ئاسۆ مامەند: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە
کوردسات نیوز
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتیی :
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان..!
ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی دڵسۆز و بە ئەمەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان..!
بە بۆنەی یادی (٤٧)مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (٤٦)مین ساڵەی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ، بە گەرمی پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی دەکەین.
لە مێژووی گەلەکەماندا یەکێتیی؛ حزبی تێکۆشەر و دەستەبژێر و جەماوەری بە ئەمەک و دڵسۆزە، کوانووی خەبات و مەشخەڵانە، ئیرادەی پۆڵایین و ھەڵسانەوەیە، سەرقافڵەی شەھیدان و ئاوەدانی و ئازادییە بە رێبەرایەتیی سەرکردە و سەرۆکمان رەوانشاد (مام جەلال)ی ھەمیشە زیندوو.
یەکێتیی، حزبی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیە، ڕێبازی ئاوەدانە، مێژووی پرشینگدارە، رووبارێک خوێنی بە مەسەلەی رەوای گەلەکەمان بەخشیوە، خاوەنی ھەزاران شەھید و کەمئەندامی سەنگەر و پێشمەرگەی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە..!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو ئەوانیشدا درووست بووە و ھەر لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت، یەکێتیی ئەو ھێزەیە کە بە پاڵپشتی سەرکردە و خەڵک و جەماوەرە دڵسۆزەکەی توانی؛ سەردەمی شۆڕش و خەباتی شاخ بگەیەنێتە دوا مەنزڵگە، و لەگەڵ سەردەمی رزگاری نیشتمانییدا گرێی بدات.
راپەڕین و فیدڕاڵی، پەرلەمان و حکومەت.. بە شانازییەکی زۆرە یەکێتیی ئەندازیار و دەستپێشخەری بووە، ئێستایش ھەر یەکێتییە دەتوانێت؛ پارێزگاری لێبکات و رێگە نەدات پیلانگێڕییە ناوخۆیی و ھەرێمییەکان زەفەریان پێ ببات، و بکەوێتە بەر ھەڕەشە و مەترسی نەیارەکانی نەتەوەکەمان.
ئێستایش یەکێتیی، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکەی مێژووییدایە؛ لە لایەک گوزەرانی ھاووڵاتیانمان لە دۆخێکی خراپدایە، و سیستمی حکومڕانیی ھەرێم لە ئاست خواست و داواکارییەکانیی خەڵکدا نییە.. لە لایەکی دیکەشەوە بەھۆی دۆخی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوەی لایەنەکان و پرسی وزەوە مەترسی جددیی کەوتووەتە سەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان!
لەو سۆنگەیەوە یەکێتیی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت؛ لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان، بە کۆدەنگی و یەکھەڵوێستی دەرچەیەک بۆ ئەم دۆخە ناسەقامگیرە بدۆزێتەوە کە چەند ساڵێکە رووبەڕووی ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکان بووەتەوە.
لەم یادەدا سڵاو لە گڵکۆی رابەر و سەرکردە رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) و سەرجەم شەھیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان!
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان..!
دووبارە یادی (٤٧)مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (٤٦)مین ساڵەی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ پیرۆز بێت
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان