کەجەکە: د. لەتیف ڕەشید وەک مام جەلال خزمەتی گەورەی بە گەلی کوردستان گەیاندووە
کوردسات نیوز
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لە پەیامەکەدا کەجەکە دەڵێت، د. لەتیف ڕەشید لە پێناو ئازادیی گەلی کورددا ڕەنجی زۆری داوە، لەلای گەلی کوردستان کەسێکی خۆشەویستە و رێزی لێدەگیرێت و کەسایەتییەکی بەنرخە. گەلی کورد، وەک کەسێکی خاوەن ھەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، کە بۆ ئازادیی گەلی کورد خزمەتی کردووە، وەک ڕۆشنبیر و کەسایەتییەک، کە بۆ تێکۆشانی ئازادی سوودی زۆری گەیاندووە، دەیناسێت.
لە بەشێکی پەیامەکەدا ھاتووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو چاوەڕوانیانەی خۆمان بۆ بەڕێز لەتیف ڕەشید بخەینەڕوو، کە خزمەتی گەورە ھەم بە گەلی کوردستان و ھەم گەلانی عێراق دەکات. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە کارەکانیدا سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و ڕایدەگەیەنین، کە پشتیوانیی لێدەکەین.
کەجەکە دەشڵێت، د. لەتیف ڕەشید ھەم وەک مام جەلال خزمەتی گەورەی بە گەلی کوردستان گەیاندووە و ھەم بۆ ھەڵبژاردنی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی ھەرێم لە ڕێگەی دێموکراسییەوە، ئەوەیان نیشاندا، کە دەبێتە خاوەن ھەوڵ بۆ چارەسەری. ھەر خۆی بەڕێز ڕەشید لەنزیکەوە مام جەلالی دەناسی و دۆستایەتیی کردووە و پێکەوە کاریان کردووە.
باسی لەوەش کردووە، گەلی کورد لە قۆناغێک و پرۆسەیەکی مێژووییدایە، کە چارەنووسی ڕوون و یەکلایی دەکاتەوە. لەم تێکۆشانە مێژووییەدا، کە قوربانی و نرخی گەورەی تیادا دراوە، لە ئەنجام دا گەلەکەمان دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێناوە، لەناو یەکێتییەکی دیموکراتیکدا بە تەواوی ئازادیی خۆی بەدەست دەھێنێت، گەیشتووەتە ئەو قۆناغە، کە لەگەڵ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە ژیانێک بنیات بنێن. چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان ئەوەیە، بۆ گەیشتنی ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتن، دەبێت ھەموو کەسێک بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت دەکات و سودی پێبگەیەنێت. ئێمە لەو ھیوایەداین بەڕێز دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید، کە خاوەن ھەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی و پەیوەستە بە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەیەوە، دەست بە ھەوڵەکانی دەکات بۆ بەدیھێنانی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان، بەو خەباتەی کە ئەنجامی دەدات، سوودێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کوردستان دەگەیەنێت.
راشیگەیاند، ھەم گەلی عێراق و ھەم ھەرێم چاوەڕوانییان لەو کەسایەتییانە ھەیە، کە ئەرکی سیاسی لە ئەستۆ دەگرن. ھەم گەلی عێراق و ھەم ھەرێم کێشەی جدییان ھەیە. ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و سوودگەیاندن بە چارەسەرکردنیان زۆر گرنگە. ھێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان دەیانەوێت ھەم لە عێراق و ھەم لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستیی خۆیان زیاتر بکەن، بۆ بەدەستھێنانی ھێڵە سیاسی و ئابوورییەکان، نزیکایەتیی مەزھەبی و تایفەگەری بەرەو پێش دەبەن، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کێشەکان قوڵتر بکەنەوە، بەڵام تەنھا کێشەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دیموکراتیزەکردن چارەسەر دەکرێن.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر – پاکتاوکار، کە دەستبەرداری عەقڵییەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوە نەبووە، بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و بۆ پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی کوردان ھێرش دەکاتە سەر ھەموو شوێنێک. لەو چوارچێوەیەدا ھێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و عێراق، دەیەوێت خۆی بە ئامانجەکانی میساقی – میللی بگەیەنێت. دەوڵەتی تورک چەندین ناوچەی باشووری کوردستانی داگیرکردووە. دەیەوێت ئەم داگیرکارییە قوڵتر بکات، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی کوردستان و پاکتاوکردن و سڕینەوەی کوردە، دەیەوێت بۆ گەیشتن بەسنورەکانی میساقی - میللی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. ھێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە بنچینەدا ھێرشکردنە سەر سەروەری و یەکپارچەیی دیموکراتیکی عێراق و باشووری کوردستانە. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد بۆ پاراستنی گەلی کوردستان و بەدیھێنانی ئازادی لە دژی ئەم ھێزە داگیرکەر و چەوسێنەرە لە تێکۆشانداین. چاوەڕوانیی ئێمە و گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرۆک کۆماری عێراق و ھەروەھا لە بەڕێوەبەرانی عێراق ئەوەیە، کە لە دژی سیاسەتی نیو – عوسمانی (عوسمانیی نوێ)ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، کە دەیەوێت گەلی ناوچەکە سەرکوت و ملکەچ بکات، ھەڵوێست نیشان بدەن و لە دژی بوەستنەوە.



