بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا چاویکەت بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەلی حەق، لەدیدارەکەدا جەخت لە ڕەخساندنی زەمینەی لەبار و گفتوگۆی بونیادنەرانە کرایەوە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

‏‎ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتی کرد و وتی، ئامانجی ئەوان یەکڕیزی و تەبایی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانە، ھەروەک دەیانەوێت لایەنەکان بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان ھەڵگرن و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن و ھەوڵی دروستکردنی داھاتوویەکی سەقامگیر بۆ ھاوڵاتییان بدەن کە شایستەی ژیانێکی باشتر و خزمەتگوزاری زیاترن.

پێشتریش سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووە  و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سازان لەسەر بنەمای ھاوبەشیی راستەقینە کرایەوە تاوەکو عێراق لەو دۆخە سیاسییەی تێیکەوتووە دەرباز بکرێت، ھەردوولاش پێشوازیان لە دەستپێشخەری لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی گونجاو و زاڵبوون بە سەر ئاڵەنگارییەکان کرد.