لە میانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222ـی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کەم شوێن هەیە وەک خانەقین قوربانی دابێت و خانەقین هەمیشە سەوزە، جەختیکردەوە خانەقین و یەکێتی یەکن و هیچ کاتێک جیانابنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارێکیدا لە کەرنەڤاڵی جەماوەری یەکێتی لە خانەقین رایگەیاند؛ یەکێتی شانازی بە خانەقین و شەهیدەکانیەوە دەکات، کەم شوێن هەیە وەک خانەقین قوربانی دابێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد خانەقین شوێنی تێکشاندنی حزبی باعس و داعشە و خاوەنی چەندین شەهید و سەرکردە و قارەمانە کە هەمیشە ناویان لە مێژوی کوردایەتیدا دەمێنێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەشیدا وتی؛ خانەقین نمونەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە و بەهەشتی کوردستانە، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست خزمەت بکرێت.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا سەرۆکی یەکێتی جەختی لە کوردستانی بونی کەرکوک و خانەقین کردەوە و رایگەیاند؛ یان کەرکوک و خانەقین، یان تاماوین دەجەنگین.
لە میانی سەردانەکانی و کۆبونەوەی لەگەڵ هەڤاڵان و لایەنگرانی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەردانی مەخموری کرد و رایەگەیاند ئاگاداری ئەو غەدرەن کە لە جوتیارانی ناوچەکە دەکرێت و لە بەغدادەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ یەکێتی لە ناوچە دابڕێندراوەکان هێزی یەکەمە و ئەمجارەش چاویان لەوەیە بە هیمەتی ئەو جەماوەرە دڵسۆزەی هەیانە، بە دەنگ و بە کورسی سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنن.
جەختیشیکردوەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی ٢٨١ی (اتحاد اهل نینوی) سەردانی مەخموری کردوە و چاوی بە هەڤاڵان و ئەو جەماوەرە دڵسۆز روون بووەتەوە.
خۆشحاڵی خۆشی دەربڕیوە بەوەی لەو سنورە خەڵکێکی زۆر لە هەموو پێکهاتەکان شانبەشانی یەک، کاردەکەن بۆ سەرخستنی لیستی ٢٨١.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی جوتیارانی ئەو دەڤەرەن و بەڵێنی پێدان وەک یەکێتی لە بەغداوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و کۆتایی بەو غەدرە دەهێنن کە ساڵانێکە جوتیاران و خەڵکی ناوچەکە پێوەی دەناڵێنن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی کەسایەتیی ئایینی و چاکەخوازی ناسراوی شارباژێڕ، مامۆستا مەلا عەبدوڵای دێرێ، بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە: "بە بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکیی کەسایەتیی ئایینی و چاکەخواز مامۆستا (مەلا عەبدوڵای دێرێ)، زۆر غەمبار بووم".
خانمی یەکەمی عیراق پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو و سەرجەم خزمانی شارباژێڕ کردووە و خۆی بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان زانیوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە، "خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبر و ئارامیش بە هەمووان ببەخشێت".
ئەمڕۆ، هێمن مامەند، رۆژنامەنووس و چالاکوان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم دادگای سلێمانی، وردەکاریی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بەر لەوەی بپرسن کێ ویستی تیرۆرت بکات، من پێتان دەڵێم؛ هەمان ئەو حزبە بوو کە سەردەشت عوسمانی تیرۆرکرد و لە زێدی باوک و باپیرانم دەری کردم. گروپێکی ١٠ کەسییان بۆ ناردمە سلێمانی و هەوڵیاندا تیرۆرم بکەن".
هێمن مامەند ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکە پیلان بۆ داڕێژراو بووە و شەش مانگ پێشتر ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری کردووەتەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت و دەبێت ئاگاداری خۆی بێت.
"بەڵێنی دامەزراندنیان بە بکوژەکانم داوە"
رۆژنامەنووسەکە ئاشکرایکرد، لەناو ئەو گروپەدا چوار کەسی سەرەکی هەن، کە سێ کەسیان ئەندامی هێزەکانی زێرەڤانین و پاسەوانی بەرپرسێکی پارتین و یەکێکی دیکەیان بەڵێنی دامەزراندنی پێدراوە.
هێمن مامەند بە جەختکردنەوەوە وتی: "لەکاتێکدا دامەزراندن بۆ یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان نییە، بەڵام بۆ تیرۆریست هەیە".
لە کۆتاییدا داوای لە رۆژنامەنووسان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەستەی مافی مرۆڤ، حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، دادگای نێودەوڵەتی و سەرجەم کونسوڵخانەکان کرد کە چاوپۆشی لەم کەیسە نەکەن، چونکە وەک خۆی وتی: "ئەمە کەیسێکی حزبی یان کەسی نییە، بەڵکو کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێکە".
