زیانەکان نازانرێت؛ لە سنوری هەولێر ئاگرێکی گەورە لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل کەوتوەتەوە
بڵند
٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەیانی ئەمڕۆ، لە سنوری هەولێر و لەسەر رێگای هەولێر- کەرکوک، ئاگر لە کۆگایەکی ئۆتۆمبێل کەوتوەتەوە، کە لە هەمانکاتدا پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورەیە و رۆنی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز، لە شوێن روداوەکەوە رایگەیاند، بەهۆی بەهێزی ئاگرەکەوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە و تا ئێستا نازانرێت زیانەکان چەندن، بەڵام ئاگرەکە گەورەیە و تیمێکی زۆری بەرگریی شارستانیش لە شوێن روداوەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بەهۆی فراوانبونی ئاگرەکەوە سێ کۆگا سوتاون، کە یەکیان رۆنی ئۆتۆمبێلی تێدایە و ئەمەش وایکردوە دوکەڵێکی زۆری هەبێت.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێریش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی بای بەهێزەوە، ئاگرەکە زیاتر تەشەنەکی کردوە و هۆکارە بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، 10 تیمیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و تا ئێشتا زیانی گیانیی نییە.
لە سوێن روداوەکە، شایەتحاڵێکیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی سوتاندنی پوش و پاوانەوە بووە لەلایەن جوتیارانەوە لە نزیک پێشانگاکە و بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردوە.


