وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا، لەڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ ئەو پلە وەزیفییانە دەستپێبکات کە بەشێوەی گرێبەست ناویان گەڕاوەتەوە و دەستبەکار نەبوون.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پلاتفۆرمێکی تایبەت کارادەکرێت کە تێیدا سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو دەتوانن بەبێ جیاوازی داواکاری پێشکەش بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە پێشتر بەشێوەی گرێبەست یان کرێی رۆژانە لەسەر داهاتی ناوخۆ و زانکۆکان ناویان دەرچووە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز دەستبەکار نەبوون، ئێستا ئەو پلە بەتاڵانە بەپێی سیستمێکی خاڵبەندیی ورد و شەفاف پڕدەکرێنەوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دێت و پاڵپشتە بە ڕێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ئامانجیش لە پرۆسەکە، رێکخستنەوەی میلاکی زانکۆکان و سوودوەرگرتنە لەو بودجەیەی پێشتر بۆ دامەزراندنی گرێبەستەکان تەرخانکرابوو، بەڵام بەهۆی پڕنەکردنەوەی پلەکانەوە بە بەتاڵی مابووەوە.