پارێزەرەکەی: تۆمەتبارەکان لە کەمتر لە شەش سەعاتدا هەڵاتوون
هاوکات، رێزان شێخ دلێر، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی هێمن مامەند، رایگەیاند، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، لە رێگەی کەلارەوە لە کەمتر لە شەش سەعاتدا سلێمانی و دەوروبەریان جێهێشتووە.
وتیشی: "سێ کەس کە لەلایەن گروپەکەوە داوای هاوکارییان لێکرابوو دەستگیرکران، بەڵام دواتر لەلایەن دادگاوە ئازاد کران. داواکارین حکومەتی هەرێم کار لەسەر ئەو نووسراوانە بکات کە ئاراستەی کراون، بۆ ئەوەی تۆمتبارە سەرەکییەکان دەستگیر بکرێن".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دەکرێت بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ مانگی 10).
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، رۆژی سێشەممە، ٤ی تشرینی دووەم، گوژمەی هاوکارییەکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمڕۆ چوارشەممەش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) دەستی بە رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان کردووە بۆ ئامادەکردنی لیستەکان.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەم مانگەدا زیاتر لە 97٪ی ئەفسەران، پلەداران و پێشمەرگەکان لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکارییەکە وەردەگرن، ئەو رێژەیەی کە ماوەتەوە لە رێگەی سیستمی بانکییەوە پارەکەیان پێدەگات.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یونامی) کرد و نیگەرانیی یەکێتیی لە بڕیاری حکومەتی عیراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی لە وڵاتەکەدا دەربڕی.
لە دیدارەکەدا، کە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق تاوتوێ کران.
وەفدی یونامی، بە سەرۆکایەتیی فرانسیسک لاناو، بەرپرسی یونامی لە هەرێمی کوردستان، ئەو قۆناغانەیان شیکردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گرتوویانەتەبەر، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونێکی پاک و سەرکەوتووانەی پرۆسەکە.
لەلایەن خۆیەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی یونامی لە عیراق و هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بڕیاری حکومەتی عیراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی نیشاندا، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا عیراق بەجێبهێڵن.
هەڤاڵ سەعدی پیرە هیوای خواست بەرپرسانی عیراق پێداچوونەوەیەک بەو بڕیارەدا بکەن، چونکە "تا ئێستاش عیراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە یونامی و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە."
سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و زۆرترین دەنگدەر بەشداری بکەن بۆ دیاریکردنی نوێنەرانیان.
سەبارەت بە پرسی کورسیی کۆتاکانیش، تەئکیدی کردەوە کە "یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە نوێنەری کۆتاکان، ئەو کەسانە بن کە لەلایەن خودی کەمینەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، بۆئەوەی ببنە دەنگ و رەنگی راستەقینەی نەتەوە و پێکهاتەکانیان."
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سێکتەری گەنجانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، گەنجان بیرتیژن و بە وردی لە سەرچاوەی کێشەکان تێدەگەن و دەزانن کام لایەن کێشەخوڵقێنە و کام لایەنیش چارەسەری پێیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گەنجان زۆر قوڵتر و دوورتر دەڕوانن و وتی: "ئەگەر کێشەی موچە و بودجە، دامەزراندن، بێکاری، نادادپەروەری و جیاکاری لەنێوان خەڵکدا هەیە، گەنجان زۆرباش دەزانن سەرچاوەی ئەو کێشانە چین و کێ دروستی کردوون."
روونیشیکردەوە کە گەنجان بە باشی دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان ئەو لایەنەی کێشەکان دروستدەکات و ئەو لایەنەی کە دەتوانێت چارەسەریان بکات، هەروەها دەزانن کام لایەن بە بیر و روحییەتی گەنجانەوە کار دەکات و لە خەمی داهاتوویاندایە.
لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە هەڤاڵانی سێکتەری گەنجان کرد کە تا دەرفەت ماوە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو گەنجانەدا بکەن کە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
وتیشی: "هانیان بدەن بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە یەکێتی، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبی گەنجانە و خەون و روانینی گەنجان، خەون و روانینی یەکێتیشە."










بڕیارە سبەی، چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی خانەقین بکات و لە وتارێکدا پەیامی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکان و دانیشتووانی ناوچەکە رابگەیەنێت.
لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا کە لەژێر دروشمی "هێزی تۆین لە بەغداد" بەڕێوەدەچێت، کاندیدانی لیستی (٢٢٢)ی یەکێتی لە بازنەی دیالە-خانەقین دەناسرێنرێن.
وتارەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی وەرزشیی خانەقین، بەرامبەر بینای قایمقامییەت، پێشکەش دەکرێت.
لە سلێمانی تۆمەتبارێکی داواکراو کە دانیشتوی پارێزگای هەولێرە دەستگیرکرا، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: دوای تەواوکردنی رێکارە یاسییەکان رەوانەی شوێنی دیاریکراوە دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییان، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لەلایەن دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرکرابوو، لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رانیە و بنكەی پۆلیسی پێنجوێن داواکراو بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبار و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستبەسەر دوو پارچە چەك لەجۆری دەمانچەو تاپڕدا گیرا.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتبار 'ع ، ف ، چ' لەدایكبووی 1978 دانیشتوی هەولێر، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی هەردوو مادەی 443 و 15 لەیاسای چەك راگیراوە، دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی له کۆلۆنێل ماثیو شروپنەر، راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعش لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەكانى ئەمریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، دوایین گۆڕانکارییەکان و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و چەند پرسێکی گرنگی هاوبەش تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی و بەردەوامبوونی هاریکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کردەوە، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان روانی.
پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغداد و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە تیایدا بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کرایەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروسبوونی هەندێ پەڵە هەور لە ناوچەکانى باکوری هەرێم، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسمان ساماڵ بۆ پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 28 پلەی سیلیزی
دهۆک : 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 28 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 24 پلەی سیلیزی
سۆران : 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 32 پلەی سیلیزی
بریندارێکی روداوەکەی شەوی رابردووی روداوی هاتوچۆکەی سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە مامۆستایەکی ئایینیە.
شەوی رابردوو لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لەبەردەم نەخۆشخانەی فاروق روداوێکی هاتوچۆ سەختی هاتوچۆ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل رویدا و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون کە برینی دووان لە بریندارەن سەخت بوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، مامۆستا عەبدوڵا دێرێ مامۆستای ئایینی لە مزگەوتی هەنجیرەکەی سلێمانی، یەکێک بوو لە بریندارانی روداوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە درێژەی هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عیراق، لە چەمچەماڵ سکاڵا لەو کەسانە وەرگریرا کە لە قۆناغی یەکەمدا نەیانتوانیبوو سکاڵا لەسەر عەجاج تۆمار بکەن.
نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق بڵاویکردەوە، تیمێکی دادوەریی سلێمانی لە چەمچەماڵ سکاڵایان لەو کەسانە وەرگرت کە لە قۆناغی یەکەمدا بەهۆکاری نەخۆشی و تایبەت نەیانتوانیبوو سکاڵا لەسەر عەجاجی تاوانباری دۆسیەی ئەنفال تۆمار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە درێژەی هەوڵەکانی نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە دۆسیەی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، وەک لە پێشتردا سکاڵاکان پێشکەشی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کرابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی 3ـی11ـی2025 تیمێکی تایبەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی و راوێژکاری یاسایی خانمی یەکەمی عیراق سەردانی شاری چەمچەماڵیان کرد و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال سکاڵای ئەو هاووڵاتیانەیان وەرگرت، کە بەهۆی نەخۆشی یاخو هۆکاری تر نەیانتوانی بوو سەردانی شاری سلێمانی بکەن.
دوای وەرگرتنی وتەکانیان و ئەنجامدانی رێکاری یاسایی پێویست سەرجەم سکاڵاکان وەرگیران و ئامادە دەکرێن بە مەبەستی ناردنیان بۆ دادگای تایبەتمەند لەشاری بەغداد.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی هۆگر شاڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەلەکەمان ئەندازیارێکی لێوەشاوە و دەوڵەتمەدارێکی راستەقینەی لەدەستدا.
دەقی پەیامی هاوخەمی خانمی یەکەمی عیراق بۆ کۆچی دوایی هۆگر حەمە فەرەج شاڵی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (هۆگر حەمە فەرەج شاڵی)، زۆر غەمباربووم.
بەکۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە دڵسۆزە، گەلەکەمان ئەندازیارێکی لێوەشاوە و دەوڵەتمەدارێکی راستەقینەی لەدەستدا. پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی باندێکی کۆچبەری نایاسایی لەگەڵ 23 کەسی بیانی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 27-10-2025 دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانییان دوو قاچاخچی هێنانی کۆچبەری نایاسایی دەستگیربکەن و 23 کەسی بیانی کەبەشێوەی قاچاخ هێندرابوونە هەرێمی کوردستان و بە نیازبوون بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ببرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا تۆمەتباران بە مادەی (٣٨)لەیاسای مانەوە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە، سەرجەم کۆچبەرە نایاساییەکان سنورداش کرانەوە.