رێکخراوی رونبین بۆ شەفافیەت لە بواری نەوت رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی بەرھەمھێنان لە زۆربەی کێلگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان وەستاوە، ھەموو ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم کار دەکەن زۆربەی کارمەندەکانیان ناردوەتە ماڵەوە و بەشێکی کەم لە کارمەندەکانیان لە ئامادەباشیدا ھێشتووتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ئێستادا دەستیان بەبەرھەم ھێنانیش کردووەتەوە، دەستبەرداری زۆربەی کارمەندەکانیان بووە و بەشێکی تری کارمەندەکانیان بۆ کاتێکی نادیار ناردوەتەوە ماڵەوەو چەند کارمەند و ئەندازیارێکی کەم لە کێڵگەکاندا ماونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی روونبین، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا نەوت بەرھەم دەھێنن لەماوەی رابردوودا نەوتیان بە ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕ دەفرۆشت بە بازاڕی ناوخۆ، بەڵام لەمانگی حوزەیرانەوە داشکاندنەکە زیاتر بووە و ئێستا بە ٤٠ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕی جیھانی نەوت دەدرێت بەبازاڕی ناوخۆ.
لە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە ٢٥ی ئادارەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا راگیراوە و سەرەڕای رێککەوتنی ھەرێم و بەغداد لە چواری نیسان، ھێشتا ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەنراوە.
سەرچاوەیەک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، چوار کەس کە سیانیان ئەندامی دیموکرات بوون، ئێوارەی دوێنێ چونەتە گەشت و سەیران بۆ سەیرانگای ھەڵشۆ لە قەڵادزێ، بەڵام دوانیان کوژراون و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە ھەیە.
وتیشی، ئەو دوو کەسەی دیکە کە لەگەڵیان بوون یەکێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە، ئەوەی دیکەش ھەڵھاتووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان عادل رەسوڵ تەمەن ٣٣ ساڵ و لوقمان ئەمیر تەمەن ٢٥ ساڵە پێشتر پێشمەرگە بوون و دانیشتووی ھەولێر بوون، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستیپێکردووە.
تەرمی ھەردوو کوژراوەکە لەئێستادا گواستراونەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.
لای خۆیەوە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئێران بە رووداوەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو دوو ئەندامەیان بە پیلانێکی پێشتر داڕێژراو تەقەیان لێکراوە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە بەرامبەر بەو رووداوانە ھەڵوێست بنوێنن.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژئاوای سوریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ مانگی سوری کوردی تەرمی ١١ کۆچبەری وەرگرتەوە کە پێنجیی حوزەیرانی رابردوو بە ھیوای گەیشتن بە ئەوروپا لە کەناراوەکانی وڵاتی جەزائیر خنکابوون.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی جەزائیر، لوبنان، سوریا توانی تەرمی کۆچبەرەکان وەربگرێتەوە و رادەستی کەسوکارەکانیان بکاتەوە.
لە نەخۆشخانەی تەبقەی نیشتمانییەوە، تەرمی ھەشت لە کۆچبەرەکان بەرەو کۆبانێ و سیانیشیان و قامیشلۆ بەڕێکران تاکو لە زێدی خۆیان بەخاکبسپێردرێن.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لەسایلۆکانی ھەرێم بەردەوامە و تا ئەمرۆ ھەینی لە دھۆک زیاتر لە ١١٣ ھەزار تۆن، لە ھەولێر ١١٤ ھەزار تۆن، لە سلێمانی زیاتر لە ٢١٧ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێم لە ٢٧ی ئایارەوە دەستپێکردووە، حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە ئەمساڵ ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگرێت، نرخی ھەر تۆنێک گەنمیش بە ٨٥٠ ھەزار دینار دیاریکراوە
وەزارەتی گواستنەوە راشیگەیاندووە، کاریگەریی ئەم شەپۆلی گەرمایە تا ڕۆژی شەممە بەردەوامی دەبێت، پاشان پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتای دێت.
بە پێی پێشبینیەکان ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە و خێرای با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت کە (10 – 15) کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا.
بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی یەکی ئابی داھاتوو یەکەم دانیشتن سەبارەت بە سکاڵایەک لەسەر پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە بڕیاری ژمارە ٦١ی ٢١/٦/٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم سەبارەت بە بڕینی رێژەی ٢١%ی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان و سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و ھەروەھا لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە، ھەڵبوەشێنرێتەوە.
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، لەناو ئەو ١١ کۆچبەرەی گیانیان لەدەستداوە سێ منداڵیان لەناودایە و سەرجەمیان دانیشتووی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانن.
ئەوەشی خستووەتەڕو، رێکارەکانی گەڕاندنەوەیان تەواوبووە و ئەمڕۆ لەرێگەی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە بۆ سوریا دەگەڕێندرێنەوە، سوپاسی مانگی سوری لوبنان و سوریاش دەکات کە ھاوکاریانبوون لەو پرۆسەیەدا.
