مەھدی شەریعەت زادە، کەسوکاری ئەو گەنجەیە و بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشەوا ئەحمەدی تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و خەڵکی گوندی بێژوێی سەر بە شاری سەردەشتە، دوای ئەوەی لەگەڵ ٩٠ کۆچبەری تر کە زۆرینەیان کوردبوون، لە تورکیاوە بە یەخت بەڕێکەوتووە بۆ ئیتاڵیا.

وتیشی، یەختەکەی پێشەوا و ھاوڕێکانی بە دوو رۆژ و ١٥ سەعات لە رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ گەیشتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەڵام دوای گەیشتنی بە کەناراوەکان، پێشەوا بێھۆش بووە و دواتر لە نەخۆشخانە دەرکەوت گیانی لەدەستداوە.

مەھدی شەریعەت زادە راشیگەیاند، تەرمی پێشەوا ئێستا لە نەخۆشخانەی شارۆچکەی رۆسانۆیە لە ئیتاڵیا، کەسوکارەکەی توانای داراییان باش نییە و ناتوانن تەرمەکەی بگەڕێننەوە، بۆیە داوا لە خێرخوازان و رێکخراوەکانی بواری کۆچبەران دەکەن ھاوکاریان بن بۆ ھێنانەوەی تەرمەکەی بۆ سەردەشت.