرد کەژنانی سەرکردایەتی رۆڵی خۆیان ببینن ھەم وەک سەرکردەیەکی سیاسی و ھەم وەک ژنێک تا لەپرسی تایبەت بەژنان و یەکسانی جێندەری دا کاریگەری بەرچاویان ھەبێت.
سەبارەت بەبەستنی دیداری یەکێتی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دیداری یەکێتی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی بەگشتی ھەروەھا مەسەلەی ژنان، لەمبارەیەوە داوای لەژنانی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی نەخشەرێگا و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ مەسەلەی ژنان و یەکسانی جێندەری دابرێژرێتەوە و داوای کرد ھەمووان ھاوکار بن لەوبارەیەوە.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: ژنی بەتوانایان زۆرە بۆیە دەبێ بەپێی توانا و لێھاتویی دەستگیرۆیی بکرێن و پۆستی جێبەجێکارییان پێ بدرێت تا خۆیان بسەلمێنن، دووپاتیشی کردەوە کەدەبێ ژنان کاربکەن تا لەرووی رێژەوە بونیان زیاتر بکەن لەھەموو کایەکاندا شانبەشانی پیاوان بۆ بەدیھێنانی یەکسانی.
لە ٦ی ئاداری ١٩٩١ قەزای بازیان و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر لە دەست رژێمی بەعس رزگار کران، بە جۆرێک کە لە سەعات ٤ی ئێوارە خەڵکی بازیان دەستیانگرت بەسەر دام و دەزگاکانی بەعس، لە پشدەریش سەربازگە و دەزگاکانی ڕژێم لەلایەن پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە دەورەدران و کۆنترۆڵکران .
بەڵام فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر بەرگری کرد و تیایدا چەندین پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید بوون. ھەروەھا، ھەمان ڕۆژ لە ناوچەی بیتوێن شەڕ لەگەڵ فیرقەی ٤٤ی چوارقوڕنە دەستیپێکرد و دواتر بۆ پاڵپشتی فیرقەی چوارقوڕنە ڕژێمی بەعس لیوایەکی بە تۆپ و چەکی قورس و مام ناوەند رەوانەی ناوچەکە کرد و دەستیکرد بە شەھیدکردنی ھاوڵاتیان، بەڵام ھەمان ڕۆژ ئەو لیواش لەناوبرا و چەندین سەرباز و ڕائیدی رژێم کوژران.
فەرمانبەران و مامۆستایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، رۆژ لە دوای رۆژ نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و داھاتی ناوخۆی ھەرێم زیاد دەکات و فەرمانبەران چاوەڕوانی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و پلە بەرزکردنەوە بوون، بەڵام حکومەتی ھەرێم رۆژ لە دوای رۆژ مووچەکانیان دوادەخات. راشیانگەیاند، رۆژانی داھاتووش بەردەوام دەبن لە بایکۆت تاکو مووچەکانیان بەبێ لێبڕین و لە کاتی خۆیدا پێدەدرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم بڵاویکردەوە، تیمەکانی شارەوانی لە شاری سلێمانی پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی ٣٠ مەتری لە سنووری گەڕەکی کەڵەکن و ھەواری شار جێبەجێ دەکەن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بریاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە ٣٦٣ ملیۆن دینار بە مەبەستی کاری بڕین و پڕکردنەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردن و تەواوکردنی پرۆژەکە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
دوای ١٦ مانگ و ٢٢ رۆژ لە دەستگیرکردنی بێریڤان ئەیوب لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، ئەمڕۆ لە دادگای دووی تێھەڵچونەوەی ھەولێر دادگایی کرا و بڕیاردرا بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ.
"بەشدار حەسەن" ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، لەھەر ساڵێک سێ مانگ لە سزای بێریڤان و عەبدول موتەلیب کەمدەکرێتەوە و بەھۆی ئەوەی نزیکەی ١٧ مانگە لە زیندانن، مانگێک و ١٣ رۆژی تر ئازاد دەکرێن.
بێریڤان تەمەنی (٣٦) ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە، دوای دەستگیرکردنی ھاوسەرەکەی لە بێریڤان جیابوویەوە.
ھاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کەرتی تەندروستیی سلێمانی رووبەڕووی گرفتی زۆر بووەتەوە و حکوومەتیش ئەمساڵ ھیچ بڕە پارەکی وەک نەسریە بۆ خەرج نەکردوون.