ئیدارەی خۆسەر ھۆشداری دەداتە گەنجان و ھاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان کە خۆیان لە کۆچی نایاسایی بپارێزن تا نەبنە قوربانی ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، داواشیان لێدەکات پلانی دوژمنان پوچەڵبکەنەوە کە دەیانەوێت ناوچەکە خاڵی بکەن لە وزە و توانای گەنجان.
بەڕێزان ھونەرمەند و ھونەردۆستانی کوردستان
بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو (جان تۆماس)
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی میوزیکژەن (جان تۆماس) نیگەران و دڵگران بووم.
(جان) ھونەرمەندێکی بەتوانا و بەئەزموون و بەھرەمەند بوو کارەکانی لەگەڵ تیپی موزیکی باواجی و خانزاد و سلێمانی و ھەولێردا جێگای بەرز نرخاندن و رێزن.
لەم بۆنە غەمناکەدا پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادەی کاکە جان و ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
دەقی روونکردنەوەکە...
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی یەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر شۆستەو شەقامەکانی شار دەخاتە بەردەم ڕایگشتی:
۱ـ سەرۆکایەتیمان لایەنێکی تایبەتمەندە بەپێی یاسا لەناو سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی و ھەڵدەستێت بە ڕێکخستن و لابردنی زیادەڕەوی و سەرپێچیەکان پاڵپشت بە یاسا و بڕیارەکان.
٢ـ ئەو ھەڵمەتەی سەرۆکایەتیمان پێی ھەستاوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی بووە لە پێناو ڕێگری کردن لە داگیرکردنی ماڵ و موڵکی دەوڵەت و پارێزگاری لە سیمای شارستانی شار و ڕێکخستنی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و دروست نەکردنی ئاستەنگی بۆیان و ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەیان بەشێوەیەکی ئاسایی.
٣- بە پێی ماددەی (٢٨ خاڵی ٣) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، دیاریکردنی چۆنیەتی بەکارھێنانی شۆستەو شەقامەکان و زەوییە بەتاڵەکان کە موڵکی شارەوانییە و ڕێکخستنی چۆنیەتی کارکردنی فرۆشیارە گەڕۆکەکان و فرۆشگاکان ئەرکی سەرۆکایەتی شارەوانییە.
٤- بە پێی ماددەی (٤ بڕگەی دووەم) لە یاسای (٣ ساڵی ٢٠١٨) یاسای ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی، لابردنی لەسەر موڵک و زەوی دەوڵەت، بەکارھێنانی گشتی یان بەشێکی لە شەقام و شۆستە و گۆڕەپان و باخچە بە شێوەیەکی کاتیی یان بەردەوام بۆ بەرژەوەندی تایبەت بە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان بە زیادەڕۆیی دادەنرێت بە پێی یاسای ئاماژە بۆکراو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٥- ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی ژمارە (١٠٧ لە ١١\٨\٢٠٢٢) سەبارەت بە ڕێگەنەدانی دروستکردنی کەپرو چەرداخ و جەمەلۆن لەبەردەم باڵەخانەو دوکانەکانیان، لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی کێشەی ھاتووچۆی ھاوڵاتیان و ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبێل.
٦- ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی ژمارە (٢٤٧ لە ٢٢\١٢\٢٠٢٢)، سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی شوێنکاری گشتی و میکانیزمی کارکردنی دوکاندارو خاوەن پیشە جیاوازەکان، دەبێت پابەندبن. بە ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەت و زیادەڕۆیی نەکەنە سەر شۆستەو شەقام کە موڵکی گشتییە.
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی
٦ ی ٧ ی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، دوای ئەوەی کوڕی نەقیب مەریوان ئەفسەر لەپۆلیسی کەرکوک، تاوانێک ئەنجام دەدات و بەرەو سلێمانی ھەڵدێت، خۆی رادەستی ھێزەئەمنییەکان ناکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای بەدواداچوون باوکی تاوانبارەکە بەھێزێکەوە لەبەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوکەوە دەچێتە سلێمانی و کوڕەکەی دەستگیردەکات، رادەستی یاسای دەکات.
ھاوکات پۆلیسی کەرکوک سوپاس و رێزی گەیاندە نەقیب مەریوان لەپای دڵسۆزی بۆ یاسا و پیشەکەی.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان بەردەوامە و بەرلە جەژنی قوربان وەفدی ھەردوولا گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کردووە.
وتیشی، لە دواین گفتوگۆکاندا، عێراق داوای لە لایەنی تورکی کردووە رێگەبدات وەفدێکی ھونەری عێراقی بەشداری لەو ھەڵسەنگاندنانەدا بکات کە کۆمپانیایەک وەک لایەنی سێیەم ئەنجامی دەدات بۆ پشکنینی ئەو زیانانەی کە تورکیا دەڵێت، بەھۆی بومەلەرزەوە بەر بۆرییەکە کەوتووە.
