حکومەتی ھەرێم: بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەری کێشەکان
کوردسات نیوز
١٧ی ئابی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەردانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغداد، ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانیان دووپات کردووەتەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە سەر بنەمای دەستور.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ ڕێککەوتوون لە سەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی ھاوبەش کە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراقدا بێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا، باس لە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ، لە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی ھەرێم کرا و دووپاتیان کردەوە، بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ھاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا.