سەمیر ھەورامی: داوا لە وەزیری دارایی دەکەین لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بکات
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣
سەمیر ھەورامی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز باسی لە پرسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کێشەی مووچە لە سنوری سلێمانی کرد و رایگەیاند، با کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەربکرێت پاشان باسی گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی دەکەن، وتیشی داوایانکردووە پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
سەمیر ھەورامی ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٢ ملیار دینار کورتھێنانی ھەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، جەختیشیکردەوە، داواکارییەکانی یەکێتی گشتیین کە سەرەکیترینیان پرسی مووچەیە و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان مووچە بکرێت بە سەروەری و ناکرێت لە شارێک دابەشبکرێت و لە شارێک دابەشنەکرێت.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، گرفتی کەمی داھات لە سلێمانی ھەیە و تەنھا مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان نەوەستاوە، بەڵکو مووچەی وەزارەتەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە لە سلێمانی دابەشنەکراوە.
رونیشیکردەوە، یەکەی حیسابیی مووچەی پێشمەرگەی گوڵان و ئەیلوول لە ھەولێرە، دەزانن کێشە و گرفت ھەیە، بۆیە بەداخەوە لەبری ئەوەی پێشەکی بودجەکەیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی دابەشبکرێت، دەوەستن تاوەکو کێشە دروستدەبێت، ئەوانیش بڕیارێکی نایاسایی دەدەن بە راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی کە ئەوە بەراستی جێگەی تێڕامانە و دەبێت خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی ھەڵوێست وەربگرن و لەسەر راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بکەن.