بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تووشبووەکان باوک و کوڕێکن (تەمەن 71 و 29 ساڵ) و دانیشتووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن، هۆکاری تووشبوونەکەشیان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵەکەیاندا لە دوو هەفتەی رابردوودا دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ دەرهاویشتە و پێکهاتەکانی ئاژەڵە تووشبووەکەدا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و سەردانیکردنی نەخۆشخانە، گومانیان لێکراوە و سەرجەم رێکارە پزیشکییەکان و پشکنینی پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە، لە ئێستاشدا هەردووکیان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان، رەوشی تەندروستی یەکێکیان تا رادەیەک جێگیرە، بەڵام تووشبووەکەی دیکە تەندروستیی ناجێگیرە.
راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەڵام دوای بەدواداچوون و پشکنین تەنها ئەم دوو حاڵەتە بە رەسمی پشتڕاستکراونەتەوە، هاوکات دوو حاڵەتی دیکەش کە دانیشتووی شارەکانی دەرەوەی هەرێمن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی تێبینیکردنی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سلێمانی ئاگادارییەک ئاڕاستەی ئەو جوتیارانە دەکات کە بۆ ساڵی 2025 گەنمیان رادەست بە سایلۆکە کردووە.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەو جوتیارانەی کە ژمارەی پسوڵەی سەرەوەی کێشەکەیان تا ژمارە (1214) هەیە، پێویستە سبەی پێنجشەممە، رێکەوتی 19ی حوزەیرانی 2026، سەردانی هۆبەی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سلێمانی بکەن.
ئەم سەردانیکردنە بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانی کڕینەوەی گەنمەکەیانە لەلایەن حکومەتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پرسی ئەو فەرمانبەرانە تاوتوێ کرا کە خانەنشین بوون و هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە؛ ئەنجومەن وەزارەتە پێوەندیدارەکانی راسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغداد، کێشەکانیان بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی لە رۆژی شایستەبونیانەوە موچەکانیان بۆ دابین بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بابەتەکانی پەیوەست بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم و ئاستەنگەکانی بەبازاڕکردنی تاوتوێ کران.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ساخکردنەوەی گەنمەکە، هاوکات داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ کرد کە پلانی وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی هەرێم جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە مافی خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی مافی ئەو ئەندامانە کردەوە کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت لە دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی بۆ رێکخستنی رێکارەکان پێکبهێنرێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران باسی لە خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە وەک (پسووڵەی خۆراک، دەرمان و پشتیوانی وزە) کرد و پێداگیری لەسەر مافی یاسایی و دەستوری هاووڵاتیانی هەرێم کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشە شایستەی خۆیان.
تەرمی کچە گەشتیارەکەی سەیرانگەی زەڵم دۆزرایەوە و لە ئێستاشدا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی و هاووڵاتیانەوە هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی دەدرێت.
زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە رایگەیاند، تەرمەکە دۆزراوەتەوە بەڵام هێشتا دەرنەهێنراوە.
لەلای خۆشیەوە سەڵاح جەمیل پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ئێستادا تیمەکان و هاووڵاتیان سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمی کچە گەشتیارەکەن و هەوڵی گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە دەدرێت.
وتیشی، تەرمی کچە گەشتیارەکە 300 مەتر لە دوری ئەو شوێنە دۆزراوەتەوە کە کچەکە کەوتبووە ناو ئاوی زەڵم.
لیستی موچەی مانگی حوزەیران و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
لەلای خۆشیەوە، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەگەڵ رادەستکردنی لیستی موچە، وەزارەتی دارای حكومەتی فیدراڵ دەست دەكرێ بە وردبینی كردن و رێكارەكان، بریاریشە لەگەڵ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و گەر هیچ گرفتێك لە لیستەكان نەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش خەرج بكرێت.

بریارە ئەمرۆ لیستی موچە و تەرازووی پێداچوونەوە لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكرێت.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی بە پەیامنێری كوردسات نیوزی راگەیاند، دوو فەرمانبەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە هەولێرەوە بەرێكەوتوون بۆ گەیاندنی لیستی موچە مانگی شەش و تەرازووی پێداچوونەوە مانگی پێنج بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی لیستی موچەو تەرازووی پێداچوونەوە بە وەزارەتی دارای حكومەتی فیدراڵ دەست دەكرێ بە وردبینی كردن و رێكارەكان، بریاریشە لەگەڵ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و گەر هیچ گرفتێك لە لیستەكان نەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش خەرج بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، شەپۆلێکی تری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هاوکات ئاراستەی با بەرەو باکوری رۆژئاوا و خێراییەکەی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ دوو پلە بۆ سێ پلە بەرزتر دەبنەوە.
کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە لەگەڵ دروستبوونی هەندێک پەڵە هەوری جیا جیا، پلەکانی گەرماش بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە و یەک بۆ دوو پلەی تر بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 41 پلەی سیلیزی
پیرمام: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی
هەلەبجە : 41 پلەی سیلیزی
حاج ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 43 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، تێیدا سێ بڕگەی گرنگ و پەیوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتیان و جوتیاران تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم کارنامەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە، بەپێی کارنامەکە دۆسیەی گەنمی جوتیاران و خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و رێکخستنەوەی سەبەتەی خۆراک تاوتوێ دەکرێت.
بڕگەی یەکەم؛ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی هاتوونەتە پێش بەغداد و هەولێر لەم دۆسیەیەدا.
بڕگەی دووەم؛ بڕیاردان لەسەر پرسی خانەنشینکردنی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم کە مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ساڵانی خزمەتیان تێدایە.
بڕگەی سێیەم؛ تاوتوێکردنی بڕیاری راگرتنی سوودمەندبوونی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکی ناوەندی (کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە دابین دەکرێت)، بە مەبەستی کورتکردنەوە و تایبەتکردنی تەنها بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە داهاتیان سنووردارە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ جەخت لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان و لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەکەینەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا کۆبووەوە و لەمیانی دیدارێکدا رایگەیاند، "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردن لە حکومەتی نوێی عیراق".
قوباد تاڵەبانی وتیشی، "جەختمانکردەوە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەم قۆناغەدا جگە لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، دەبێت پێکەوە هاوکار و هەماهەنگیش بن بۆ گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان".
سەبارەت بە رەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێمیش، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: جەخت لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان و لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەکەینەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی 6ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكى ئهمهريكا بۆ کاروباری عیراق و سوریا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونهوهيهکەدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراون، هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی نوێی عیراق دووپات کردووەتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگيريى هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور کردووەتەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، ههردوولا كۆك بوون لهسهر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عیراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیەنێت.
سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە، لە دیدارەکەدا ستايشى رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان به شەڕ کراوە و هیوایان خواستووە ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە شەش تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە شەوی رابردوو لەناو بازاڕی کەلار بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەیان کردبوو.
سۆران محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەناو بازاڕی کەلار شەڕ لەنێوان چەند گەنجێکدا دروستبوو، بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەیان کردبوو، دەستبەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان دەستی بە کۆکردنەوەی زانیاری کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لە درەنگانێکی شەودا توانیویانە هەر شەش تۆمەتباری سەرەکی دەستگیربکەن، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر چەکێکی جۆری تاپڕ، سێ فیشەک و ماتۆڕسکیلێکدا گیراوە کە لە کاتی شەڕەکەدا بەکارهێندرابوون.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی، ئەو شەش تۆمەتبارە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ فەریق روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70 کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە هاوتای زانستی نوێی سەربازی و دیسپلینە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە.
لە دیدارێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە فەریق روکن عومەر ساڵح کرد، بەبۆنەی بەرزکردنەوەی پلەکەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و رۆڵ و خزمەتەکانی لە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز نرخاند.
سەرۆک بافڵ ستایشی پێشمەرگە قارەمانەکانی کرد لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و وتی، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە هاوتای زانستی نوێی سەربازی و دیسپلینە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکات بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچییەوە.
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی کۆچییەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانان لە کوردستان، عیراق و جیهان دەکەین.
هیواخوازین ئەم بۆنە پیرۆزە، ببێتە مایەی خێر و خۆشی و گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکەمان.
لە خوای گەورە داواکارین وڵاتەکەمان بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێویستە پیاوانی ئایینی هاوکاربن لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتیدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی کەنیسەی ماریووسفی کلدانی لە عەینکاوەی هەولێری کرد و لەلایەن پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا کرد وەک سەرۆکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عیراق و جیهان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە مێژووی دێرین و پڕ لە شانازی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتە ئایینییەکان کرد لە کوردستان و بە پێویستی زانی لەم قۆناغەشدا پیاوانی ئایینی هەموو پێکهاتەکان هاوکاربن لە قووڵکردنەوەی ئەو گیانی تەبایی و برایەتییەی کە سەدان ساڵە لە کوردستاندا هەیە و هەمووان شانازی پێوەدەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە بەغداد لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ عیراق و سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران و هەردوولا رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیان بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابوری و ئەمنی، پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عیراق جەختی لەسەر کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان.
سەرۆک بافڵ نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی، شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی وزە خرایەبەر باس و سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پلانێکی ستراتیجی کێشەی وزە لە تەواوی عیراق چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کۆچییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی تەواوی موسڵمانان دەکات.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کۆچییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم.
هیوادارم ئەم ساڵە نوێیە، وێستگەیەک بێت بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، و ببێتە ساڵی پڕ لە خێر، بەرەکەت، ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەمان.
ساڵی نوێی کۆچیتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و سەرکەوتندا بن.