جەختیشیکردەوە، پێویستە عێراق بەشداربێت لە چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر بۆری ھاوبەشی ھەردوو وڵات کەوتووەو دووپاتیکردەوە، لایەنی عێراق پسپۆڕییەکی زۆری ھەیە لە بواری چاککردنەوەی بۆرییەکانی نەوت و توانییویەتی بە ئاستێکی بەرز ئەو بۆریانە چاکبکاتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
وەزیری نەوتی عێراق رونیشیکردەوە، ئەو بڕە نەوتەی ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرا دەگەیشتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ پڕکردنەوەی قەرەبووی راگرتنی ھەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، کاردەکەن بۆ زیادکردنی ئاستی ھەناردە لە رێگەی دەروازەکانی باشور.
حەسیبە عەبدوڵڵا ، لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتی رایگەیاند، ئەو پەلامارەی چەکدارانی پۆلیسی فیدراڵی بەپێشێلکردنێکی زەقی مافی هاوڵاتیبون دەزانین لەوڵاتێکدا کەبانگەشەی یاسا و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا دەکات.
دەقی راگەیەندراوەکەی لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتی:
پەلاماردانی گەنجێکی ئێزدی ریسواو مەحکوم دەکەین
لێدان و سوکایەتیکردن بەگەنجێکی ئێزدی ریسوا و مەحکوم دەکەین.
دوای ئەوەی لەبەردەم فەرمانگەی کارتی نیشتمانی شارۆچکەی گردعزێری سەربەقەزای بەعاج لەپارێزگای نەینەوا کەدەکەوێتە باشوری قەزای شەنگالەوە چەند پۆلیسێکی فیدراڵی پەلاماری هاوڵاتییەکی ئێزدیانداو سوکایەتییان بەرامبەری ئەنجامداوە، ئەو روداوە ئێمەی نیگەرانکردوە.
ئەو پەلامارەی چەکدارانی پۆلیسی فیدراڵی بەپێشێلکردنێکی زەقی مافی هاوڵاتیبون دەزانین لەوڵاتێکدا کەبانگەشەی یاسا و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا دەکات.
ئێمە لەبۆردی پێکهاتەکانی ی.ن.ک کەنوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوە جیاوازەکان لە کوردستان وناوچە جێناکۆکەکان دەکەین ئەو پەلامارە بۆ سەر هاوڵاتی(عێدان سەعدون موراد) ئیدانە و مەحکوم دەکەین.
ئەو جۆرە پەلامارانە تەنها و تەنها لەدەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان دەوەشێتەوەو پێچەوانەی کارنامەی حکومەتی عیراقە کەبانگەشەی ئازادی و ئاشتی و سەروەری یاسا دەکات.
سەرباری ئیدانە و مەحکومکردنی ئەو پەلامارە داواکارین لەخودی بەرێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو روداوە پێک بهێنێت و ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارە بدرێنە دادگا.
حەسیبە عەبدوڵڵا
لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی ی.ن.ک
5.7.2023
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی بردنی پارەی ھاووڵاتیان لەلایەن فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فەرمانبەرێکی خەزنەداریان کە لەناو فەرمانگەکە کاردەکات پارەی ھاووڵاتیانی بردووە، ھەربۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتە بەر و لەئێستادا فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە و دۆسیەکەی لە دادگایە.
ئاماژەی بەوەشداوە، مافی ھیچ ھاووڵاتییەکیش نافەوتێت و قەرزەکەیان بۆ دەسڕدرێتەوە.
ھاوکات کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بەو ژمێریارانەوە نییە کە لە کۆڵانەکاندا و لە بەردەم ماڵەکاندا پارەی کارەبا کۆدەکەنەوە و ئەوان کارمەندی متمانەپێکراون.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٢ی ئەفسەرانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت و فەرمانی وەزاریشی بۆ دەرچووە، کە ٣٧٤ ئەفسەری سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.
ھاوکات فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەن، بۆئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ وەک دیوانی وەزارەت، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەربچێت.
جەختی لەوەشکردەوە، کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ و نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٣ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت.
د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرکەوتنی گەورەترین پڕۆسەی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای راگەیاند و وتیشی، وەزارەتەکە بەوپەڕی شەفافیەت و بێلایەنی وردبینی لە داتاکان کردووە.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نۆی ئەمساڵ خولێکی دیکەی پڕۆسەی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکان دەستپێدەکات.
راشیگەیاند، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ئەگەر پێشکەشکاران ھەر تانەیەکیان ھەبێت، لە ماوەی پێنج رۆژی کارکردن دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین لە وێبسایتی رەسمی زانکۆکان، تانە تۆمار بکەن.
رۆژی ١٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە بەشداری نزیکەی ١٦ ھەزار خوێندکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە ١٤ زانکۆی حکومی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، لەکاتێکدا نزیکەی حەوت ھەزار کورسی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بەردەستە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ حکومیەکانی کردووە و دەست "کوردسات نیوز" کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە، تیمی دەستەی دەستپاکی ھەرێم، سەردانی زانکۆ حکومییەکان دەکەن بە مەبەستی بە دواداچون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و سیستمی خاڵبەندی لە نێوان پێشکەشکاران و ئاستی پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان.
دەشڵێت، ئەو تیمەی دەستپاکی بەدواداچوون دەکەن بۆ پێداچونەوە بە پڕۆسەی تانەگرتن لەلایەن پێشکەشکارنی خوێندنی باڵا.