بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستاند رایگەیاند، پارێزگای ھەولێر ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە ھەور و پەڵە ھەور دەبێت و سبەی ھەینی ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت ھەندێ جار بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەل بروسکە و تاوە باران لە ناوچە شاخاوییەکاندا و ھەروەھا ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ھەیە لەناوچە کانی باشووری پاڕێزگادا.
لە پارێزگای سلێمانیش ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لەگەل بوونی تۆز و خۆڵێکی چڕ و پێشبینی دەکرێت بۆ کاتەکانی ئێوارە کاریگەریەکەی کەم ببیتەوە و سبەی ھەینی ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت کەھەندی جار بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت لەگەل ئەگەری بروسکە و تاوە باران لەناوچە جیا جیاکاندا بەرێژەی زیاتر ناوچەشاخاوویەکاندا وە ھەروەھا ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز وخۆل ھەیە لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆدا تاکوو کاتەکانی ئێوارە.
پارێزگای دھۆکش ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت و سبەی ھەینی ئاسمان نیمچە ھەوردەبێت ھەندێ جار دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو لەگەل بروسکە و تاوە باران لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگادا.
لە پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و سبەی ھەینی ئاسمان لە نێوان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت لەگەل ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆل لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆدا.
پارێزگای ھەڵەبجەش ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزوخۆڵێکی بەھێز کاتەکانی ئێوارە کاریگەری لاواز دەبیت و سبەی ھەینی ئاسمان نیمچە ھەوردەبێت ھەندی جار بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەل بروسکە وتاوە باران لەکاتەکانی ئێوارە لەناوچە شاخاوویە سنووریەکانی رۆژھەلاتی پارێزگا.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ٦ ڕووداوی ھاتوچۆ لە سلێمانی ڕوویداوە، بەو ھۆیەشەوە ١٠ ھاووڵاتی برینداربوون.
ھاوکات "سەرکەوت ئەحمەد" وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراوی وەک تەقەکردن و دزیکردن و برینداربوون ڕووینەداوە.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا ھاتووە، سەرباری ھاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی کە ٣٠ ھەزار گەشتیار لەڕۆژانی جەژندا ھاتوونەتە شاری سلێمانی، بەڵام ئەو پلانە ئەمنییەی بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز داڕێژرا، بەسەرکەوتوویی جێبەجێکراو بەھاوکاری ھێزەئەمنییەکانی دیکە، ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو لەڕۆژانی جەژندا لەسلێمانی تۆمارنەکرا.
پۆلیسی سلێمانی سوپاسی ھاوڵاتیان کرد و ئاماژەی بەوەکردووە، ھاوڵاتیان ھەمیشە ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پۆلیس و ھێزەئەمنییەکانی تر بوون بۆ پاراستنی زیاتری ھێمنیی و سەقامگیریی زیاتری ئارامیی شار.
وەزارەتی پەروەردەی ڕایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دھۆک کردووە وە لە کەمپەکان یان دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن و سەر بەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن، دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە خۆیان تۆمار بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ھاتووە، دۆخێکی ناسەقامگیر ڕووی لە سنووری قەزای شەنگال، بەتایبەتی ناوچەکانی (سنونێ و خانەسوور و دووگر) کردووە.
لەبارەی ئەو خوێندکارانەی شەنگال کە تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامنەداوە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت ئەوانیشت دەتوانن " تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دھۆکەوە دەچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان."
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "ھیچ خوێندکارێک لەو خوێندکارانە نابێت مافیان بفەوتێت بەھۆی بەجێھێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە."
لەبارەی ئەو قوتابیانەی کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵن، وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم دەڵێت، " وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال بەڵێنی دا کە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا رادەسپێرن کە ھاوشێوەی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بنێن و تیمێکی کارکردن دروست بکەن بۆ ئەو بابەتە و دڵنیایی دا کە ھەموو رێکارێکی گونجاو دەگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت."
