کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێنج خەڵاتی تایبەت بە پەرەدان بە ژیریی دەستکرد بەدەستهێنا و دوو لە خەڵاتەکانیش زێڕین بوون.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەک پێشەنگی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی لە عیراق رایگەیاند، دەستکەوتێکی مێژوویی نوێیان بە بەدەستهێنانی پێنج خەڵاتی نێودەوڵەتی Stevie® بۆ ساڵی 2026، تۆمارکردووە.

ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو خەڵاتانە کە دوو زێڕ، دوو زیو و یەک برۆنزی لەخۆگرتبوو، وەک دانپێدانانێکی جیهانییە بۆ پەرەپێدانی ژیریی دەستکردە لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە خەڵاتەکاندا، 'لەیلا' ،کە یاریدەدەرێکی ژیری دەستکردی ئاسیاسێڵە خەڵاتی زێڕینی بۆ باشترین پێشکەوتنی تەکنەلۆژی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی بە سێ زمانی جیاواز و بەڕێژەی %76ـی پرسیارەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەڵامی ملیۆنان بەشداربوو بداتەوە. هەروەها سیستەمی "+CEI" خەڵاتێکی تری زێڕینی بردەوە، کە رۆژانە ئەزموونی 20 ملیۆن بەشداربوو دەپێوێت و کوالێتی تۆڕەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.

هاوکات، عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ رایگەیاند: ئەم خەڵاتانە بەڵگەن کە داهێنان لە عیراقدا لەدایک دەبێت و بەهرەمەندەکانمان دەتوانن کێبڕکێی گەورەترین کۆمپانیا جیهانییەکان بکەن.