پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی دۆلای سەر بە قەزای سیمیل لە سنوری روباری خابوور کەسێکی تەمەن ١٥ ساڵ خنکاوە، لەلایەن تیمی بەرگری شارستانی زاخۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی داد کراوە.
وتیشی، ھەروەھا تەرمی کەسێکی دیکە لە گوندی باکرما لە رووباری خابوور دۆزراوەتەوە، کەسێکی دیکەش کە خەڵکی گوندی خلشی سەربە ناحیەی مسێریکە لە سیمیل تەرمەکەی لە رووباری خابوور دۆزراوەتەوە، لەھەمانکاتدا لەناو سەنتەری زاخۆ کەسێکی دیکەش لە رووباری خابوور خنکاوە و تائێستا لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بەناوی مۆفەق چەتۆ کە دانیشتووی گوندی جمەکەی ھەولێرە لە رووباری زێی گەورە خنکاو، تەرمەکەی لەلایەن تیمی غەواسی خەبات دەرھێندرایەوە.
بەپێی ئامارەکانیش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، ١٠ حاڵەتی خنکان لە رووباری خابیر لە سنوری زاخۆ تۆمارکراوە.
عەلی حەمە ساڵح، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پلانێکی مەترسیدار ھەیە بە زیادکردنی نرخی فرۆشتنی کارەبا، بەپێی ئەو پلانەش نەک کارەبا دەکرێت بە ٢٤ سەعات، بەڵکو دەتوانرێت ھەناردەی دەرەوەش بکرێت، چونکە خەڵک ناتوانێت بەکاربھێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر کیلۆواتێک کارەبا بە ١٨ دینار بوو، بۆ ٤٥٠ وەحدە، بەڵام ئێستا راستەوخۆ لە ١٨ دینارەوە لە ھەولێر زیادکراوە بۆ١٧٥ دینار، لە سلێمانیش زیادکراوە بۆ١٥٦دینار، بە پێی ئەو پلانەش ماڵێکی ئاسایی توانای ئەوەی نییە ٣٠٠ ھەزار دینار بدات بە کارەبا، ئەوەش لێکەوتەی خراپی دەبێت و بارگرانییەکی زۆر دروستدەکات، ئەو بابەتە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، چونکە داھاتی تاک ئەژمارنەکراوە.
عەلی حەمە ساڵح جەختی لەوەشکردەوە، حکومەت خۆی کارەبا لە وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بە ٣٠ سەنت کە دەکاتە ٤٨ دینار دەکڕێت، بەڵام بە ١٧٥ دینار بە ھاووڵاتیانی دەفرۆشێتەوە.
ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە جیاتی گوێگرتن لە نیگەرانی ناوخۆ و دەرەوە و ئازادکردنی زیندانیانی بادینان، دەسەڵاتی ھەرێم دیسان لە گێچەڵێکی دیکەی یاساییدا بەرامبەر زیندانیانی بادینان بە تایبەتی بەرامبەر شێروان شێروانی، دەیانەوێت لەسەر تۆمەتێکی بێبنەما سزای بدەن، کە ھیچ بەھایەکی یاسایی نییە و دەیان پێشلکاری ئەنجامدراون..
ئاماژەی بەوەشکردووە، دیاریکردنی پێنجشەممە بۆ دادگاییکردن، لەکاتێکدایە کە دادگاییەکانی چاکسازی لە ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەممە ئەنجامدەدرێت، ئەوەش دووبارە چەندین گومان دروستدەکات کە ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە دادگاییکردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە تۆمەتی پەنجەمۆرکردن لەبری ھاوڕێکانی بۆ ٢٠ی ئەم مانگە دوخرا، ھۆکاری داواخستنەکەش گەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی تایبەتی دادگاکە ئامادەنەبووە.
دەقی پرسەنامەکە...
خوشکی بەڕێزم ھەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان
بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو (سەبیحەخان)
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (سەبیحەخان) خێزانی سەرکردە و تێکۆشەری نەمر (جەبار فەرمان)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو (سەبیحەخان) خانمێکی قارەمان و لەخۆبردوو، ژنە پێشمەرگە و پشتیوانی گەورەی سەرکردەی کۆچکردوو جەبار فەرمان و ناوێکی دیاری نێو دنیای بەخشین و کاری مرۆیی و خزمەتکردن بوو بەتایبەت لەبواری پەروەردەی منداڵان و لەو پێناوەشدا جێدەستی دیارە.
لەم بۆنە غەمناکەدا پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پرسەنامەکە...
کەسوکار و خانەوادەی مام برایم حەمەلاو رواندزی
بۆ کۆچی دوایی مام برایم لە ناخی دڵمانەوە ھاوخەمیمان ئاراستەی بنەماڵەکەتان دەکەین.
مام برایمی تێکۆشەر دۆستی دێرینی خەباتی سەرۆک مام جەلال بوو لە نێو کۆڕی خەباتی رەوای گەلەکەماندا و کەسایەتییەکی دیاری دەڤەری رواندز بوو .