کۆبوونەوەکە لەھۆڵی خاک و بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی بەڕێوەچوو، نوسینگەی شاناز ئیبراھین ئەحمەد رایگەیاند ئامانج لە گفتوگۆکان گەڵاڵەکردن و داڕشتن و نوێکردنەوەی وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی یەکێتییە.
نوسینگەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕاشیگەیاند دەیانەوێت " ئەم حزبە تێکۆشەرە بەلەبەرچاوگرتنی تێبینی و پێشنیازە گرنگەکان، بەدیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئایندە و باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات."
کۆبوونەوەکانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتێکدایە بڕیارە سەرەتای مانگی پێنج دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساز بکرێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو پرۆسەیە دەستیپێکردووە.
یەکێتی دەیەوێت چاکسازی بکاتە بنەمای نوێبوونەوە، ھەروەھا بافل تاڵەبانی ڕایگەیاندووە کە ئۆرگانەکانی یەکێتی کاریگەر و چالاکتر دەکەن و ستراتیژێکی دوورمەودای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی کە خزمەت بە ھاووڵاتیان و ژینگەی سیاسی و حکومڕانی لە عێراق بکات، دەیکەنە ھەوێنی کارکردنیان، بۆ ئەو کارانەش ھیچ ھێزێک نایانوەستێنێت.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان ئەمڕۆ بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی وت، "ئەو بەھێزە سەربازییانەی کە گەیشتوونەتە ناوچەی شەنگال، بۆ سەپاندنی ھەژموونی دەوڵەت و یاسا لەوێن."
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، "ھەمو ئەو ڕوداوانەی کە لە شەنگال تۆمارکراون بەھۆی چەند کەسێکی بێ ویژدانەوە بو کە ھەژمونییان سەپاندبو و ڕێگایان لە دژی بەرپرسانی ئەمنی قەزای شەنگال داخستبو."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ستایشی ئەو کارە مەزنەی کرد کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەواوە ئەنجام دراوە بۆ سەپاندنی ئاسایش و ئەمنیەت لەقەزای شەنگال".
یەکی ئەم مانگە شەڕو پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی قەزای شەنگال روویداو بەھۆیەوە سەدان خێزانی قەزاکە ئاوارەبوون، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانیش دەڵێت ھیچ دیاردەیەکی چەکداری لە قەزاکەدا نەماوە.
پۆلیسی زاخۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، ژنێکی تەمەن ٦٢ ساڵ کە کوردی ئێزدییە، لەنیو یەکێک لە خێمەکانی کەمپی بێرسڤ بە پەتێک خۆی ھەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی زاخۆدا ھاتووە "ئەمڕۆ نزیکی سەعات ٥:٣٠ی ئێوارە ژنێکی ئێزیدی بەناوی (ع.ق.ع) لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بە پەت لەنێو خێمەی کەمپی بێرسڤ کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا."
پۆلیسی زاخۆ دەڵێت تەرمی ژنەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی داد لە زاخۆ و بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان بەپێی ماددەی ٤٠٨ دەستیانپێکردووە.
عودەی عەبادی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری نەینەوا رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای نەینەوا تۆمارکرا کە ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵە و خەڵکی ناوچەی گۆگجەلی-یە.
عودەی عەبادی دەڵێت ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵ لە ناوچەی گۆگجەلی، دەرکەوتوە کە توشی تای خوێنبەربون بووە.
لە لێدوانەکەیدا، عودەی عەبادی ڕایگەیاند ھاوردەکردن و ھەناردەکردنی ئاژەڵیان بۆ دەرەوەی پارێزگای نەینەوا قەدەغەکردوە و "ھەر گۆشتفرۆشێکیش لەدەرەوەی کوشتارگەکان ئاژەڵ سەرببڕێت بەتوندترین شێواز سزا دەدرێت".
