تەندروستی گەرمیان لەبارەی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیان
کوردسات نیوز
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا ھیچ بڵاوبوونەوەیەکی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بەشێوەی پەتا و شەپۆل لەسنوری گەرمیان بوونی نییە، ئەوەی ھەیە حاڵەتە کە لە زانستی پزیشکیی و پەتازانیدا ئاستەکەی ئاساییە و نەگەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار.
راشیگەیاندووە، بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشخانەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ ھەر حاڵەتێکی جیاواز، تاوەکو دانیشتوانی سنورەکە دڵنیایی پێویستیان ھەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان داواشی لە ھاووڵاتیانی سنورەکە کردووە، لەکاتی ھەر نیشانەیەکی نەخۆشیەکە و ناڕەحەتییەکی منداڵەکانیان، سەردانی پزیشکانی مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان بکەن بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەری پێویست تەنانەت ئەگەر حاڵەت و نەخۆشییەکانیش سادەبن، بەپێچەوانەوە بەھیچ شێوەیەک بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەر پەنا بۆ ھیچ دەرمانخانە و نۆرینگەیەکی خاوەن پیشەی دیکە نەبرێت کە لەلایەن پزیشکانەوە بەڕێوەنابرێن.
تائێستا لە نەخۆشخانەی قەڵا چوار حاڵەتی تووشبوون بە ھەوکردنی مێشک تۆمارکراوە و سێ بۆ چوار حاڵەتی گومانلێکراوی دیکەش ھەیە.