مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەنگدەرانی کورد دەکات
کوردسات نیوز
١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
دەنگدەرانی کوردستانی لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان
بۆ ئەم سەرکەوتنە مەزنەی گەلەکەمان و بەشداری پڕ جۆش و خرۆشتان، بەرۆحی بەرزی دیموکراتی و نیشتمانپەرەوەی بۆ سەرخستنی لیست و ھاوپەیمانیی و کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک، موسڵ، خانەقین و خورماتوو، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی دەنگدارانی بەوەفای کوردستانی و بەتایبەتی دەنگدەرانی سەوز دەکەین، ئەم ئەنجامە جێی شانازییە باشترین بەڵگە و بەرپەرچی کوردانەیە بۆ سەلماندنی ناسنامەی کوردستانی و دووپاتکردنەوەی ئەو راستییەی کە یەکێتی ھێزی جەماوەری کوردستانە و لەھەموو قۆناغەکان لەگەڵیاندایە و بەجێیان ناھێلێت، بە سیاسەت و خەبات، بەسەنگ و دەنگ شەری کوردستانی سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان دەکات.
پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە کە یەکێتیەکەی خۆتان ھێزی یەکەمی ناوچە دابڕاوەکانە بە تایبەتی لە کەرکوکی قودسی کوردستان .
ھەر پشت بە ھێز و ئیرادەی ئێوەش و بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال ئەنجومەنێکی کارای پارێزگا و ئیدارەیەکی خزمەتگوزار لە پێکھاتەکانی کەرکوک دروستدەکەین کە پارێزگارەکەی کورد و یەکێتی بێت.
جارێکی تر پیرۆزە و ھەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٩-١٢-٢٠٢٣