زۆرترین تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار تۆمارکراوە کە ژمارەیان ٢٢ حاڵەتە و گومانی تووشبوون لە ٣٢ کەسی دیکەش لەو پارێزگایە دەکرێت.
ھەر بەپێی سەرچاوە تەندروستییەکان، تا ئێستا ٣٧ کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون و ٦١ کەسی دیکە گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت.
د.موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ د.عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە ٧ بارھەڵگر گەنم ڕەوانەی ھەرێم کراوە و ٤٠ باھەڵگری دیکەی گەنم بەڕێگاوەیە و ڕەوانەی ئاشەکانی ھەرێم دەکرێت.
ھەروەھا وەزیری بازرگانی دڵنیایی تەواویدا کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا کێشەی ئاردی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت.
بەھۆی کاریگەرییەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین و بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و دانەوێڵە لە جیھان و عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، بۆ ئەمساڵ سەرجەم بەرھەمی گەنمی جوتیارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە نرخی رۆژ وەردەگیرێت.
نەوزاد کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختیان لەوەکردووەتەوە سەرجەم بەرھەمی گەنمی جوتیاران وەردەگرنەوە بەنرخێکی زیاتر و بەپێی نرخی رۆژ بۆ ئەوەش لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەرخەتن و ھیچ سنورێکیش دیاری نەکراوە بۆ وەرگرتنی گەنم و جوتیاران ھەرچەند بەرھەمیان ھەبێت لێیان وەردەگیرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرزایەکانی زورگە زراو بەرپەرچی پەلامارێکی چەکدارانی داعشیان دایەوە و ھێرشەکەیان تێکشکاند.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی ھیچ زیانێک بەھۆی ھیرشەکەی داعش بەر ھێزی پێشمەرگە نەکەوتووە و تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژرا و زیانەکانی چەکدارانی داعش نەزانراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە تۆزەکە زیاتر دەبێت، پلەی گەرمای پێشبینیکراویش لە نێوان ١٥ بۆ ٢٨ پلەی سیلیزی دەبێت.
دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراقیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ نزمە پاڵەپەستۆییەک لە باکووری ئەفریقا، کاریگەری لەسەر زۆربەی کەشوھەوای عێراق ھەیە و دەبێتە ھۆی خۆڵبارین.
راشیگەیاند، سەرەتا کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەکە لە نیوەڕۆوە لە ناسریە و نەجەف و سەماوە دەستپێدەکەن و لە ئێوارەش بەشەکانی خۆرئاوای عێراق، بە تایبەتی موسڵ و رومادی و تکریت و دواتریش ھەموو ناوچەکانی ناوەڕاست دەگرێتەوە، راشیگەیاند، کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەی پێنجشەممەوە کەشوھەوا باشتر دەبێت و پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک دادەبەزن.
پەیامنێری کودسات نیوز رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنێکی خێزاندار کە بەرەگەز عەرەبە و دانیشتونی شاری کوتی عێراقە و لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت روویان لە ھاوینەھەواری دوکان کردبوو، منداڵەکەی کەوتە نێو ئاوی دوکانەوە و لەکاتی ھەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی مناڵەکەشی، دایکەکە خنکا و منداڵەکە ڕزگاری بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ماوەیەکی کەمدا لەلایەن کارمەندێکی پۆلیسی دوکانەوە تەرمەکەی دەرھێنرایەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی لە سلێمانی کرا.
بەپێی زانیارییەکان ئەو رووداوە یەکەم حاڵەتی خنکانی گەشتیارە لە ئەمساڵدا کە لە ھاوینەھەواری دوکان تۆمارکرابێت.
ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و قەزای دوکان کردووە و پێشبینیش دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا ژمارەکە زیاد بکات.
ڕێژین ڕەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکانیش رایگەیاند، تا دووەم رۆژی جەژن ٥٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھاوینەھەواری دوکانیان کردووە و ھاتنی گەشتارانیش بەردەوامە.