لە یەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە ھەشتی بەرین شاد بکات و سەبوری بە ئێوەی بەرێز ببەخشێت .
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک دەستیپێدەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەو سێ پارێزگایەی ھەرێمی کوردستان تاکو ١١ی ئاب بەردەوام دەبێت.
پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان لە رێگەی ١٧٣ ناوەندەوە بەڕێوەدەچێت و تیایدا تۆمارکردنی ناوی دەنگدەرانی نوێ، سڕینەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لەنێوان پارێزگاکان ئەنجامدەدرێت.
بە وتەی بەرپرسانی باڵای کۆمسیۆنەکە، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەقی پرسەنامەکە...
ھەڤاڵ بڵێسە جەبارفرمان ئەندامی سەرکردایەتی، خاتوو کڵپە و دەریا، بنەماڵەی شێرمحەمەد کەسایەتی ناسراوی خانەقین و گەرمەسێر
بەخەمێکی قوڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر خاتوو سەبیحەی ھاوسەری سەرکردەی کۆچکردوومان پێگەیشت و لەناخی دڵمانەوە ھاوخەمی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین
خاتوو سەبیحە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە بەخشش و تێکۆشان بوو، ھەر لە ڕێکخستنەکانی ناو شار و تا سەردەمی خەباتی شاخ، شانبەشانی سەرکردە جەبار فەرمانی ھاوسەری لە ریزی خەباتی پێشمەرگایەتی وەک تەوارێکی بەرزە فڕ تێکۆشاوە، لەدوای ڕاپەرینیش جگە لەئەرکی حزبی، لەکاری ڕێکخراوەیی مرۆڤ دۆستیدا لەناوچەکانی گەرمەسێر و سلێمانی جێگە دەستی دیار بوە و چەند پڕۆژەیەکی لانەی بێ سەرپەرشتانی کردۆتەوە.
جارێکی تر بۆ کۆچی دوایی خاتوو سەبیحەی ماندونەناس لە یەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەھەشت شاد بکات و سەبووری بە ئێوەش ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، تا رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاودەکاتەوە و بەوەش یاساکە دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت تانەی لە ١٢ بڕگەی یاسای بودجە داوە و ئەوەش کارێکی ئاساییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دایە، دادگای فیدراڵیش جێبەجێکردنی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی راگرتووە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا یەکلاییان دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە فەرمانێک، جێبەجێکردنی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی راگرت کە لەلایەن حکومەتەوە تانەیان لێدرابوو، ھیچ یەکێک لەو ماددانەش پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستان نییە.
دەقی پرسەنامەکە...
کۆچی دوایی خاتوو (سەبیحە شیر محەمەد) ژنە تێکۆشەری شاخ، ھاوسەری سەرکردەی کۆچکردوو کاک جەبار فەرمان و دایکی ھەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە دڵەوە نیگەرانی کردین.
خاتوو سەبیحە ژنێکی قارەمان و ھاوخەباتی کاک جەبار فەرمان بوو، لەھەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتدا، نموونەی ھەڵوێست و خۆڕاگری بوو.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەم. لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێز: خاتوو بڵێسە جەبار فەرمان
بەڕێزان: خانەوادەو کەسوکاری خاتوو سەبیحە شیر محەمەد
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ژنە تێکۆشەری شاخ و خێزانی سەرکردەو فەرماندەی تێکۆشەر کاک جەبار فەرمان خاتوو سەبیحە شیر محەمەد-ی دایکی بەڕێزتانم بیست، دڵگران و خەمباری کردم.
خاتوو سەبیحە ژنێکی تێکۆشەرو قارەمان، ھیلاک و ماندوو و کۆڵنەدەر بوو، ھاوشانی کاک جەبار فەرمانی سەرکردە لە رۆژانی سەختی خەبات لە شاخ و شار خەباتی دەکرد لەپێناو میللەتەکەمان، ژنێکی میھرەبان و خانەدان بوو، خزمەتی پێشمەرگەی دەکردو سەربەرزانە منداڵەکانی بە رۆحی کوردایەتی پەروەردە کرد.
بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەم ژنە تێکۆشەرو قارەمانە، دەزانم لەدەستدانی دایک قوڕسەو ئازاری زۆرە، بەڵام دەبێ بەھێز بن و وەک دایک و باوکتان قارەمان و کۆڵنەدەر بن، بۆ ئەم کۆستە گەورەیە ھاوبەشی خەمتانم، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
ھەڤاڵ بڵێسە جەبارفرمان ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک، خاتوو کڵپە و دەریا ، بنەماڵەی سەرکردە کاک جەبار فەرمان
بەخەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی خاتوو سەبیحەی ھاوسەری سەرکردەی کۆچکرد کاک جەبار فەرمانمان پێگەیشت و لە دڵەوە خەمباری کردین.
