لەیلا عومەر: کۆمەڵێک کەسی دەمووچاو دووبارە بوونەتە مافیا بۆ زەوییەکانی شارەوانی
کوردسات نیوز
١٦ی ئابی ٢٠٢٢
لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەر کەسێک زەوی ھاووڵاتیان یان دەوڵەت ئیفراز بکات و بیەوێت بە نھێنی بیفرۆشێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.
راشیگەیاند، ماوەیەکە تێبینی ھەندێک کاری نامۆیان کردووە کە ھەڕەشەن بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتیان و موڵک و ماڵی دەوڵەت، چونکە کۆمەڵک کەسی دەمووچاو دووبارە پەیدابوون کە بوونەتە مافیا بۆ زەوییەکان و کۆشەکەکان و دوکان و خانووەکانی شارەوانی و پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و ھەندێکیان بەناوی حزب و بەرپرسەوە قسە دەکەن.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی دەوڵەت و ھاووڵاتیان، داوای زیادکردنی ژمارەی پاسەوانەکانی شارەوانی سلێمانیمان کردووە، چونکە ژمارەیان کەمە، بەڵام بەھۆی راگرتنی دامەزراندن بۆیان زیادنەکراوە، بۆیە داوایان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە پشتگیر و پشتیووانیانبن، چونکە کۆمەڵێک کەس پەیدابوون کە زەوی ھاووڵاتیانیان ئیفراز دەکەن، بەڵام ئەوان داوای ھێزیان کردووە بۆ رێگری لە فرۆشتنی ئەو زەوییانە بەنھێنی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، بەرامبەر ھەر کەس کە بیەوێت ئەو زەوییانە بە نھێنی بفرۆشێت.