چارەنووسی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە
کوردسات نیوز
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری نوێی عێڕاق کرد و ھیوای خواست ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ببێتە مایەی کۆتاییھاتنی کێشەکانو سەقامگیرییو بووژاندنەوەی دۆخی ئابووریی ھاووڵاتیان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ھیواخوازیشە کابینەی نوێ بەشێوەیەک بێ بتوانێ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمو ناوەند بکات.
تایبەت بە پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ڕایگەیاند: کۆمەڵ بەردەوام نەیاری ئەوە بووە ماوەی یاسایی پەڕلەمان درێژ بکرێتەوەو کاری بۆ ئەوەش کردوە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێ، بەڵام بە داخەوە لایەنەکانی دەستەڵات کە بەرپرسیار بوون لە ھەنگاونان بۆ ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی، بە مەبەست خەمساردییان کردووەو ئامادەکارییان نەکرد، گەیشت بەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بکەنەوە.
ھەر لەوبارەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بە تێروتەسەلی پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانو ھەڵوێستی خۆی خستە بەر باسو لێکۆڵینەوەو گەیشت بەو بڕیارەی ئەو پرسە گرینگە لە دەستەڵاتی کۆبوونەوەی گشتییەو بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ پرسێکی چارەنووسسازەو دەبێ لە کۆبوونەوەی گشتیی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ، کە لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەنجام دەدرێ.



