ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و باڵیۆزی پاکستان رێککەوتن لەسەر کردنەوەی خوێندنگەیەکی پاکستان تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاری گەشتیاری لە سلێمانی و تاوتوێی "پڕۆژەی خزمەت"ی حکومەتی ھەرێم کرا، کە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەکات، لەوبارەیەشەوە لێکتێگەیشتن کرا پاکستان ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بکات بۆ پەرەپێدانی "پڕۆژەی خزمەت" کە ھەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی لە کوردستان و کەمکردنەوەی رۆتین.

ھاوکات قوباد تاڵەبانی و ئەحمەد ئەمجەد عەلی تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی پاکستانیان کرد و ھەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی، پێکەوە کار بکەن بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

 لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرا و تیایدا باڵیۆزی پاکستان پیرۆزبایی کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی دکتۆر لەتیف رەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق و ھیوای خواست قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق دەست پێ بکات و حکومەتی داھاتووی عێراق بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ھەموو خەڵکی عێراقدا بێت.