وتیشی، ئەگەر رۆژی چوارشەممەی ئەم ھەفتەیە مووچەیان بۆ دابین نەکرێت کە ماوە ٤١ رۆژە وەریاننەگرتووە، ئەوا لە رۆژی شەممەی داھاتووەوە بایکۆتی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکان دەکەن.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیداوە بەزیادکردنی بودجەی پڕۆژەی ستراتیژی پردی تووەقوت، لە ٨ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینارەوە بۆ ٢٧ ملیار و ٦٨١ ملیۆن دینار.
راشیگەیاند، پرۆژەی ستراتیژی پردی تووەقوت، لە لایەن ھەردوو کۆمپانیای "سەرسیر و ساکۆ"وە جێبەجێ دەکرێت، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ھەڵەبجەیە و لەسەر بودجەی وەبەرھێنان جێبەجێدەکرێت.
"ڕابەر محەمەد" بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی شەڕی روسیا و ئۆکراین و زۆربوونی ژمارەی پڕۆژە پەلەوەرییەکانیش عەلف گران بووە.
ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە زیان بە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر بگات. وتیشی، یەکێکی تر لەو ھۆکارانەی کە خاوەنی پڕۆژەکان زیان بکەن ئەوەیە کە حکومەتی عێراق رێگری دەکات لە ھەناردەکردنی بەرھەمە پەلەوەرییەکان لە ھەرێمەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دەقی پیرۆزباییەکە
برای بەڕێزم: کاک محەمەدی حاجی مەحمود- سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
ئەنجامدانی حەوتەمین کۆنگرەی حزبەکەتان و ھەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆکی حزب لە خۆتان و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد لەخەباتی شاخ و شاردا رۆڵێکی دیاری ھەبووە وخاوەنی مێژوویێکی پرشنگدارە، ئومێد دەکەم لە داھاتووشدا بەردەوام بن لەسەر ھەمان رێچکەو رێبازتان.
دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی جەنابت و ئەندامانی ھەڵبژێردراوی سەرکردایەتی دەکەم و ھیواخوازم بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەکەتان لە خزمەتی کوردو کوردستان بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
راگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ئەمڕۆ لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی ڕێکخستن و بە ئامادەبوونی سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن و لە مەراسیمێکدا ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی بۆردەکانی ڕێکخستن و ھەڵسەنگاندن کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکەوت زەکی باسی لەم گۆرانکاریانە کرد کە ئێستا بڕیاری لێدراوە لە نێو مەکتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی دا لە پێناو زیاتر بوژاندنەوەی کاری حزبایەتی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانە و ئەم گۆرانکاریانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نەک بۆ پۆست و پلە، ھەروەھا باسی لە کارەکانی خۆ رێکخستنەوەی مەکتەب و مەڵبەندەکان کرد.
مەکتەبی رێکخستن راشیگەیاندووە، لە مەراسیمەکەدا ھەریەک لە مامۆستا کاکەڕەش سدیق وەک لێپرسراوی نویی بۆردی ڕێکخستن و مەلا ئاری لێپرسراوی نوێی بۆردی ھەڵسەنگاندن ناسێندران.
ئیسماعیل زارعی کوشا پارێزگاری سنە رایگەیاند، چەند رێوڕەسمێکی تایبەت بە ئاھەنگ و شادییەکانی نەورۆز لە پارێزگای سنە بەڕێوەدەچن کە ھەموو نەتەوەکانی ئێران بەشداری تێدا دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرانی رێکخراوی یونسکۆ بۆ نەورۆزی ئەمساڵ میوانداری کراون بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان، ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆئەوەی سنە وەک پایتەختی نەورۆز تۆمار بکرێت.
راشیگەیاندوە، ھەموو دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەوڵدەدەن شاری سنە بکرێت بە پایتەختی نەورۆز و تواناکانی ئەو شارە دەربکەوێت.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کۆمپانیاییەک ئامادەیی نیشانداوە بەنزین بە نرخی کەمتر ھاوردەبکات لەوەی ئێستا.
وتیشێ، بڕیارە سبەینێ بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیازەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرھەمە نەوتییەکان بەرزبکرێـتەوە، تاوەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاگاداربکەنەوە لەو پێشنیازە، بەو مەرجەی کوالێتی ئەو سووتەمەنییەی ھاوردە دەکرێت، باشبێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکان سووتەمەنی ھاوردەبکات.