ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەیەک لە ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین ئاماژە ھەن کە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای مانگێک لە راگرتنی لە بەندەری جەیھانی تورکیاوە. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی داھاتی نەوت خراپ بووە، دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتووە، حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەی سۆمۆ بەنیازن لە سەرەتای مانگی ئایار ھەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وادەیە ھیچ گرەنتییەکی لەسەر نییە.

رۆیتەرز راشیگەیاندووە، تورکیا ھەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات سەبارەت بەبڕی ١.٥ ملیار دۆلار، کە دەبێت وەک قەرەبوو بیداتەوە، بەڵام عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەرنابڕێت و ئەوەش تورکیای نیگەرانکردووە، تورکیا دەشیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە، ھەموو ئەو بابەتەتانەی پەیوەندییان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس یەکلانەبوونەتەوە، یەکلابکاتەوە.

رۆیتەرز لە سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وتویەتی، تورکیا دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، بابەتی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دوابخات.