خاتوو سەبیحە لەھەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتدا، نموونەی ھەڵوێست و خۆڕاگری بوو و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەربەرزی و تێکۆشان بووە ھەم لەڕێکخستنەکانی ناو شار و تا سەردەمی خەباتی شاخ، ھەمیشە ھاوسەنگەری سەرکردە جەبارفەرمانی بووە، لەکاری ڕێکخراوەی و مرۆڤ دۆستیدا لەناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی جێگە دەستی دیار بوە و چەند پڕۆژەیەکی لانەی بێ سەرپەرشتان کردۆتەوە, جگە لەوە باخچەیەکی ساوایانی لە قەزای خانەقین.
باخچیەکی ساوایان و خوێندنگایەکی ١٢ پۆلی لەناحیەی ڕزگاری سەربەقەزای کەلار بەناوی رەوەند جەبار فەرمان کوڕە جوانەمەرگەکەی دروستکردووە، لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە و بۆ ئەم خەمە ھاوبەشی خەمتانم، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم ، لەیەزدانی گەورە داواکارم سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردووش جێگای بەھەشتی بەرین شاد بکات.
إنا للە وإنا إلیە راجعون
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ک
عەقید کاروان خۆشناو وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی داھاتوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی کورتانەمەوە وەرگیراوان لە پاسەوانی سنوور ئاگاداردەکاتەوە، واتە ناوەکان بە لیست بڵاوناکرێنەوە.
لای خۆیەوە، لیوا محەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم رێکارە ئیدارەییەکانی بۆ وەرگیراوان لە پاسەوانی سنوور تەواوکردووە و دەستبەکاربوونیان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە وەستاوە.
رۆژی شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆ دەرگای دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنور کردەوە و رایگەیاند، نزیکەی سێ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنور کە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دەگرێتەوە دادەمەزرێندرێن.
کۆمپانیای دیلۆیت، لە راپۆرتێکدا ئاماری بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و خەرجی و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کۆی بەرھەمی نەوت، ٣٦ ملیۆن و ٧٢٣ ھەزار و ٤٧٥ بەرمیل نەوت بووە، کە ٣٢ ملیۆن و ٣٠٧ ھەزار و ٣٨٢ بەرمیلی ھەناردەی دەرەوە کراوە، چوار ملیۆن و ٣٩ ھەزار و ٢٣٢ بەرمیلی بۆ پاڵاوتگەکان تەرخاکراوە، ھەروەھا ٣٧٦ ھەزار و ٨٦١ بەرمیلی لە ناوخۆدا فرۆشراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت ٦٧ دۆلار و ٦٣٩ سەنت بووە، کۆی داھاتی نەوتیش دوو ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٨٤ ھەزار و ٣٩٦ دۆلار بووە، داھاتی نەوتی ناوخۆش ٢٢ ملیۆن و ٩٨ ھەزار و ٤٥٦ دۆلار بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێکیش ٥٨ دۆلار و ٦٣٨ سەنت بووە.
ھەر بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ملیارێک و ٢٥٣ ملیۆن و ١٨٧ ھەزار و ٢٥٤ دۆلار بووە، بەوەش لە کۆی داھاتی نەوت تەنیا ٩٤٦ ملیۆن و ٤٩٧ ھەزار و ١٤٢ دۆلار بۆ حکومەتی ھەرێم ماوەتەوە کە بۆ مووچە تەرخانکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانیدا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێدانی پاسپۆرت بە سیستەمی کۆن لە سلێمانی رادەگێرێت، دەستدەکرێت بە پێدانی پاسپۆرتی ئەلەکترۆنی بەھاوڵاتیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەھۆی ئامادەکاری بۆ سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلەکترۆنی داوا لە ھاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەکەن رۆژی یەک شەممە و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی نەکەن بەمەبەستی مامەڵەی پاسپۆرت و وەرگرتنەوەی پاسپۆرت، چونکە پێدانی پاسپۆرت بە سیستەمی کۆن رادەگیرێت.
ئاشکراشیکرد، لەدوای ئەوە دەستدەکرێت بە پێدانی پاسپۆرت بە سیستەمی نوێی ئەلەکترۆنی، بۆ ئەو مەبەستەش ھاووڵاتیان دەتوانن رۆژانە سەردانی پێگەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بکەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ.
لەو دیدارەدا کە ئایدن ئۆستان نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان تیشکی خستەسەر ئامانجی سەردانەکەیان کەبۆ بەشداریکردن بو لەشازدەھەمین کۆنفرانسی یەکێتی زانایانی جیھانی "IAGS" لە شاری بەرشەلۆنە.
لەتەوەرێکی تری ئەودیدارە عەبدوڵا حاجی مەحمود، باسی لە قوربانیدان و نەھامەتیەکانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید کرد.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و رایگەیاند کە پەرلەمانی ھەرێمی کەتەلۆنیا پرسی جینۆسایدی کورد دەخاتە پێشینەی کارەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەسات و جینۆسایدانەی کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا ھاتووە بە زیندوویی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بمێننەوە، لەکۆتاییشدا تیشک خرایەسەر ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان ھەردوولا.