ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە، زیندانیانی بادینان دوای بەربوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە، پێویست بوو کارڕایی ئازادکردنیان بۆ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەمەبەست و ھێڵدراونەتەوە لە کونجی زینداندا. 

ئەو پەرلەمانتارانە ئاشکرایان کردووە، ٢٦ ڕۆژە زیندانیانی بادینان مانیانگرتووە و دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە و ژیانیان لە  مەترسیدایە، لەبەر ئەوە  دەبوو بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی ھەولێر کارڕایی بەردانی مەرجداری  ئاڕاستەی داواکاری گشتی بکردایە، تاکو ئەوانیش بەزووترین کات مامەڵەکانیان ئاراستەی دادگای کەتن بکات بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارانە داوایان کردووە لێکۆڵینەوە و لێپرسنەوە لەو کەسانە بکرێت کەمتەرخەمیان کردووە و دەڵێن،  سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواکاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی ھەولێر دایە.